کورتەفیلمی "دەنگهەڵات" خەڵاتی رێزلێنانی فێستیڤاڵی فیلمی ئەورووپای پێدەبەخشرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کورتەفیلمی "دەنگهەڵات" کە چیرۆکی گیران و ئەشکەنجەدانی دوو هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەورووپا خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.
 
کورتەفیلمەکە ساڵی 2023 لە هەولێر لەلایەن دەرهێنەری کورد، فریا یونسی بەرهەمهاتووە و چیرۆکی دوو قوربانی خۆپێشاندانەکانی ژینا ئەمینی دەگێڕێتەوە کە دەیانەوێت سروودێک دروستبکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن و لە زیندان، ئەشکەنجە دەدرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.
 
فریا یونسی، دەرهێنەری کورتەفیلمی "دەنگهەڵات" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا کورتەفیلمەکە لە چەند فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لە هۆڵەندا، سویسرا و ئەڵمانیا وەرگیراوە و بڕیارە لە مانگی پێنجەوە لە ئەورووپا نمایشبکرێت".
 
رۆژی شەممە 27ـی نیسان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەورووپا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە کورتەفیلمەکە و وەکو دەرهێنەرەکە گوتی، "ئەمڕۆ (دووشەممە) خەڵاتەکەیان رەوانەی هەولێر کردووە".
 
دەنگهەڵات لە سیناریۆ و دەرهێنانی فریا یونسییە. هەر یەک لە نیکوان قادری، دڵنیا وەیسی، ئەمیر سیڕاجەدین، دڵنیا لوتفی و هاوار فارس وەکو ئەکتەر رۆڵیان تێدا بینیوە. رێکخراوی "پێشڕەوانی بڕوا"ـی ئەمریکی سپۆنسەریی کردووە. هاوکات محەممەد ساڵح کەریم و کرمانج هۆشیار پرۆدیوسەری کورتە فیلمەکە بوون، هۆرێن یونسیش یاریدەدەری دەرهێنەر بووە.