'The Fantastic Four' ریزبەندی یەکەم بە 'Superman' چۆڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی نوێی "The Fantastic Four: First Steps"، دەستپێکێکی بەهێزی لە بۆکس ئۆفیسدا تۆمارکرد، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا 118 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەستهێنا و لە ریزبەندی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی ئەو کیشوەرەدا هات.
لە رووی بەدەستهێنانی داهاتی زۆرەوە؛ ئەمە چوارەمین دەستپێکی گەورەی ئەمساڵە لە دوای فیلمەکانی "A Minecraft Movie"، "Lilo & Stitch" و "Superman". هەروەها گەورەترین دەستپێکی فیلمی مارڤڵە لە دوای فیلمی "Deadpool & Wolverine" کە هاوینی 2024 داهاتی یەکەم هەفتەی 211 ملیۆن دۆلار بوو.
فیلمەکە لە دەرهێنانی کیڤن فایگی و کۆمپانیای واڵت دیزنییە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، داهاتی 100 ملیۆن دۆلاری لە 52 وڵات بەدەستهێناوە، کۆی گشتیی داهاتی جیهانیی دەکاتە 218 ملیۆن دۆلار.
پێشاندانی فیلمەکە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە بەهێزترین فیلمەکانی ئەمساڵ لە سینەماکانی پێشاندەدرێت، ئەویش فیلمی نوێی "Superman"ـە کە بەرهەمی کۆمپانیای "دی سی"ـیە و سێ هەفتەیە لەسەر شاشەی سینەماکانە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئاستی جیهان کۆکردووەتەوە، داهاتی ئەم هەفتەیەشی 24.9 ملیۆن دۆلارە و لە ریزبەندی دووەمی بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکووردایە.
فیلمی "Jurassic World Rebirth" لە چوارەمین هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، بە 13 ملیۆن دۆلار ریزبەندی سێیەمی گرت.
لیستی 10 بەهێزترین فیلمی بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکوور بۆ ئەم هەفتەیە:
"The Fantastic Four: First Steps"، بە 118 ملیۆن دۆلار.
"Superman"، بە 24.9 ملیۆن دۆلار.
"Jurassic World Rebirth"، بە 13 ملیۆن دۆلار.
"F1: The Movie"، بە 6.2 ملیۆن دۆلار.
"Smurfs"، بە 5.4 ملیۆن دۆلار.
"I Know What You Did Last Summer"، بە 5.1 ملیۆن دۆلار.
"How to Train Your Dragon"، بە 2.8 ملیۆن دۆلار.
"Eddington"، بە 1.7 ملیۆن دۆلار.
"Saiyaara"، بە 1.3 ملیۆن دۆلار.
"Oh, Hi!"، بە 1.1 ملیۆن دۆلار.