سێلێنا گۆمێز ژیانی هاوژینی پێکهێنا
رووداو دیجیتاڵ
سێلێنا گۆمێز، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی و بێنی بلانکۆ، بەرهەمهێنەری میوزیکی، رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوول 2025، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
سێلێنا گۆمێز لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام؛ وێنە و ڤیدیۆی رۆژی ئاهەنگەکەی بڵاوکردەوە و تەنیا نووسیویەتی "9.27.25". لە وێنەکاندا، هەوادارانی چاویان بە ساتە رۆمانسییەکانی ئاهەنگەکە دەکەوێت.
لە یەکێک لە وێنەکاندا، سێلێنا گوڵی بەدەستەوەیە، لە یەکێکی دیکەدا هاوژینە نوێیەکان باوەشیان بەیەکدا کردووە و لە ساتێکی دڵڕفێندا، بێنی سەری لەسەر قاچی سێلێنا داناوە و ئەویش بە بزەوە سەیری دەکات.
جلوبەرگی بووکێنی و زاوا لەلایەن براندی (Ralph Lauren)ـەوە بە تایبەتی دیزاین کراون. سێلێنا عەزییەکی بە گوڵ نەخشێنرای پۆشیبوو کە پشتی بە تەواوی رووت بوو، بلانکۆش قاتێکی رەشی کلاسیکی لەگەڵ بۆینباخ پۆشیبوو.
پێش ئاهەنگەکە، سێلێنا ئاهەنگی ماڵئاوایی لە سەڵتی لە کابۆ سان لوکاس لە مەکسیک گێڕا. ئەو چەند وێنەیەکی بە جلوبەرگی بووکێنییەوە بڵاوکردەوە.
هەرچەندە لیستی میوانەکان بە نهێنی مایەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، تایلەر سویفت رۆژێک پێش ئاهەنگەکە لە سانتا باربارا بینرابوو.
سێلێنا و بێنی لە کانوونی یەکەمی 2024ـدا دەستگیرانیی خۆیان راگەیاند و زیاتر لە ساڵێک بوو پەیوەندیی خۆشەویستییان هەبوو.