چوار ساڵ بەسەر مردنی هونەرمەند سەباح هەورامی تێدەپەڕێت
رووداو – هەولێر
ئەمڕۆ، 29-ی نۆڤەمبەر چوار ساڵ بەسەرمردنی هونەرمەندی ناوچەی هەورامان سەباح هەورامی تێدەپەڕێت، کەسوکارەکەشی گلەیی ئەوە دەکەن کە بەهیچ جۆرێک یادی ئەو هونەرمەندە ناکرێتەوە.
سەباح هەورامی، هونەرمەند و فەرماندەی پێشمەرگە بووە، خاوەنی دەیان بەرهەمی گۆرانییەو بەرهەمەکانی زیاتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسرابوون، سەباح هەورامی دواین بەرهەمی کلیپکراوی بەناوی "سوبحەن بۆی گوڵان" بڵاوکردەوە.
سەباح هەورامی لە ساڵی 1963 لە هەورامان لەدایکبووە، خاوەنی 63 بەرهەمی تایبەتی خۆیبووەو بەرهەمەکانی لە 6 ئەلبومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، دەگوترێت یەکەم گۆرانیبێژی هەورامی بووە کە بە زاراوەی کورمانجی گۆرانی بڵێت، لە 29-ی نۆڤەمبەری 2012 کۆچی دواییکرد، بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی لە لایەن هونەرمەندانی گەنج گوتراوەتەوە.