حەمكۆ: حیزبێك دادەمەزرێنم و دەبمە ئۆپۆزیسیۆن

رووداو- هەولێر
كارزان حەیدەر

لە دەرگای زۆر تەلەفزیۆنی دا، بەڵام تەنیا یەك دوو كەناڵی لۆكاڵی لە شاری هەولێر دەرگایان بۆ كردەوە. تەمەنی كارەكانی لە تەلەڤزیۆن كورت بوون، ئەمجارە كارەكانی گواستەوە بۆ هۆڵەكانی شانۆ بەو ئومێدەی وەكو هەشتاكان خەڵك بباتەوە هۆڵەكانی شانۆ، بەڵام لەوێش پڕۆگرامەكەیان راگرت. ئەكتەری كۆمیدی حەمكۆ، دوای راگرتنی پڕۆگرامەكەی بەناوی "حەمكۆ شۆ"، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی حیزبێك لەو كەسانە دروست بكات كە ئەو بە "سوپای حەمكۆ" ناویان دەبات و دەشڵێت "دەبمە ئۆپۆزیسیۆن".


حەمكۆ كە مافی مانەوەی پێدراوە لە بەریتانیا، لەوێ‌ لەگەڵ كچە رۆژنامەنووسێكی بەرازیلی بوونەتە هاوژین.  لەماوەی رابردوودا كوڕێكیان بوو ناویان نا "تۆماس". بەر لەوەی بگەڕێتەوە بەریتانیا (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.

رووداو: بۆچی كارە هونەرییەكانت لە كوردستان وەستان؟

حەمكۆ: گوتیان هەندێ‌ لایەن هەیە دەبێ‌ چاكی بكەی، هەرچەند داوام لێكردن ئەو لایەنانەم بۆ دەستنیشان بكەن تاوەكو چاكیان بكەم، بەڵام نەیاندەتوانی دەستنیشانی بكەن، چونكە رەخنەكە بۆ چارەسەركردن نەبوو، تەنیا زەمینەخۆشكردن بوو بۆ وەستاندنی پڕۆگرامەكەم.

رووداو: كێ‌ پڕۆگرامەكەی وەستاندی؟

حەمكۆ: بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی هەولێر پرۆگرامەكەی وەستاندم، لەبری ئەوەی پشتیوانی هەر كارێكی هونەری بكەن لە كوردستان.

رووداو: پێتوایە كەموكوڕیی هەبووە لە پرۆگرامەكەت؟

حەمكۆ: نەخێر، چونكە توانجەكەمان زیاتر لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری و حاڵی هونەر بوو لە كوردستان، بۆیە زوو منیان وەستاند.

رووداو: دڵت شكا بۆیە دەگەڕێیتەوە بەریتانیا؟

حەمكۆ: نەخێر، كوڕێكمان بوو، ناومان نا (تۆماس ) بۆیە دەگەڕێمەوە تاوەكو بتوانم ئەو ماوەیە ئاگاداری كوڕەكەم بم.

رووداو: بەنیازی جارێكی دیكە بگەڕێیتەوە كوردستان و دەست بە كارە هونەرییەكانت بكەیتەوە؟

حەمكۆ: بەڵێ‌  با جارێكی دیكە هەوادارانی حەمكۆ و كۆمیدیا چاوەڕوان بن، بە كۆمەڵێ‌ پڕۆژەی هونەری نوێوە دەگەڕێمەوە.

رووداو: خەڵك لە كوردستان چۆن لە كۆمیدیا گەیشتوون؟

حەمكۆ: هێشتا زۆر لە خەڵك و دەسەڵاتیش وا دەزانن كۆمیدیا تەنیا پێكەنینە، لەوە ناگەن كۆمیدیا هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە دەدات كە لەنێو كۆمەڵگادا هەیە.

رووداو: ئەی ئەگەر لەو هونەرەی تۆ تێنەگەن، تۆ هەر بەردەوام دەبی؟

حەمكۆ: هەموو هەوڵێكی خۆم دەدەم، بەڵام ئەگەر هەر لەو هەوڵانەی من نەگەیشتن، ئەوە ناچارم رێگەی دیكە بگرمەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان.

رووداو: رێگە چارەی دیكەی تۆ چییە بۆ ئەوەی گوێت لێ‌ بگرن؟

حەمكۆ: پارتێكی ئۆپۆزیسیۆن لەو هەزاران گەنجە دروست دەكەم كە لە كوردستان هەوادار و پشتیوانی حەمكۆن، دەست بە چاكسازی دەكەم لە كوردستان، بەتایبەتیش لەبواری هونەردا .

رووداو: پێتوایە هونەر لە كوردستان پێویستی بە چاكسازی هەیە؟

حەمكۆ: بەر لە هەموویان هونەر پێویستی بەوەیە، رەنگە ئەگەر بمكەن بە وەزیری رۆشنبیری  هێشتا كەمە بۆ ئەوەی چاكسازی لەو بوارە بكەم ، بۆ ئەوەی هۆڵە تۆز لەسەر نیشتووەكانی سینەما و شانۆ زیندوو بكەمەوە، ئەو دوو بوارەی بۆ بەرپرسەكانیان بووەتە چایخانەی ئێواران و شوێنی باسكردنی مەیخانەی شەوانە، نەوەك بەرەوپێشبردنی هەردوو هونەرەكە.

رووداو: لە بەریتانیا ناسراوی و گوێت لێدەگرن؟

حەمكۆ: لە پرۆگرامی تایبەتدا  هەزاران كەس رێز لە هونەری حەمكۆ دەگرن بە چەپڵە لێدان و ستایش كردن ، بەهەموو شێوەیەك پشتیوانیم دەكەن، ئەوكاتە دڵم بە حاڵی هونەری كوردی دەسووتێ‌ كە لەسەر ستێجم، ئەو كاتەی بە هەزاران هوتافی جوانم وەك پشتیوانی و پشتگیری بۆ دەڵێن.

رووداو: لە كوردستان میدیا پشتیوانیت دەكات؟

حەمكۆ: بەداخەوە، دوای 20 ساڵ خزمەتكردن لە میدیا و كۆمیدیا، ئێستا شوێنێكم نییە لەنێو راگەیاندن رۆڵی خۆمی تێدا بگێڕم.

رووداو: دەتوانی چ رۆڵێك لە میدیا بگێڕی؟

حەمكۆ: بەشێوەیەك میدیا دەگۆڕم كە ببێتە بەشێكی گەورە لە ژیانی خەڵكی.

رووداو: خاوەنی چی دوای ئەو هەموو ساڵی خزمەتكردنەت؟

حەمكۆ: هیچ، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد خانوویەكم بۆ بكڕن، كەچی ئەوانەی فەرمانەكەی بەڕێزیان جێبەجێ‌ دەكەن، گوتیان: ببوورە پارەمان نییە!