کوڕەکەی جاکسن براون لە تەمەنی 52 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد


رووداو دیجیتاڵ

جاکسن براون، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەنێوبانگی ئەمریکی رایگەیاند، ئیسان براونـی کوڕی کە مۆدێل، ئەکتەر و میوزیکژەن بوو، لە تەمەنی 52 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لە هەژماری فەرمیی جاکسن براون لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی ئەمریکا، ئیسان براون لە ماڵەکەی خۆیدا بە بێهۆشی دۆزراوەتەوە، دواتر دەرکەوتووە گیانی لەدەستداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە خەمێکی قووڵەوە رایدەگەیێنین، ئیسان براون، کوڕی جاکسن براون و فیلیس مەیجەر کۆچی دوایی کردووە". ماڵباتەکەی داوای رێزگرتن لە تایبەتمەندییان دەکەن لەم کاتە سەختەدا و ئاماژەیان بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هۆکاری مردنەکەی دیار نییە.
 
ئیسان کاری نمایشکاریی جلوبەرگی بۆ دیزاینەرە بەنێوبانگەکان کردووە. هەروەها لە بواری نواندندا بەشداریی لە چەندین فیلمدا کردووە، دیارترینیان فیلمی (Hackers) لە 1995 کە ئەنجێلینا جۆلی رۆڵی تێدا گێڕاوە، هەروەها فیلمی (Raising Helen) لە 2004 و زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی (Birds of Prey).
 
ئیسان رێچکەی باوکی گرتەبەر و رووی لە دنیای میوزیک کرد؛ لەگەڵ کات کۆڵبێرت گرووپێکی دووقۆڵییان بەناوی (Alain Zane) دامەزراند و ساڵی 2022 یەکەم ئەلبوومی خۆیان بە ناوی (Right Before Your Eyes) بڵاوکردەوە.
 
ئیسان لە 2ـی تشرینی دووەمی 1973 لەدایکبووە. کاتێک تەمەنی تەنیا شەش مانگ بوو، وێنەکەی لەگەڵ باوکی لەسەر بەرگی گۆڤاری بەنێوبانگی (Rolling Stone) بڵاوکرایەوە.
 
دایکی ئیسان (فیلیس مەیجەر) و جاکسن براون تەنیا چوار مانگ بوو ژیانی هاوژینییان کردبوو، کاتێک لە ئاداری 1976 دایکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا؛ ئەوکات ئیسان تەمەنی تەنیا دوو ساڵ بوو.
 

جاکسن براون ساڵی 2021 لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە سەختییەکانی بەخێوکردنی کوڕەکەی بەتەنیا کردبوو و گوتبووی: "هەڵەکانم وەکو باوکێک هێشتا لەگەڵمدان و زۆرجار بیریان لێ دەکەمەوە. مرۆڤ بەردەوام هەوڵ دەدات، بەڵام هەندێکجار بەهۆی سەرقاڵی یان متمانەبەخۆبوونی زۆرەوە گوێ لە ئامۆژگارییەکان ناگرێت".
 
جاکسن براون کە براوەی چەندین خەڵاتی گرامییە و ناوی لە لیستی هۆڵی ناودارانی رۆک ئاند رۆڵدا تۆمار کراوە، کوڕێکی دیکەی بەناوی رایان هەیە.