جەعفەر پەناهی سەرقاڵی فیلمێکە لەبارەی جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
جەعفەر پەناهی، دەرهێنەری ناسراوی سینەمای ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا بۆ دەنگدەرانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، رایگەیاند، سەرقاڵی فیلمێکی نوێیە و ناوەڕۆکی لەبارەی جەنگە.
پەناهی باسی لە فیلمە نوێیەکەی بەناوی (It Was Just an Accident) کرد کە مشتومڕێکی زۆری هونەری و سیاسیی لێکەوتووەتەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکە لە دوایین خولی فێستیڤاڵی کان دا چڵەخورمای زێڕینی بەدەستهێناوە.
پەناهی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەر وڵاتێک جوگرافیای تایبەتی خۆی هەیە کە شێوازی ململانێکان دیاری دەکات، بەڵام سیستەمە دیکتاتۆرەکان لە هەموو جیهان بە شێوازێکی هاوشێوە رەفتار دەکەن".
گوتیشی، هونەرمەند لەناو کەشی سەرکوتکاریدا بەردەوام رێگەیەک بۆ "هەناسەدان، کارکردن و هەڵاتن لە گوشارەکان" دەدۆزێتەوە و داهێنان دەبێتە مەودایەکی بەرگریی کەسی.
سەبارەت بە دیاریکردنی فیلمەکەی بۆ نوێنەرایەتیکردنی فەرەنسا لە ئۆسکار لەبری ئێران، پەناهی گوتی: "ساڵانێکی درێژ تەنیا ئاواتم ئەوە بوو فیلمەکەم لە وڵاتەکەی خۆم نمایش بکرێت پێش ئەوەی بیر لە ئۆسکار بکەمەوە، بەڵام تووشی بەربەستی یاساکانی ئەکادیمیا بووم کە مەرجیان ئەوەیە فیلمەکە هەفتەیەک لە وڵاتی خۆی نمایش بکرێت، ئێرانش رێگە بەمە نادات".
پەناهی ئاشکرای کرد، کۆمپانیای (Sony Pictures) بە فەرمی داوای لە حکومەتی ئێران کردبوو رێگە بدەن فیلمی (Offside) تەنیا بۆ هەفتەیەک نمایش بکرێت تاوەکو مەرجەکانی ئۆسکار بیگرێتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران رەتیانکردەوە.
پەناهی یاساکانی ئۆسکاری بە "هەڵە" ناساند، چونکە ماف دەداتە حکومەتەکان دیاری بکەن کام فیلم بەربژێر بکرێت و پێشنیازی کرد "بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکان" لاببرێت و فیلمە بیانییەکان لەگەڵ سەرجەم فیلمەکان تێکەڵ بکرێن بۆ ئەوەی سەربەخۆیی هونەرمەند پارێزراو بێت.
سەبارەت بە ئاوێتەکردنی کۆمیدیا و رەخنەی سیاسی، پەناهی روونیکردەوە، ریالیزمی کۆمەڵایەتی پێویستی بەوەیە تەنانەت لە "جەرگەی خەمیشدا" ساتێک بۆ پێکەنین هەبێت.
لەبارەی دیمەنە بەناوبانگەکەی لێکۆڵینەوە کە 13 خولەک دەخایەنێت و بە یەک شۆت وێنەگیراوە، پەناهی گوتی: "ئەمە قورسترین شۆت بووە لە ژیانمدا کاری لەسەر بکەم". باسی لەوەش کرد، بیری لە "دادپەروەریی وێنەیی" کردووەتەوە و ویستوویەتی ئەو کارەکتەرەی بە درێژایی فیلمەکە دیار نییە، ساتێکی گرنگی پێ ببەخشێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هاوڕێیەکی بەناوی مەهدی مەحموودیان کە ساڵانێکی زۆر لە زیندان بووە، یارمەتیداوە بۆ ئەوەی هەست و رەفتاری لێکۆڵەرەکە بە دروستی بەرجەستە بکات.
پەناهی سەبارەت بە دیمەنەکانی ئەشکەنجەدان گوتی: "زۆربەی ئەو چیرۆکانەم لە زیندانییەکانەوە بیستووە یان بە ناڕاستەوخۆ ئەزموونم کردوون".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەتوانێت لە دەرەوەی وڵات کار بکات، پەناهی گوتی: "هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام داهێنان لە دەرەوەی وڵات پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵە لە شوێنەکە، گەشتەکانم ئەو مەعریفەیەیان پێ نەبەخشیووم، چونکە بەردەوام لە هوتێل و ژووری کۆنفرانسەکانم".
پەناهی ئاشکرای کرد، سەرقاڵی پڕۆژەی فیلمێکە لەبارەی جەنگ کە لە 2006ـەوە دەستی بە نووسینی کردووە و ئێستا بەهۆی ئەوەی "بۆنی جەنگ جیهانی پڕکردووە"، کاتەکەی بە گونجاو دەزانێت.