لە جەژنی رەمەزاندا فیلمی 'ئەزموون' لە باشووری کوردستان پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە نووسین و دەرهێنانی شەکەوت ئەمین کورکی، براوەی چەندین خەڵاتی جیهانی، لە رۆژانی جەژنی رەمەزان و رۆژانی دواتر، لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشاندەدرێت.
 
کاژێر 8:00ـی ئەمشەو، نمایشی تایبەتی ئەم بەرهەمە سینەماییە، بە بانگهێشتنامەی تایبەت و بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەکە، لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
 
'ئەزموون' چیرۆکی خوێندکارێکی پۆلی 12 دەخاتەڕوو کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی نمرەیەکی باشە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا، بەڵام رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەیبەن.
 
نوێترین بەرهەمی کورکی، لە ئیمپایەر سینەما لە هەولێر، سینەما سالم لە سلێمانی، دهۆک مۆڵ سینەما لە دهۆک و تایم سەنتەر سینەما لە کەرکووک پێشاندەدرێت.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سانتا باربارا لە ئەمەریکا، خەڵاتی رەخنەگرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کارلۆڤی ڤاری لە چیک، خەڵاتی ژووریی مۆنس لە بەلجیکا و خەڵاتی 'سندووقی جەماوەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان' لە 43یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە لە میسر.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر خەڵاتی باشترین دیزاینی پۆسته‌ری لە پێشانگەی گرافیکی 'تورکیا' به‌ده‌ستهێناوە، پۆستەرەکە لەلایەن ئۆندێر ساکیپ دۆنده‌ر، هونه‌رمه‌ندی گرافیست دیزاینکراوە.
 
لە فیلمەکەدا ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، شوان عەتووف، حوسێن حەسەن، هۆشیار نێروەیی و کۆمەڵێک ئەکتەری دیکە بەشدارن.
 
'ئەزموون' چوارەمین فیلمی بڵندی کورکییە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە.
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای 'میتۆس فیلم'ـی بەرلین و کۆمپانیای 'مەستی فیلم'ـی سلێمانییە کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای 'ئاڕت هوود' لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.