هەشت ساڵە گوللـەیەک لە سەریدایە و خەونی بە ئەستێرەبوونی کوشتووە

رووداو دیجیتاڵ

موتلو کایا، کچە گۆرانیبێژی کورد، کاتێک پێی خستە سەر شانۆی یەکێک لە بەناوبانگترین بەرنامەکانی بەهرەمەندان لە تورکیا، خەونی بە ئەستێرەبوونی هەبوو، بەڵام گوللـەی ئیرەیی خۆشەویستەکەی کۆتایی بەو خەونەکەی هێنا.
 
ڤەیسی ئارجان، خۆشەویستی موتلو کایا بووە، داوای لێکردووە بەشداری لە بەرنامە پێشبڕکێیەکە نەکات، بەڵام لەدوای بەشداربوونی چوار گوللـە بە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە دەنێت و گوللـەیەک بەر سەری دەکەوێت.
 
موتلو لەدوای ئەو رووداو یەک مانگ بێ هۆش دەبێت و لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت، گوللـەکە لەسەر دەرناهێندرێت؛ چونکە دەرهێنانی مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات، بەڵام مانەوەشی بەشێک لە جەستەی تووشی ئیفلیچبوون دەکات.
 
بە بڕیاری دادگا ڤەیسی ئارجان خەڵکی ئامادەی باکووری کوردستان کە ئەوکات تەمەنی 26 ساڵ بوو، بەهۆی ئەو تاوانەوە 15 ساڵ زیندانیکرا و ئەو دەڵێت، مەبەستی ئەو نەبووە موتلو بریندار بکات یان بیکوژێت و گوللـەکانی بە شێوەیەکی هەرەمەکی تەقاندووە. 
 
موتلو کایا، لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە بەرنامەی 'Sesi Çok Güzel' بەشداربوو کە کۆپی تورکیی بەرنامەی 'Britain’s Got Talent'ـی بەریتانییە و لەگەڵ گرووپی سیبەل جان، هونەرمەندی تورکدا بوو.
 
موتلو کایا، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەو ژوورەی ئەوی تێدایە وەک قەفەسێکە بۆ ئەو، بەڵام ئەو دەزانێت دەبێت بەردەوام بێت و تێبکۆشێت. گوتیشی: "دوای حەوت ساڵ هێرشکار لە زیندان ئازادکرا، لە تورکیا دادپەروەری نییە".
 
موتلو کایا، هەشت ساڵ دوای ئەو رووداوە دەرباز دەکات، بەڵام نە دەتوانێت وەک جاران گۆرانی بڵێتەوە و تەندروستی وەک جاران دەگەڕێتەوە کە بەهۆیەوە بەشێکی جەستەی ئیفلیج بووە.