ئەستێرەی نێوداران بەخشرایە چارلی ویڵسن
رووداو دیجیتاڵ
چارلی ویڵسن، گۆرانیبێژی ئەمریکیی ئار ئاند بی، ئەستێرەیەکی لە رێڕەوی نێوداران لە هۆلیوودی ئەمریکا پێبەخشرا و ژمارەیەک هونەرمەندی ناسراو لە رێوڕەسمی بەخشینی ئەستێرەکە ئامادەبوون.
ئەستێرەکە رۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2024 لە رێوڕەسمێکدا بەو هونەرمەندە بەخشرا و ژمارەیەک لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئەو هونەرمەندە ئامادەبوون، لەوانەش هەردوو راپەری ئەمریکی سنۆپ دۆگ و کانیێ وێست.
ویڵسن، ئەستێرەی ژمارە دوو هەزار و 770ـی پێبەخشرا و پێشتر ئەستێرەی دیکە بە کەسایەتییە نێودارەکانی هۆلیوود و جیهان بەخشراوە، بەتایبەتیش ئەستێرەکانی هونەر.
کانیێ وێست کە بە فەرمی ناوی بۆ 'یێ' گۆڕیوە، بە دەمامکێ رەش لە رێوڕەسمەکەدا دەرکەوت.
سنۆپ دۆگ لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: "ئەو پیاوە لێرە بۆ من واتە هەموو دنیا، نەوەک تەنیا لە رووی میوزیکییەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسییەتیش".
چارلی وێلسن، بەربژیری 13 خەڵاتی گرامییە و ئەندامی پێشووی گرووپی 'The Gap'ـە و لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، 30 ساڵ توانی خۆڕاگر بێت و لەو شەقامەی کە تێیدا رێزی لێنراوە، بێلانە بووە.
گوتیشی، دەیەوێت بۆ یەک سات بوەستێت و سوپاسی خودا بکات کە لەو گەشتە بێوێنەیە رێنیشاندەری بووە.
بەخشینی ئەستێرەیەک بەو گۆرانیبێژە ئار ئاند بییە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و تەمەنی بووە 71 ساڵ.