ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی ئەمەریکا ستایشی هێلی لەڤ دەکات
رووداو – هەولێر
نمایشکار و ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی ئامبێر رۆز، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ستایشی رۆڵی گۆرانیبێژ و هونەرمەندی کورد هێلی لەڤ دەکات و دەڵێت، ئەو هونەرمەندە کوردە بە میوزیک شەڕی داعش دەکات.
ئامبێر رۆز، زیاتر بە نمایشکار و دیزاینەری جلوبەرگ ناسراوە، هاوکات ئەکتەرەو لە جیهاندا ناوبانگی زۆری هەیە، ئامبێر رۆز لە ساڵانی رابردوو پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کانیێ وێست-ی هاوژینی ئێستای کیم کارداشیان هەبوو، ئێستاش بەبەردەوامی هەواڵ لە بارەی ژیانی تایبەتی و کارە هونەرییەکانی ئەو ئەستێرەیە لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاودەکرێتەوە.
ئامبێر رۆژ و کانیێ وێست
ئەو ئەستێرە ئەمەریکییە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، وێنەیەکی هێلی لەڤ-ی داناوەو نووسیویەتی، "گۆرانیبێژ هێلی لەڤ بە بەکارهێنانی میوزیکی پۆپی خۆی شەڕی داعش دەکات، ئەو بە گۆرانی شۆڕش زوڵمی داعش-ی پیشانداوە"، ئامبێر رۆز دەشڵێت، "پێم وایە کە چیدیکە هیچ کەسێک ناترسێت لە دوای بینینی زوڵم و ناحەقی زۆر و کوشتنی کەسانی بێ تاوان".
ئامبێر رۆز، لە ساڵی 1983 لە دایکبووە، ئەکتەر و نمایشکار و دیزاینەری جلوبەرگە، پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی ئەمەریکییە، لە ماوەی رابردوو بەهۆی بوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کانیێ وێست و دواتر جیابوونەوەیان بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی ئەمەریکا و جیهان، دواتر ژیانی هاوژینی لەگەڵ راپەری جیهانی ویز خەلیفە پێکهێناو خاوەنی منداڵێکە، ئێستاش رکابەرایەتی و شەڕی میدیایی بەردەوامی لەگەڵ کیم کارداشیان هەیە.
ئامبێر رۆز و ویز خەلیفە