کەیت وێنسڵێت لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ خەڵاتدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
کەیت وێنسڵێت، خانمە ئەکتەری سینەمایی بەریتانی و هۆلیوود کە براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار، بڕیارە خەڵاتێکی دیکە وەک رێزگرتنێک لە کارە سینەماییەکانی پێببەخشرێت.
 
رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، رایانگەیاند، لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە وێنسڵێت خەڵات دەکەن و خەڵاتی تریبۆتی پێدەبەخشن، وەک رێزگرتنێک لە مێژووی پڕ لە درەوشانەوە لە سینەمادا.
 
فێستیڤاڵی تۆرێنتۆ لە 10 بۆ 19 ئەیلوولی ئەمساڵ لە شاری تۆرێنتۆی کەنەدا سازدەکرێت و ئەمساڵ بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی سنووردار دەبن.
 
هەر بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ چەند بەشێکی فیستیڤاڵەکە سازناکرێن و بەشێک لە چالاکییەکانیشی لە ئینتەرنێت پەخشدەکرێن.
 
کەیت وێنسڵێت ساڵی 1975 لە بەریتانیا لە دایکبووە، لەرێگەی فیلمی سینەمایی "تایتانیک"ناوبانگی پەیداکرد و بووە ناوێکی درەوشاوە لە سینەمای هۆلیوود و جیهاندا. تائێستا لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی.
 
ئەو ئەکتەرە توانی ریکۆردی بچووکترین ئەکتەر تۆمار بکات کە پێنج جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر بکرێت و جگە لە فیلم، لە چەندین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و وەک گۆرانیبێژێک چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە.