تۆمەتی دیکەی گێچەڵی سێکسی دەدرێتە پاڵ هارڤی واینستین

رووداو دیجیتاڵ

هارڤی واینستین، بەرهەمهێنەری سینەمایی کە ئێستا بەهۆی تاوانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسییەوە لە زینداندایە، تۆمەتی دیکەی لەمبارەیەوە خراوەتە پاڵ و داواکاری گشتی لە مانهاتنی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات.
 
بەشێک لەوانەی تۆمەتی نوێیان خستووەتە پاڵ واینستین، ئامادەن لە دانیشتنەکانی دادگە بن و ئەو تۆمەتەی ئاڕاستە بکەن.
 
واینستین، رۆژی چوارشەممە 29ـی ئایاری 2024 لە بەردەم دادوەر لە دادگەی نیویۆرک ئامادەبوو، هەمان ئەو دادگەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تێیدا دادگایی دەکرێت.
 
واینستین، لە کاتی چوونی بۆ نێو دادگە، لەسەر کورسییەکی گواستنەوەی نەخۆش بوو، هاوشێوەی چوونی بۆ نێو دادگە لە 2020.
 
واینستین، ئێستا لە زینداندایە و بەهۆی تاوانێکی دیکەی دەستدرێژی سێکسی؛ بە بڕیاری دادگەی نیویۆرک 23 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
 
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان دایە پاڵ واینستین، دیارترینیان هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی و سەلما هایک بوون.
 
هارڤی واینستین لە 19ـی ئازاری 1952 لە ئەمریکا لە دایکبووە، لەگەڵ براکەی بۆب واینستین، کۆمپانیای "Miramax"ـی دامەزراند و چەندین فیلمی سینەمایی سەرکەوتووی بەرهەمهێنا، لەوانە فیلمی  "Videotape" لە 1989، فیلمی "The Crying Game" لە 1992، فیلمی "Pulp Fiction" لە 1994، فیلمی "Flirting with Disaster" لە 1996 و فیلمی "Shakespeare in Love" لە 1998.
 
لە 2005 کۆمپانیایەکی دیکەی لەگەڵ براکەی بەناوی "The Weinstein Company" دامەزراند و تاوەکو 2017 کاری کرد و ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلمی لەخۆگرتبوو.
 
واینستن، لە تشرینی یەکەمی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، لە هەمانکاتتدا لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو دەرکرا.
 
تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2017 زیاتر لە 80 ژن واینستنیان تۆمەتبارکرد، بەهۆیەوە کەمپینی "MeToo" لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە بەرفراونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاری لەسەر کرا.
 
واینستین، بەهۆی چەند تۆمەتێک لە ئایاری 2018 لە نیویۆرک دەستگیرکرا و لە شوباتی 2020 بەهۆی پێنج تاوانەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، لە دوای زیندانیکردنیشی بۆ ماوەی 23 ساڵ، سکاڵاکان لەسەری بەردەوامن.
 
بەهۆی بە تەمەندا چوونی هارڤی واینستن و نەخۆشکەوتنی، ئێستا لەسەر کورسییە و چەند جارێکی دیکە لە دادگا ئامادە بووە، بەڵام توانای وەستان لەسەر قاچەکانی نەبووە.
 
لە ئازاری 2020 لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و باری تەندروستیی تێکچوو.