فۆتۆگرافەرێکی کورد چیرۆکی ژنانی یەمەن دەباتە گەلەرییەکی بەناوبانگی بەریتانیا

رووداو دیجیتاڵ

بنار سەردار، فۆتۆگرافەرێکی کوردە، لە پێشانگەیەکەدا لە یەکێک لە بەناوبانگترین گەلەرییەکانی تایبەت بە وێنەی پۆرترێتی لە لەندەنی بەریتانیا، بە چیرۆکی ژنانی یەمەن بەشدار دەبێت.
 
بنار سەردار، بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکەی ساتەکانی ژیانی ژنانی یەمەنە لە کاردیف، کە یەمەنییەکان یەکەمین پەنابەر بوونە لە ویڵز. 
 
گوتیشی: "لە دوای ئەوەی مامۆستاکەم یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کاردیفی هەڵبژارد کاری فۆتۆگرافی تێدا بکەین، من ژنانی یەمەنم هەڵبژارد، هەرچەند بڵاوکردنەوەی چیرۆکی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجار شتێکی ئەستەم و ترسناکە". 
 
روونیشیکردەوە: "وێنەکان بەدواداچوون بۆ ململانێ شوناسییەکانیان دەکەن، رەگ و ریشەی قووڵی لە هەموو سات و کاتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا هەیە. رەنگی سوورم وەک هێمای خۆڕاگری و بوێری لە ژنانی یەمەندا بەکارهێناوە. ئەو رەنگە بوێر و زیندووە، نوێنەرایەتیی هێز و کۆڵنەدانی ژنان دەکات، بەڵام گرنگییەکی کولتووریشی هەیە، کە هێمای پەیوەندییەکی نەشکاوەیە بە خاکی یەمەنەوە، سەرەڕای خەباتیان".

 

پێشانگەکە ساڵانەیە و تایبەتە بە پۆرترێت، لە 16ـی ئایاری 2024 لە لەندەن کرایەوە، تاوەکو ئەیلوولی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. ئەمساڵ بەبۆنەی تێپەڕبوونی 200 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، پێشانگەی ساڵانەی کرایەوە.
 
لە رۆژی کردنەوەی پێشانگەکەدا، لەگەڵ پێنج خوێندکاردا لە پانێڵێک بەشداربووە، پێنج فێرخواز لەبارەی بەرهەمەکانیان دوان. فێرخوازەکان خوێندکاری چەند زانکۆیەکی بەریتانیا بوون.
 

ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە، بەشداری لە چەند پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی لە کوردستان، بەریتانیا، فەرەنسا، هۆڵندا، ئیتالیا، نەرویج، چیک، سلۆڤینیا، تورکیا و پاکستان کردووە. وێنەکانی لەلایەن چەندین دەزگای میدیایی جیهانی بڵاوکراونەتەوە، لەوانەش نیویۆرک تایمز و بی بی سی. پێشتر بە وێنەیەک لەبارەی خەتەنکردنی کچان، خەڵاتی برۆنزیی لە پێشبڕکێیەکی فۆتۆگرافیدا لە میسر وەرگرتووە.

 

گەلەریی پۆرترێتی نیشتمانی دەکەوێتە دڵی لەندەنەوە، لە 1856 لەلایەن فیلیپ هێنری ستانهۆپ، مێژوونووسی بەریتانی دامەزراوە، تایبەتە بە نمایشکردنی رووخساری ئەو کەسانەی مێژوو و کولتووری بەریتانیایان لە چوارچێوە داوە، لەوانە ئەندامانی ماڵباتی شاهانە، سیاسەتمەدار، هونەرمەندان و داهێنەران.
 
ئامانجی گەلەرییەکە پێشخستنی قەدرزانی و تێگەیشتنە لە وێنەکێشان لە هەموو میدیاکاندا، پاراستنی چیرۆک و دەستکەوتەکانی ئەو کەسانەیە کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە نێو کۆمەڵگەدا هەبووە.
 
گەلەرییەکە زیاتر لە 215 هەزار وێنەی پۆرترێتی پێنج سەدە لەخۆدەگرێت، جگە لە تابلۆی پۆرترێتی فۆتۆگرافی، تابلۆی شێوەکاری و پەیکەری پۆرترێتیشی تێدایە.