یەکەم ئەکتەری رەشپێستی براوەی ئۆسکار لە رۆڵی لاوەکیدا کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

لویس گاست جونیۆر، یەکەم ئەکتەری رەشپێست بوو توانی ناوی لە مێژوو تۆمار بکات، ئەویش بە بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار لە رۆڵی لاوەکیدا وەک یەکەم ئەکتەری رەشپێست، لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
برازای ئەو ئەکتەرە هەواڵی کۆچی دوایی مامی بڵاوکردەوە، کە شەوی پێنجشەممە 28ـی ئازاری 2024 (بە کاتی ئەمریکا) لە ماڵەکەی لە سانتا مۆنیکای کالیفۆرنیا کۆچی دواییکرد، بەڵام ئاماژەی بە هۆکاری مردنی نەداوە.
 
گاست، لە 2010 تووشبونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات راگەیاند و لە 2020 تووشی کۆرۆنا بوو، بەهۆیەوە لە نەخۆشخانەدا مایەوە.
 
لە پاڵ رۆڵگێڕانی لە بەرهەمی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی، لە شانۆشدا ناوێکی درەوشاوە بووە و لە دوای رۆڵگێڕانی لە شانۆگەری "Golden Boy"ـە لە 1964 بووە یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی برادوەی.
 
لویس گاست جونیۆر، لە 27ـی ئایاری 1936 لە برۆکلینی نیۆیۆرک لە دایکبووە، سێیەم ئەکتەری رەشپێست بوو لە بەشی باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵی لاوەکیدا؛ بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بێت و لە رێگەی فیلمی "An Officer and a Gentleman" بووە براوەی خەڵاتەکە.
 
بەهۆی ئالوودەبوونی بە مەی و ماددەی هۆشبەر، بۆ ماوەیەک لە سەنتەرێکدا چارەسەری وەرگرتووە.