بۆ زنجیرەیەک گوندە کۆنەکانی ئینگلتەرا لە سڕبیا دروستکرانەوە


رووداو دیجیتاڵ

قەڵا و گوندەکانی ئینگلتەرای سەتەی دوازدەیەم، لە شارۆچکەیەکی بچووکی وڵاتی سڕبیا دروستکراونەتەوە، ئەمەش بۆ وێنەگرتنی زنجیرەیەکی نوێ لەبارەی کەسایەتیی ئەفسانەیی رۆبن هوود، کە کارەکانی لە ئایاری 2025 کۆتاییان پێهات.
 
زنجیرەکە لە 10 ئەڵقە پێکدێت و باس لە ژیانی چەتە بەناوبانگەکەی ئینگلتەرا دەکات کە "لە دەوڵەمەندەکانی دەدزی و دەیدا بە هەژاران". 
 
زنجیرەکە لەلایەن کۆمپانیای (Lionsgate Television) بەرهەمهاتووە و بڕیارە لە 2ـی تشرینی دووەمی 2025 پەخش بکرێت.
 
بەرهەمەکە گێڕانەوەیەکی مۆدێرنە بۆ ئەفسانە ناسراوەکە و بە "سەرکێشییەکی رۆمانسیی فراوان" ناسێندراوە. 
 
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، تێڕوانینێکی مێژووییانە پێشکێش دەکات سەبارەت بەوەی؛ چۆن رۆبن هوود لەدوای داگیرکاریی نۆرمانەکان بۆ سەر ئینگلتەرا، گەورە بوو و بووە پاڵەوانێکی یاخیبوو.
 
جۆناسان ئینگلیش، دەرهێنەر و نووسەری زنجیرەکە، هاندەرێکی سەرەکیی پڕۆژەکە بووە، لە هەڤپەڤینێکدا رایگەیاند: "ئێمە سەرەتای رۆبن هوود نیشان دەدەین، چیرۆکەکە لە منداڵییەوە دەستپێدەکەین".
 
ئینگلیش کە خۆی بە "هەوادارێکی گەورەی هەموو شتێکی سەدەکانی ناوەڕاست" دەزانێت، سەرسامیی خۆی بە ناوبانگە جیهانییەکەی رۆبن هوود نیشاندا و گوتی: "دەتوانیت لە شەقامەکانی بێلگراد کەسێکی بەتەمەن رابگریت و دەزانێت رۆبن هوود کێیە، هەروەها دەتوانیت گەنجێک لە شەقامەکانی پەکین رابگریت و ئەویش دەزانێت رۆبن هوود کێیە".
 
لەبارەی گرنگی بەرهەمەکە بۆ ئەو سەردەمە، روونیکردەوە، رەنگە ئەمڕۆ زیاتر لە 50 ساڵ یان تەنانەت 100 ساڵ لەمەوبەر گرنگتر بێت.
 
گوتیشی: "ئەمە چیرۆکێکە لەبارەی چینایەتی و ستەمکاریی رەهای ئەو چینە، باس لەو کەسانە دەکات کە پێیانوایە دەتوانن هەموو شتێکیان هەبێت، هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکەن و خاوەنی هەموو شتێک بن، لە کاتێکدا خەڵکی دیکە دەبێت پشتگوێ بخرێن".
 
چیرۆکی زنجیرەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی نێوان رۆبن و ماریان چڕ دەبێتەوە. رۆبن کوڕی کەسێکی ساکسۆنییە و ماریان کچی لۆردێکی نۆرمانییە، بەڵام ئەوان بەسەر جیاوازییەکاندا زاڵ دەبن و پێکەوە بۆ ئازادی و دژی نادادپەروەری دەجەنگن.
 
جاک پاتن، ئەکتەری ئوسترالی، رۆڵی رۆبن دەگێڕێت و لۆرن مەککوین رۆڵی ماریان بەرجەستە دەکات. 
 
جۆن گلێن، شۆڕەنەر و نووسەری زنجیرەکە، رایگەیاند، بەرهەمەکە تەنانەت بە پێوەرەکانی هۆڵیوودیش "گەورەیە" و بە سەتان کارمەند و ستافەوە لە چەندین شوێنی جیاوازدا وێنەی گیراوە. 
 
زنجیرە نوێیەکەی بەوە ناساند کە "لە رووی شێواز و تۆنەوە زۆر زیاتر لە زنجیرەی (پیکی بڵایندەرز) دەچێت"، بە بەراورد بە بەرهەمەکانی پێشوو.