بەشداری ئەکتەرێکی لایەنگری رووسیا لە زنجیرەیەکی ئەمریکیدا نیگەرانی ئۆکراینای لێدەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا، رەخنە لە تۆڕی 'ئێج بی ئۆ'ـی ئەمریکی دەگرێت، بەهۆی پێدانی رۆڵی سەرەکی بە میلۆش بیکۆڤیچ، ئەکتەری سڕبی لە وەرزی نوێی زنجیرەی 'The White Lotus' و ئەو ئەکتەرە بە لایەنگیریکردنی رووسیا تۆمەتبار دەکات.
 
لە 2021 ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەهۆی بەشداریکردنی ئەو ئەکتەرە لە کولتوور و هونەری رووسیادا، رێزی لێگرت و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی پێبەخشرا .
 
بیکۆڤیچ، لە 2019 رایگەیاندبوو، بەهۆکاری ئاسایشی نەتەوەیی، رێگەی نەدراوە بچێتە نێو خاکی ئۆکراینا.
 
لە هەژماری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا لە تۆڕی 'ئێکس'ـدا هاتووە: "میلۆش بیکۆڤیچ، ئەکتەری سڕبی کە لە سەرەتای هێرشەکەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان پاڵپشتی رووسیای کردووە، بڕیارە رۆڵی سەرەکی لە وەرزی سێیەمی زنجیرەی 'The White Lotus' لە تۆڕی 'ئێج بی ئۆ'ـدا بگێڕێت، بۆ ئەمەش، پرسیار ئەوەیە، گونجاوە کار لەگەڵ کەسێک بکرێت کە پاڵپشتی کۆمەڵکوژی بکات و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات؟".
 
'ئێج بی ئۆ' کە تۆڕێکی بەهێزی میدیایی ئەمریکییە و پلاتفۆڕمی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنی هەیە، لە هەمانکاتتدا فیلم و زنجیرە بەرهەمدێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا نەبووە.
 
بیکۆڤیچ، لە چەندین بەرهەمی رووسیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و باس لەوە دەکات کە بە "کولتووری رووسیا سەرسامە".
 
پووتین، لە 2018 خەڵاتی پۆشکینی بەو ئەکتەرە سڕبییە بەخشی کە بە گرنگترین خەڵات لە بواری رۆشنبیریدا لە رووسیا دەناسرێت.
 
لە دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی رووسی بە فەرمانی کۆماری لە 2021، بیکۆڤیچ رایگەیاندبوو: "شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ بڵێم: رووسیا وڵاتی منە"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو: "ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگەی رووسی بوومە".
 
وەرزی دووەمی 'The White Lotus' پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و هۆکار بوو بۆ بەرهەمهێنانی وەرزی سێیەمی، لە 2022 لە هەڵسەنگاندنێکدا بە بەشداری 19 رەخنگەری جیهانی، توانی 100٪ دەنگەکان وەک بەرهەمێکی باش بەدەستبێنێت.