لەنیا نورەدین بە چیرۆکی گوێدرێژێک رکابەری لە فێستیڤاڵی دەریای سوور دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لەنیا نورەدین، دەرهێنەری کورد، بە کورتەفیلمی (لە دەرەوەی ئەقڵدا - Beyond the Mind)، لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە شاری جەددەی سعودیە بەشدار دەبێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمەکاندا رکابەری بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.
 
لەنیا نورەدین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، چیرۆکی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی گێڕایەوە و گوتی: "ماوەی فیلمەکە 17 خولەکە و لە 2022ـەوە خەریکی نووسینی سیناریۆکەی بووم، بەڵام دواتر بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارەکانم راگرت. ساڵی 2023 بەم بیرۆکەیە بەشداریی پڕۆژەی 'نوهات'ـم کرد و توانیمان خەڵاتێکی پێنج هەزار دۆلاری بەدەستبهێنین. دواتر بە هاوکاریی هەندێک کەس و لایەنی دیکە، توانیمان تەواوی بودجەی پێویست کۆبکەینەوە و فیلمەکە بەرهەم بهێنین".
 
فیلمی (لە دەرەوەی ئەقڵدا) بەرهەمی 2024ـە و یەکەم پێشاندانی ناوخۆیی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو، چونکە پڕۆژەی 'نوهات' کە پاڵپشتیی سەرەکیی فیلمەکە بووە، پڕۆژەیەکی هاوبەشە لەنێوان پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی و فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک.
 
سەبارەت بە یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتی، لەنیا نورەدین گوتی: "ئێستا فیلمەکە لە قۆناخی بڵاوکردنەوەدایە لە ئاستی جیهاندا و یەکەم فێستیڤاڵ کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشان بدرێت، فێستیڤاڵی دەریای سوورە لە سعودیە، ئێستا یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانە، بۆیە بەشدارییکردن تێیدا هەنگاوێکی گرنگە".
 
چیرۆکی فیلمەکە
 
لەنیا نورەدین چیرۆکی فیلمەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "باس لە مێخەک دەکات  کە گوێدرێژێکی دڵسۆز و بەتوانایە لە گوندێک لەگەڵ خێزانێک دەژی، خاوەنەکەی بڕیار دەدات بەڕەڵڵای بکات، چونکە ماوەیەکە گوێڕایەڵ نییە. بۆیە لەسەر شاخێکی دوور و ترسناک مێخەک جێدەهێڵیت. مێخەک بەناو مەترسییەکاندا بە هیواوە بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و دەیەوێت دووبارە لەگەڵ خێزانەکە بژی؛ بۆ ئەمەش زۆر هەوڵدەدات، بەڵام ئەوان رەتی دەکەنە و پشتگوێی دەخەن. تا لە کۆتاییدا مێخەک بۆ چوونەوە لای ئەوان قوربانییەکی گەورە دەدات، ئەمەش چارەنووسی خراپتر دەکات".
 

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاری وێنەگرتندا سێ گۆدرێژ بەکارهێنراون و "یەکێک لە گۆدرێژەکان لە ژیانی راستەقینەی خۆیدا چیرۆکێکی هاوشێوەی هەبووە، بینەر لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکەدا هەستی پێدەکات".
 

کەمیی ژمارەی فیلمسازی ژن لە کوردستان و جیهاندا

بەشداریکردنی لەنیا نورەدین لەم رووداوە سینەماییەدا لە کاتێکدایە کە پرسی ئامادەیی ژنان لە بواری فیلمسازیدا یەکێکە لە باسە گەرمەکانی چالاکی و ناوەندە سینەماییەکان. ئەو دەرهێنەرە کوردە کە خەڵکی سلێمانییە، جەختی لەوە کردەوە، ژمارەی ژنانی فیلمساز هێشتا کەمە و گوتی: "ئەگەر بەراوردی ناوخۆش بکەین، هەست بەوە دەکەین ژمارەی ژنانی فیلمساز زۆر کەمە. ئەم بابەتە لە 2024 لە لە فێستیڤاڵی کاندا بە فراوانی باسی لێوەکرا. ئەمە ئەو راستییە دەردەخات کە پێویستە ژنان زیاتر پاڵپشتی بکرێن بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە".
 
بە بڕوای لەنیا نورەدین، جیاوازییەک لەنێوان دیدگەی ژن و پیاودا هەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و گوتی: "ئەمە پەیوەندیی بە باشی و خراپییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە بوونی تێڕوانینی جیاوازەوە هەیە لە سینەمادا. دنیاکە ئێستا زیاتر پیاوانەیە، یان ئەوان زووتر دەستیان پێکردووە، بۆیە ژمارەیان زیاترە".
 

لەگەڵ ئەوەشدا، رەتیکردەوە، داوای مامەڵەیەکی تایبەت بکات تەنیا لەبەرئەوەی ژنە و گوتی: "هیچ کاتێک پێم خۆش نییە لەبەرئەوەی ژنم، بەرهەمەکەم بە باشتر سەیر بکرێت، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ژنێک چەندە قورستر توانیویەتی بگاتە ئەم بوارە. لە هەمانکاتدا، پێویست ناکات لەبەر ژنبوون کۆمەڵێک شتم پێبدرێت کە شایەنی نەبم. بڕوام بە کاری پێکەوەیی هەیە".
 
لەبارەی کاری فیلمسازی بۆ ژنان لە باشووری کوردستانیش، گوتی: "نازانم ئەگەر ژنێک فیلمێکی درێژی دروست کردبێت، زۆربەیان لە کورتەفیلمدا دەمێننەوە و دواتر دووردەکەونەوە. خۆم ئێستا خەریکی نووسینی پڕۆژەی فیلمێکی درێژم و حەز دەکەم ژنانی دیکەش ئەم هەنگاوە بنێن".
 

فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور و گرنگیدان بە دەرهێنەرانی ژنان
 
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، لە 4 تا 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری جەددە بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە گرنگییەکی زۆری بە بەشداریی ژنان داوە؛ لە کۆی 11 کورتەفیلم کە لەنێو زیاتر لە 840 بەرهەمدا هەڵبژێردراون، هەشت فیلمیان لەلایەن ژنانەوە دەرهێنراون. ئەمەش رەنگدانەوەی هەوڵەکانی فێستیڤاڵەکەیە بۆ پشتگیریکردنی ژنانی دەرهێنەر لە پیشەسازیی سینەمادا.
 

تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ فێستیڤاڵەکەدا هەیە و لە دوو خولی رابردوودا رووماڵی تایبەتی بۆ کردووە. پێشتر بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، کە رووداو هاوبەش بوو لە بەرهەمهێنانیدا، لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوو. هەروەها لە خولی چوارەمدا، هەڵکەوت مستەفا پڕۆژەیەکی نوێی بەڵگەفیلمی بەناوی (فارووق) راگەیاند، کە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە.