مەرایا کێری ساڵانە لە رێگەی گۆرانییەکی کریسمسەوە داهاتی زۆری دەست دەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

28 ساڵە گۆرانی 'All I Want For Christmas is You'ـی مەرایا کێری، گۆرانیبێژی ئەمریکی وەک یەکێک لە بەناوبانگرتین گۆرانییەکانی کریسمس دەناسرێت و بەهۆیەوە داهاتێکی زۆری بۆ ئەو گۆرانیبێژە هەیە.
 
ئەم بەرهەمە لە 1994 بڵاوکرایەوە و سێ جار لە لیستی 'Billboard Hot 100'ـدا هاتووە، ساڵانە لە رێگەی ئەم بەرهەمە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی بەدەست دێنێت. 
 
داهاتی ئەم بەرهەمە لە 2016 گەیشتە 60 ملیۆن دۆلار و پێشبینی دەکرێت کۆی داهاتی 72 ملیۆن دۆلار بێت.
 
مەریا کێری، لە 27ـی ئازاری 1969 لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی، بەرهەمهێنەر و ئەکتەرە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Mariah Carey' لە 1990 بڵاوکردەوە و  لە 1994 بە گۆرانی 'All I Want For Christmas is You' ناوبانگی پەیداکرد و بەهۆیەوە بە 'شاژنی کریسمس' ناسێندرا.
 
لە 1993 لە رێگەی ئەلبوومی گۆرانی ' Music Box' و لە 1995 لە رێگەی ئەلبوومی 'Daydream' ناوبانگی زیاتری پەیداکرد.
 
یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکانە لە جیهاندا و زیاتر لە 220 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون، لە 2008 وەک یەکێک لە سەت کاریگەرترین کەسایەتییە جیهانییەکان دەستنیشانکرا.
 
مەرایا کێری، براوەی پێنج خەڵاتی گرامی، 19 خەڵاتی میوزیکی جیهانی، 10 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی، 15 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و هەشت ژمارەی پێوانەییە لە کتێبی گینس.