ئوم کەلسووم دوای مردنیشی خەڵاتدەکرێت
رووداو- ئاژانسەکان
ئوم کەلسووم، خانمە گۆرانیبێژی میسری کە بە "کەوکەب ئەلشەرق" ناسراوە، هەرچەندە کە لە ژیاندابوو خەڵاتی زۆری پێبخشراوە و رێزی لێنراوە، لە داوی مردنیشی رێزلێنان لەو هونەرمەندە بەردەوامە.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی میوزیکی "زەوق مەکایل" لە وڵاتی لوبناندا، رێز لەو خانمە گۆرانیبێژە نرا و لە کۆنسێرتێکدا گۆرانییەکانی گوترانەوە.
کۆنسێرتەکە لەلایەن ئۆرکێسترای نیشتمانی لوبنانی و بە بەشداری سێ کچە گۆرانیبێژی میسری، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەڕێوەچوو.
ئوم کەلسووم، ناوی تەواوی فاتیمە ئیبراهیمە و لە30-12-1898ـدا لە پارێزگای دەقهەلیە لە دایکبووە، یەکەم کاری هونەریی کە سروودێکی ئایینی بووە، لە ساڵی 1916ـدا لە شەوێکی رەمەزاندا پێشکەشیکردووە.
جگە لەوەی وەک گۆرانیبێژیک لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا ناسراو بوو، لە بواری سینەماشدا لە چەند فیلمێکدا رۆڵیگێڕاوە، لەوانە فیلمی "سروودی هیوا"، "فاتیمە" و "ویداد".
ئوم کەلسووم، لە 3 -2-1975ـدا، لە تەمەنى 77 ساڵیدا کۆچی دواییکردو، کۆچکردنی ئەو خانمە گۆرانیبێژە لە راگەیاندنەکانی عەرەبی و جیهانیدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.