شەیدا بەرهەمێکی نوێ بە کرمانجی و سۆرانی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند شەیدا، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'سپێدە باش' بڵاوکردەوە کە بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجییە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
شەیدا، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمەی لە تێکستی خالید عومەرە و لە ئاوازی خۆیەتی، عامر حەسەن کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لە هانۆڤەری ئەڵمانی تۆمارکراوە و هۆگر هادی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە و لەبارەی بەیانی باشە، گوتیشی، ئەم بەرهەمە لەبارەی هیوا و حەزکردنە بۆ ژیان.
روونیشکردەوە، لەم بەرهەمەدا باسی لەوە کردووە، مرۆڤ نابێت بێ ئاوات و هیوا بمێنێتەوە، تێکستەکەشی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانییە.
ئەم بەرهەمە لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە، لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
دوایین بەرهەمی شەیدا، ڤیدیۆکلیپی 'گولا مالێ' بوو کە لە تێکستی براکەی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش بوو و لە کۆتایی 2021 بڵاوکرایەوە.
گۆرانی 'گولا مالێ' لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی شەیدا بڵاوکرایەوە و لە دەرهێنانی هۆگر هادییە.
هونەرمەند شەیدا پێشتر لەبارەی ئەم بەرهەمەی بە رووداوی راگەیاند، ئاوازی گۆرانییەکەی بەشێوەی کلاسیک ئامادە کردووە و هەریەک لە هونەرمەندان محەممەد عەلی شاکر، محەممەد شێخۆ، تەحسین تەنها و ئەیاز زاخۆیی بەبیر خۆی هێناوە و ئاوازەکەی داناوە.
لەم بەرهەمەدا سێوی مێخەکڕێژ بەدی دەکرێت کە کولتوورێکی کوردییە و مێژووییەکی دێرینی هەیە و بە گوتەی ئەوانەی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە دەدەن، مێژووەکەی بۆ چوار بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێننەوە و لەو سەردەمەدا کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشویستووە، بەم جۆرە سێوە خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکدی دەربڕیوە.
شەیدا ناوی تەواوی ئەحمەد رەمەزانە، ساڵی 1971 لە شاری عامودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە و چەندین ڤیدیۆکلیپە.