خدر هارمۆنی بە بەرهەمێکی راپ رەخنە لە رەزیلەکان دەگرێت
ڕووداو دیجیتاڵ
خدر هارمۆنی، ئەو راپەرەی بە ستایلە جیاوازەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببووە ترێند، سێیەم ڤیدیۆکلیپی راپی خۆی بەناوی (رەزیل) بڵاوکردەوە، تێیدا بە شێوازێکی کۆمیدی و رەخنەئامێز باس لە رەزیلی دەکات.
خدر هارمۆنی، پێشتر بە راپێک لەبارەی مانگی رەمەزان ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، دواتر بەرهەمێکی دیکەی بەناوی (قلەکەم) بڵاوکردەوە. لە ڤیدیۆکلیپی (رەزیل) تیشک دەخاتە سەر ئەو کەسانەی پارە کۆدەکەنەوە و لە خواردن و پۆشاک و پێداویستییەکانی خێزان و منداڵەکانیانی خەرج ناکەن.
لەبارەی ئەم بەرهەمە نوێیەی، خدر هارمۆنی بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند: "بەرهەمی پێشوومان کە لە رەمەزاندا بوو تێچوویەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەی پلانەکانمان چڕتر و وردتر بوون و کارمان لەسەر بیرۆکەی جیاواز کرد، تێچوویەکی باشی هەبووە".
ئاماژەی بەوەش کرد، 2025 بۆ ئەو ساڵێکی پڕ لە کار بووە و بۆ 2026ـیش پلانی زۆر گەورەتری هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی جوانتر و کوالێتی بەرزتر پێشکێشی هەوادارانی بکات.
ڤیدیۆکلیپی (رەزیل) لەلایەن بەشار کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، زەمان سابیر پرۆدیوسەری کارەکە بووە. تێکست و چیرۆکی بەرهەمەکە لەلایەن خدر هارمۆنی خۆیەوە نووسراوە و ئاوازەکەی لە راپێکی ئاڕ کێلی وەرگیراوە.