لە ‌ئەنقەرە ناوەندێکی کولتووریی کوردی کرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە ‌ئەنقەرەی تورکیا دوای ماوەیەکی درێژ، کورد بۆ ریوڕەسمی کردنەوەی ناوەندێکی کولتووری و هونەریی کوردی کۆبوونەوە. ناوەندی کولتووریی ئەنادۆڵ وەک ناوەندێکی سەر بە ناوەندی کولتووریی میزۆپۆتامیا لە ئەنقەرە کرایەوە. 
 
ژمارەیەک منداڵای کورد، لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوندەکە لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی و بەشێک لە نوێنەرانی رێکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە بوون.
 
زەلال ئانگای، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندەکەیە و بۆ رووداو گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین، زۆر سەربەرزین. سەرەڕای هەموو ئەو زەخت و زۆردارییەی کە هەیە، دیسان توانیمان بە کارێکی باش و هاوبەش ناوەندەکەمان بکەینەوە".
 
رۆزەرین بالتاش، ئەندامێکی دیکەی ناوەندەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە زۆر بە جۆش و خرۆشین، چونکە لە 1992ـەوە تاوەکو ئێستا لێرە کاری ناوەندی کولتووریی میزۆپۆتامیا بەڕێوە نەچووبوو. ئێمە بە بەشداریی خەڵکی خۆمان کارە کولتووری و هونەرییەکانمان بەڕێوەدەبەین، هەر بۆیە زۆر بە پەرۆشین".
 
لە ئەنقەرە زۆربەی ناوەندە کوردییەکان دوای هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ـی تەممووز، بە بڕیارنامەی دۆخی نائاسایی داخرابوون. لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری و ئاساییبوونەوەی کەشی سیاسی، کورد جارێکی دیکە دەستیان بە کردنەوەی ناوەندەکانیان کردووەتەوە.
 
هونەرمەند نەورۆز سۆیلەمەز بە رووداوی راگەیاند: "کارێکی زۆر پیرۆزە. دەتوانین بڵێین کەمێک درەنگ کەوت، بەڵام هەنگاوێکی زۆر باشە. ئێمەش هەرچیمان لە دەستبێت، هاوکار دەبین".
 
ئاسمین کوردی، مامۆستای ناوەندەکەیە و بە رووداوی گوت: "من زۆر دڵخۆشم، چونکە دەتوانین لێرە کارێک بۆ زمان و کولتووری خۆمان بەڕێوەببەین".
 
ناوەندی کولتووریی ئەنادۆڵ وەک بەشێک لە ناوەندی کولتووریی میزۆپۆتامیا (NÇM) کراوەتەوە و لە رێوڕەسمی کردنەوەیدا باس لە تێکۆشان و ماندووبوونی کەسانی وەک موسا عەنتەر، ئیسماعیل بێشکچی و یەکەمین کادرەکانی ناوەندی کولتووریی میزۆپۆتامیا کرا.