دادگە بڕیار لەبارەی کتێبخانەکەی عەزیز گەردی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
برایەکی نووسەر و وەرگێڕی کۆچکردووی کورد، عەزیز گەردی رایگەیاند، رۆژی 11ـی تەممووزی 2023 دانیشتنێکی دادگە تایبەت بە کتێبخانەکەی عەزیز گەردی بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، سکاڵاکە لەلایەن برازایەکی عەزیز گەردییەوە تۆمار کراوە و داوا دەکات کتێبخانەکە بفرۆشرێت و بەشی ئەویشی تێدابێت.
رۆژی هەینی، 30-6-2023، قەهار گەردی، برای نووسەر و وەرگێڕی دیاری کورد عەزیز گەردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ماوەیەکە کێشەمان هەیە، من داوا دەکەم کتێبخانەکەی مامۆستا عەزیز گەرد بهێڵینەوە بۆ ئەوەی وەکو سامانێکی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و خەڵک سوودی لێوەربگرێت، بەڵام لەلایەن برازایەکمانەوە سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە و داوا دەکات کتێبخانەکە بفرۆشرێت و ئەویش بەشی خۆی لێ ببات."
بە گوتەی قەهار گەردی، کتێبخانەکەی عەزیز گەردی زیاتر لە 50 هەزار کتێبی تێدایە و دەڵێت: "کتێبەکان لە هۆڵێکی گەورەدان، 15 مەتر درێژە و 5 مەتر بەرزە و جگە لە دەرگە و پەنجەرە، هەمووی پڕاوپڕە لە کتێب."
قەهار گەردی داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای پارێزەران و رای گشتی دەکات کە لەسەر ئەو بابەتە بێنە دەنگ و گوتی، "ئەوە سامانێکی گشتییە و گوناهە ئەو کتێبانە لەنێو بچن، چونکە ئەگەری هەیە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو دادگە بڕیار بدات ئەو کتێبخانە و کتێبەکانی بفرۆشرێت و دواتر پارەکەی دابەش بکرێت کە من تەواو دژی ئەوەم."
داواشی کرد لایەنە پەیوەندیدارەکان و نووسەران و رۆشنبیریان گوشار دروستبکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن دادگە بڕیارێکی لەو جۆرە دەربکات کە مەترسی بێت لەسەر ئەو کتێبخانەیەی دەیان ساڵە کتێبی تێدا کۆدەکرێتەوە و دەشڵێت، "هەڕەشەی گەورە لەسەر فەوتانی کتێبەکان و کتێبخانەکە هەیە."
قەهار گەردی رەتیکردەوە عەزیز گەردی هیچ وەسیەتێکی لەبارەی کتێبخانەکە کردبێت و گوتی: "ئەگەر وەسیەتی کردبا نەماندەهێشت ئەو کتێبخانەیە بەو دەردە بڕوات و هەڕەشەی بکەوێتەسەر."
سکاڵاکە لەلایەن کاروخ ئەحمەد، لەسەر هەریەک لە قەهار گەردی و کوردۆ گەردی، براکانی عەزیز گەردی تۆمار کراوە.
غەفوور محەممەد عەبدوڵڵا، پارێزەری کاروخ ئەحمەد بە رووداوی گوت: "بریکارەکەم پێیوایە ئێستا خانووەکەی مامۆستای کۆچکردوو و کتێبخانەکەی و بڕێک پارە لەژێر رکێفی ئەواندایە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون و ئەوان سوود لەو شتانە وەردەگرن لەنێویاندا کتێبخانەکەش، بۆیە داوا دەکات خانووەکە و کتێبخانەکە بفرۆشرێت و دواتر هەر لایەنێک و مافی خۆی ببات."
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ئەوانەی لە میراتی عەزیز گەردی پشکیان بەردەکەوێت 22 کەسن و زۆربەیان لەگەڵ فرۆشتنی خانوو و کتێبخانەکەی مامۆستا عەزیزن. گوتیشی: "کاک قەهار گەردیش رازی بووە کە کتێبخانەکە و خانووەکە بفرۆشرێت و گوتەی وەرگیراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا مامۆستا کوردۆ گەردییە کە ناڕازییە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاری دادگە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکار دەبێت و کتێبخانە و خانووەکە دەفرۆشرێت."
چەند رۆژێکە بابەتی چارەنووسی کتێبخانەکەی نووسەر و وەرگێڕی کورد عەزیز گەردی بووەتە مژار و ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس باسی مەترسییان لەسەر ئەو کتێبخانەیە کردووە، کە ئەگەری پەرتکردنی کتێبەکانی و فرۆشتنیان هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک نووسەر کەمپەینێکیان راگەیاندووە.
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد رۆژی دووشەممە، 6-6-2022، لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
عەزیز گەردی لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا دەستی بە نووسین و وەرگێڕان کرد؛ وەرگێڕانی بەوە جیا دەکرێتەوە کە زۆر تایبەتە، عەزیز گەردی لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنە بوو و شێوەزارەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خواروو و هەورامی دەزانی، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیشی بەباشی دەزانی. ئەو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێندبوو.
عەزیز گەردی، کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبووە؛ لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.