(هونەرگەها وڵات) بە چەند نمایشێک کۆتایی بە چالاکییەکانی کۆنفرانسی کوردناسی هێنا


رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی کوردناسی لە سلێمانی، ناوەندی هونەریی رۆژئاوای کوردستان (هونەرگەها وڵات)، بە چەند نمایشێکی هونەری ئامادەبووانی سەرسام کرد، تێیدا شیعری کوردی، میوزیکی رەسەن و سەمای هاوچەرخ بە رەهەندێکی جیهانییەوە ئاوێتەکران.
 
ئەو ناوەندە هونەرییە لە 2014 لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا توانیویەتی ببێتە یەکێک لە دیارترین ناوەندە کولتوورییەکان و بەرهەمەکانی دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە چوار پارچەی کوردستان هەیە.
 
خۆشمان قادۆ، شاعیر و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هونەرگەها وڵات، لە هەڤپەیڤینێکدا لە سلێمانی، لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری دیاری رووداو، رایگەیاند: "ئێمە 11 ساڵە درێژە بە کارەکانمان دەدەین و نەوەیەکی زۆر گەورەمان پێگەیاندووە. ئەم کارە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت کە یەکێک لە دامەزرێنەرەکانمان، شەهید وڵات، لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوو".
 
یەکێک لە هێنا زیندووەکانی ئەم گرووپە، رۆژدایە، کچێکی بەڕازیلییە کە وەک راهێنەر و دیزاینەری سەما (کۆریۆگرافەر) لەگەڵ گرووپەکە کار دەکات و کوردییەکی پاراو قسە دەکات. 
 
رۆژدا ناوی راستەقینەی ناتالیایە، چیرۆکی ناوی "رۆژدا"ـی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی: "کاتێک دەستم بە کاری هونەری کوردی کرد، پێیان گوتم ناتالیا ناوێکی کوردی نییە. منیش هەستم کرد رۆژ وەک رووناکی وایە، بۆیە ناوم لە خۆم نا رۆژدا".
 
رۆژدا، مامۆستای سەمایە و پسپۆڕی لە سەمای بالێی کلاسیک و سەمای هاوچەرخ هەیە، ئاشکرای کرد، بۆ دروستکردنی کۆریۆگرافی بۆ بەرهەمە کوردییەکان، لێکۆڵینەوەی قووڵ لەسەر میوزیک و ریتمی کوردی دەکات. ئەو دەڵێت: "ریتم زۆر گرنگە. من زۆر گوێ لە میوزیکەکە دەگرم و لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەکەم، چونکە ریتمی کوردی لە ریتمی بەڕازیلی جیاوازە، ئەمەش بۆ من سەختی خۆی هەیە، بەڵام چونکە حەزم لێیە، کارەکەم لە دڵەوە دەکەم".
 
راهێنەرە بەڕازیلییەکە، جلوبەرگێکی جوانی کوردی پۆشیبوو، ئاماژەی بەوە کرد، بەرگەگرتن کلیلی سەرکەوتنی بووە لە کارکردن لە کوردستان و گوتیشی: "بیری بەڕازیل دەکەم، چونکە وڵاتی منە، بەڵام تۆش کە کوردی، بیری کوردستان دەکەیت. ئێستا منیش کوردستانم هەیە".
 
کۆنسێرتی (هونەرگەها وڵات)، چالاکیی کۆتایی کۆنفرانسی کوردناسی بوو کە شەوی رابردوو 27ـی ئەیلوول بەڕێوەچوو و کۆنفرانسەکە بە بەشداریی ژمارەیەک کوردناس، زمانناس و لێکۆڵینڤان، لە زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی لە 25 تاوەکو 27ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەچوو. 
 
لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک چالاکیی رۆشنبیری و هونەری ئەنجامدران و تیشک خرایە سەر زمان، سیاسەت، کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی، بەرهەمەکەی هونەرگەها وڵاتیش وەک نموونەیەکی زیندووی ئەو دەوڵەمەندییە کولتوورییە نمایشکرا کە لە پانێڵە ئەکادیمییەکاندا باسکرابوو.