لارا دزەیی دیزاینەکانی دەباتە بەناوبانگترین هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە گرنگترین سەکۆیەکانی فاشن لە جیهاندا، لارا دزەیی، دیزاینەری ناسراوی کورد، بە کۆمەڵە دیزاینێکی نوێوە بە ناوی (میلانی جادوویی - Milan Enchanted) بەشداریی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ بەهار و هاوینی 2026 کرد و چیرۆک و کولتووری کوردی پێشکێشی جیهان کرد.
لارا دزەیی، لە دوو هەڤپەیڤینی تایبەتدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو، لە میلان، وردەکاریی کۆمەڵە دیزاینەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئامانجی "درەوشاندنەوەی میلان بووە بە رەنگ و چیرۆکی کوردی". کۆمەڵە دیزاینەکەی کە کاری نۆ مانگی بەردەوامی لە پشتەوە بوو، لە 30 دیزاینی جیاواز پێکهاتبوو کە هەر یەکێکیان چیرۆکێکی لە مێژوو، کولتوور و هێما نەتەوەییەکانی کوردستانەوە دەگێڕایەوە.
نمایشەکە بە دیزاینێک دەستیپێکرد کە لەبارەی قەڵای دێرینی هەولێر بوو. لارا دزەیی، لەمبارەیەوە گوتی: "زۆر گرنگ بوو بە دیزاینێکی بەهێز دەستپێبکەم. قەڵای هەولێر هێمای خۆشەویستیی هەموومانە، بۆیە کردمانە ئاوێنەیەک و بە دیزاینێک کە نمایشکارێکی باڵابەرزی شکۆمەند لەبەری کردبوو و نمایشەکەمان پێ کردەوە".
دیزاینەکانی دیکە چیرۆکی جیاوازیان دەگێڕایەوە؛ لەوانە دیزاینێک بۆ نەورۆز کە وەک لارا باسی کرد، "شایی و سەمای نێوان مرۆڤ و سرووشت" بوو، هەروەها دیزاینی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، شاژن عەشتار، حەپسەخانی نەقیب و کولتووری کوردی ئێزدی تەرخان کرابوون. نمایشەکە بە دیزاینێکی بەهێز کۆتاییهات کە رەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لەخۆگرتبوو و بووە هۆی کاردانەوەیەکی گەورە لەنێو ئامادەبوواندا.
لارا ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەبووانی نمایشەکە کە لە میدیای جیهانی و میوانی بیانی لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئوسترالیا، سعودیە و دوبەی پێکهاتبوون، زۆر کاریگەر بوون، "هەستم کرد زۆریان لە خۆشیدا دەگریان، بەتایبەت کاتێک ئاڵای کوردستانیان بینی".
یەکێک لە دیزاینە کاریگەرەکانی کۆلێکشنەکە، دیزاینی "بێوەژن" بوو. لارا دزەیی گوتی ئەم دیزاینە رێزڵێنانە لە ژنانی کورد و بەتایبەت ئەو دایکانەی هاوژینەکانیان شەهید بوون و بە تەنیا منداڵەکانیان بەخێوکردووە. گوتیشی: "حەزم دەکرد وەک رێزڵێنانێک دیزاینێکی زۆر بەهێز و بەڕێزیان بۆ بکەم، چونکە ئەو فیداکارییەی ئەوان کردوویانە، بەس بۆ خودا دەبێت".
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان یەکێکە لە چوار هەفتە نمایشە سەرەکییەکەی جیهانە، شانبەشانی پاریس، لەندەن و نیویۆرک. بەشداریکردنی لارا دزەیی بە شێوەیەکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی رێکخەران، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناساندنی فاشنی کوردی و گەیاندنی پەیامی کولتووری لە رێگەی دیزاینەوە بە جیهان.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە 26 تاوەکو 29ـی ئەیلوول بەرێوەدەچێت و تایبەتە بە دیزاینەکانی بەهار و هاوینی 2026، تێیدا بەناوبانگترین دیزاینەر و براندەکانی جلوبەرگ لە جیهاندا، بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.