لە سلێمانی 'رووتبوونەوە' دەچێتەوە سەر تەختی شانۆ

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای نمایشکردنی شانۆگەریی "رووتبوونەوە" لە دەرهێنانی گۆران محەممەد، لە رۆژی جیهانی شانۆ لە سلێمانی، بڕیارە نمایشی دیکەی لەو شار بۆ بکرێتەوە.
 
گۆران محەممەد، دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆگەرییەکە، بە دیجیتاڵ میدیای رووداوی راگەیاند، لە دوای نمایشکردنی شانۆگەری "رووتبوونەوە" لە تەلاری هونەری سلێمانی، بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆ، بەهۆی ئەوە پێشوازییەی لێی کرا، بڕیاری دووبارە نمایشکردنی دراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا دووبارە سەرقاڵی راهێنانی بۆ دووبارە نمایشکردنەوەی شانۆگەرییەکە.
 
نمایشی شانۆگەرییەکە کاژێر 5ـی ئێوارەی شەممە 2ـی حوزەیرانی 2024 لە هۆڵی بەدیعە دارتاش، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی نمایش دەکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. ستافی ئەم بەرهەمە شانۆییە بەنیازبوون شانۆگەرییەکە لە 1 حوزەیران نمایش بکەن، بەڵام بۆ 2ـی مانگ دواخرا.
 
گۆران نامیق، ئەکتەری بەرهەمە شانۆییەکە، بە رووداوی راگەیاند، چیرۆکی نمایشەکە باس لەو رۆشنبیرانە دەکات کە لافی ئازادی و خۆشبەختی لێدەدەن، بەڵام کاتێک دیکتاتۆرێک دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەمامکی ئەو رۆشنبیرانە دەردەکەوێت، کە رۆشنبیری راستەقینە نین.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمە شانۆییەکە بەشێوەیەکی کۆمیدی پێشکێش دەکرێت و بینەران دەتوانن کاتێکی خۆشی لەگەڵ بەسەربەرن.
 
"رووتبوونەوە" لە نووسینی سلاڤۆمێر مرۆژکە، د. فازڵ جاف، شانۆکاری کورد وەریگێڕاوەتە کوردی و بەرهەمی بەڕێوبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییە.