خەڵاتەکانی فیستیڤاڵی کان دابەشکران

 
رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی 75ـەمین فیستیڤاڵی کان لە فەرەنسا دابەشکران و ئەکتەرێکی کۆری خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خانمە ئەکتەرێکی ئێرانییش خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری بردەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە 21 فیلم لە فیستیڤاڵەکەدا کێبڕکێیان لەسەر بردنەوەی خەڵاتی پالمادۆر دەکرد.
 
فیستیڤاڵی کان فیستیڤاڵێکی ساڵانەیە و ئەمساڵ لە 17ی ئایار دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام بوو و لە 28ی مانگیشدا کۆتاییهات. فیستیڤاڵەکە بە بەشداریی چوار هەزار رۆژنامەڤان و 230 هەزار کەس لە 89 وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو.
 
خەڵاتی پالمادۆر بەرزترین خەڵاتی فیستیڤاڵەکەیە و لە دوایین رۆژی فیستیڤاڵەکەدا دابەشدەکرێت و نرخەکەشی 20 هەزار یۆرۆیە. فیستیڤاڵی کان لە ساڵی 1946 بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو.
 
ئەمساڵ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو درایە سۆنگ کانگههۆی ئەکتەری کۆری بۆ فیلمی برۆکەر. فیلمەکە باس لە جێهێشتنی منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکات بۆئەوەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڵبگیرێنەوە. بڕیارە ئەم فیلمە لە 8ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاشەی سینەماکانی جیهان پیشانبدرێت.
 
خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر درایە زەهرا ئیبراهیمی، خانمە ئەکتەری ئێرانی بۆ فیلمی هۆلی سپایدەر. فیلمەکە لەلایەن عەلی عەباسی، دەرهێنەری ئێرانییەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لەسەر چیرۆکی راستەقینەی کەسێک بەرهەمهێندراوە کە لە ساڵەکانی 2000 و 2001 لە شاری مەشهەدی ئێران "سۆزانییەکانی" دەکوشت و لەو ماوەیەدا 16 ژنی کوشتووە. فیلمەکە باس لە رۆڵی کچە رۆژنامەڤانێک بەناوی 'رەحیمی' دەکات کە لێکۆڵینەوە لە زنجیرە تاوانەکانی ئەو بکوژە دەکات. بڕیارە فیلمەکە لە 13ی تەممووزی ئەمساڵ لە سینەماکانی جیهان پیشانبدرێت.
 
خەڵاتی باشترین تێکستی فیلم درایە تارق ساڵح، دەر‌هێنەری میسری - سوێدی بۆ فیلمی بۆی فرۆم هێڤن یانیش 'کوڕێک لە بەهەشتەوە'. فیلمەکە باس لە چیرۆکی کوڕێکی گەنج بەناوی ئادەم دەکات، کە دەیەوێت لە زانکۆی ئەزهەری میسر بخوێنێت بۆئەوەی ببێتە ئیمام. هاوکات فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر گەندەڵی، سیخوڕی و تاوانی کوشتن لە میسر. پێشتر تارق لە ساڵی 2017 فیلمێکی لەبارەی گەندەڵی لەنێو پۆلیسی میسر بەرهەمهێنا، بەڵام فیلمەکەی لەو وڵاتە قەدەخە کرا.
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر درایە دەرهێنەری کۆریای باشوور، پارک چان ووک بۆ فیلمی 'دیسیژن توو لیڤ' Decision to Leave؛ فیلمەکە باس لە لێکۆڵەرێک دەکات کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی تۆمەتبارێکەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانیدا بەدوایدا دەگەڕێت. بڕیارە لە 29ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە سینەماکانی کۆریای باشوور پیشانبدرێت.
 
خەڵاتی باشترین کورتە فیلم درایە فیلمی 'زە وۆتەر مێرمەرز' The Water Murmurs کە لەلایەن دەرهێنەری چینی، ژیانینگ چێن کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمەکە باس لە کاتێک دەکات کە تێیدا نەیزەکێک خۆی بە زەویدا دەکێشێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی بوورکان لەژێر دەریادا. دانیشتووانی ئەو شارۆچکە بچووکەی نەیزەکەکە بەریکەوتووە، ناچاردەبن ماڵەکانیان جێبهێڵن. فیلمەکە باس لە چیرۆکی خانمێک دەکات کە پێش ئەوەی شارۆچکەکەی جێبهێڵێت، ماڵئاوایی لە هاوڕێکانی منداڵیی دەکات و لەگەڵ هەر هەنگاوێکیدا کە شارەکەی جێدەهێڵێت بیرەوەرییەکانی دێنەوە یاد.