تایلۆر سویفت و ئەپڵ گەیشتنە رێککەوتن

رووداو- سکای نیوز

خانمە گۆرانیبێژی میوزیکی پۆپ، تایلۆر سویفت، لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ گەیشتە رێککەوتن، لەبارەی بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی خۆی لە خزمەتگوزاری "ئەپڵ میوزیک"ـدا.

"ئەپڵ میوزیک" خزمەتگوزارییەکی نوێیی بۆ بەکارهێنەرانی ئەپڵ و تایبەتە بە بیستنی بەرهەمی گۆرانیبێژان لەسەر ئامێرەکانی ئەم کۆمپانیایە، لە بەرامبەردا پێویستە هەر بەکارهێنەرێک مانگانە بڕی 9.9 دۆلاری ئەمەریکی بدات.

خزمەتگوزارییەکە کە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا دەکەوێتە کار، کێشەی لەنێوان ئەپڵ و گۆرانیبێژاندا دروستکرد، لەبەرئەوەی ئەپڵ دەیخواست لە قۆناخی تێستی ئەم خزمەتگۆزارییەدا کە بێ بەرامبەرە، هیچ پارەیێک بە گۆرانیبێژان نەدات، ئەمەش ناڕەزایەتی گۆرانیبێژانی لێکەوتەوە، بەتایبەتیش سوێفت کە ئامادەنەبوو ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی "1989" لەو خزمەتگوزارییەدا بڵاوبکاتەوە.

دوای ئەو هەڵوێست و ناڕەزایەتییەی گۆرانیبێژان، ئەپڵ رەزامەندی نیشاندا مافی ئەوان لە قۆناخی تێست و دوای ئەو قۆناخەشدا بپارێزێت.  

سوێفت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەردا نووسیویەتی، کە ئەلبوومی "1989" لەرێگەی خزمەتگوزاری "ئەپڵ میوزیک" بڵاودەکاتەوە.

گوتەبێژی کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان "دڵخۆشە" کە تەواوی بەرهەمەکانی سوێفت لەگەڵ 30 ملیۆن گۆرانی دیکەی گۆرانیبێژان لەو خزمەتگوزارییەدا بڵاودەکاتەوە.