دووەم تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی ئاڕاستەی تایلەر پێری دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەکتەرێکی دیکە بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" سکاڵای یاسایی دژی تایلەر پێری، ئەکتەر، دەرهێنەر و ملیاردێری ناسراوی هۆڵیوود تۆمارکرد و داوای 77 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکات.
 
ماریۆ رۆدریگیز، ئەو ئەکتەرەی لە فیلمی (Boo! A Madea Halloween)ـدا بەشداربووە، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا سکاڵاکەی تۆمارکرد.ئەمەش دووەم سکاڵای هاوشێوەیە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دژی ئەو سینەماکارە تۆمار دەکرێت، تێیدا پێری بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە "پێگەی خۆی لە هۆڵیوود بۆ دەستدرێژی و فشار خستنە سەر ئەکتەران بەکارهێناوە".
 
رۆدریگیز لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تایلەر پێری لە ماڵەکەی خۆیدا لە لۆس ئەنجلس چەندین جار هەوڵی "نزیکبوونەوەی سێکسیی نەخوازراو"ـی لەگەڵدا داوە و دەستدرێژیی کردووەتە سەری. جگە لە پێری، ئەکتەرەکە سکاڵای لەسەر کۆمپانیای (لایۆنزگەیت)ـیش تۆمارکردووە، کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لەئەستۆ بووە، بەو تۆمەتەی کە "چاوی لە ئاست رەفتارە نەشیاوەکانی پێری نوقاندووە".
 
بەگوێرەی دەقی سکاڵاکە، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کەسە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکردووە، کاتێک راهێنەرێکی وەرزشی لە لۆس ئەنجلس بە رۆدریگیزی گوتووە کە تایلەر پێری ژمارەکەی ئەوی دەوێت بۆ ئەوەی رۆڵێکی نواندنی پێبدات. رۆدریگیز دەڵێت، دوای ئەوەی بۆ فیلمەکە دەستنیشانکراوە، پێری بانگهێشتی ماڵەکەی کردووە و لەوێ لە کاتی بینینی فیلمدا "بە شێوەیەکی نەشیاو دەستی بۆ بردووە".
 
لە سکاڵاکەدا باس لەوەش کراوە کە لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019، چەندین جار رووداوی هاوشێوە دووبارە بوونەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تایلەر پێری لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بڕی پێنج هەزار دۆلاری داوەتە رۆدریگیز.
 
پارێزەرەکەی تایلەر پێری لە راگەیێندراوێکدا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە. هەروەها کۆمپانیای لایۆنزگەیت تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.
 

سکاڵاکە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، ئەکتەرێکی دیکە بە ناوی دێریک دیکسن، سکاڵایەکی هاوشێوەی دژی پێری تۆمارکرد و تۆمەتباری کرد بەوەی لە کاتی کارکردن لە زنجیرەدراماکانی (The Oval) و (Ruthless) دەستدرێژیی کردووەتە سەر.
 
ماریۆ رۆدریگیز دەڵێت، دوای ئەوەی هەواڵی سکاڵاکەی دێریک دیکسنی بیستووە، بڕیاریداوە ئەویش بێتە دەنگ و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەرهێنەرە تۆمار بکات. پێری کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی کەرتی کاتبەسەربردن لە ئەمریکا، ئێستا لەبەردەم دوو دۆسییەی یاسایی قورسدایە کە پەیوەستن بە رەفتاری سێکسی و خراپ بەکارهێنانی پێکەی خۆی لە جیهانی بەرهەمهێنانی سینەماییدا.