ئاداری ئەمساڵ لەیدی گاگا حەوتەمین ئەلبوومی بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لەیدی گاگا، گۆرانیبێژی ئەمریکی، حەوتەمین ئەلبوومی ستۆدیۆی بەناوی "Mayhem"، لە 7ـی ئاداری 2025 بڵاودەکاتەوە.
 
ئەلبوومەکە 14 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت، تێیدا گۆرانیبێژ توانای دەنگ و ئەزموونی چەند ساڵەی لە گۆرانیگوتندا بە رەنگ و شێوازی جیاواز، دەخاتەڕوو.
 
بڕیارە بەر لە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە، گاگا گۆرانیی "Mayhem" کە هەڵگری ناونیشانی ئەلبوومەکەیە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی بڵاوبکاتەوە.
 
لەیدی گاگا، براوەی خەڵاتی گرامییە، لە 2024 دوایین ئەلبوومی بەناوی "Harlequin" بڵاوکردەوە و لە ریزبەندی بیستەمی لیستی "Billboard 200"ـدا هاتووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە گاگا، رۆژی پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025 بەشداری لە رێوڕيسمی "FireAid" بکات بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکانی لۆس ئەنجلس زەرەرمەندبوونە، تێیدا ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە بەشدار دەبن، لەوانەش بێڵی ئایڵش و ئۆلیڤیا رۆدریگۆ.
 
لەیدی گاگا، لە 28ـی ئاداری 1986 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەرە، لە تەمەنی نەوجوانییەوە گۆرانیی گوتووە و لە بەرهەمە شانۆییەکانی قوتابخانە رۆڵی گێڕاوە، یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆی بەناوی "The Fame" بڵاوکردووەتەوە. 
 
زیاتر لە 170 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون. براوەی یەک خەڵاتی ئۆسکار، 13 خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و 18 خەڵاتی ئێم تیڤیی ڤیدیۆکلیپە.
 
لە 2015 بۆ 2016 رۆڵی لە کورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "American Horror Story: Hotel"ـە گێڕاوە، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی بوو وەک ئەکتەر، لە 2018 لە فیلمی "A Star Is Born" رۆڵی سەرەکی گێڕا و بەهۆیەوە وەک ئەکتەر ناوبانگی پەیداکرد.
 
لە رێگەی گۆرانیی "Shallow" کە لە فیلمی "A Star Is Born" پێشکێشکرد، خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، دواتریش خەڵاتی بافتا، گۆڵدن گڵۆب و گرامی بەدەستهێنا، بەمەش بووە یەکەم هونەرمەندی ژن ئەو چوار خەڵاتە گرنگە لە یەک ساڵدا بەدەستبێنێت. لە فیلمەکانی دیکەی ئەو ئەکتەرە، "Love for Sale" و "House of Gucci" لە 2021.
 
گاگا چالاکی و کاری خێرخوازی بۆ هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی و مافی هاورەگەزخوازەکان ئەنجام دەدات. خاوەنی رێکخراوێکی قازانج نەویستە بەناوی "Born This Way" و گرنگی بە تەندروستیی گەنجان دەدات. لە 2019 براندێکی تایبەت بە جوانکاریی ژنان خستە بازاڕەوە کە پێکهاتەکانی رووەکین.