جۆرج کلۆنی لە برۆدوەیەوە رووبەڕووی سیاسەتەکانی ترەمپ دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا زۆر کەس دۆخی سیاسیی ئێستای ئەمریکا بە رۆژە تاریکەکانی جۆ مەککارسی دەشوبهێنن، جۆرج کلۆنی، ئەکتەر و فیلمسازی ئەمریکی، فیلمە بەربژێرکراوەکەی بۆ خەڵاتی ئۆسکار "Good Night and Good Luc"ـی بۆ سەر شانۆی برۆدوەی دەگوازێتەوە. شانۆگەرییەکە؛ وەڵامێکی هونەریی راستەوخۆیە بۆ دابەشبوونە سیاسییەکانی ئێستای ئەمریکا، بەتایبەتیش تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەڕێوەبەربردنی وڵاتەکە.
 
دوای نزیکەی 20 ساڵ لە بەرهەمهێنانی فیلمی "Good Night, and Good Luck" لە 2005 لەلایەن جۆرج کلۆنییەوە، کە رەخنەی لە سیاسەتەکانی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بوو، بەتایبەت بەهۆی جەنگی ئەمریکا دژ بە عێراق، جۆرج کلۆنی و هاوکارە دێرینەکەی، گرانت هیسلۆڤ، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ هەمان چیرۆک، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر تەختەی شانۆ و لە کات و ساتێکی هەستیارتردا.
 
شانۆگەرییەکە کە لە هەفتەکانی رابردوودا لەسەر شانۆکانی برۆدوەی نمایشکرا و لە 7ـی حوزەیرانی 2025 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەلایەن کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـەوە راستەوخۆ پەخشکرا، ئێستا بووەتە جێی سەرنجی میدیا و رەخنەگران. ئەم گرنگیپێدانە تەنیا بۆ ئاستی هونەریی بەرهەمەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ پەیامە سیاسییەکەیەتی کە زۆر کەس ئەو سەردەمە لە ئەمریکا بە "خراپتر" لە سەردەمی مەککارسی و جۆرج دەبلیو بوش وەسفی دەکەن.
 

شانۆگەرییەکە، هاوشێوەی فیلمەکە، باس لە قۆناغێکی ژیانی ئێدوارد مۆرۆ، پێشکێشکاری ناسراوی کەناڵی "سی بی ئێس" دەکات؛ لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا. لەو سەردەمەدا، مۆرۆ بە بوێرییەوە رووبەڕووی سیناتۆر جۆ مەککارسی بووەوە، کە سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە دژە ئەمریکییەکان بوو.
 

سیاسەتەکانی مەککارسی، کە بە "مەککارسیزم" ناسراون، وەک یەکێک لە رەشترین قۆناغەکانی مێژووی ئەمریکا دادەنرێت؛ قۆناغێک کە تێیدا چەوساندنەوەی سیاسی، تۆمەتبارکردنی خەڵک لەسەر بنەمای گومان، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی رۆژنامەڤانان گەیشتبووە لووتکە. ئێدوارد مۆرۆ لە رێگەی بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکەی "See It Now"ـەوە، بە تەنیا بەرەنگاری ئەم شەپۆلە بووەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکەی مەککارسی.
 

چیرۆکی شانۆگەرییەکە هاوشێوەی چیرۆکی فیلمەکەیە، جگە لە چەند گۆڕانکارییەکی بچووک و گۆڕانکاری لە ئەکتەرەکان، جۆرج کلۆنی تێیدا رۆڵێکی لاوەکی هەیە.
 

شێوازی پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکە بە داهێنەرانە ناسێندراوە، بە بەکارهێنانی چەندین شاشە و تەکنیکی رووناکی و تاریکی خێرا، بینەر هەست دەکات لەناو ستۆدیۆیەکی تەلەڤیزیۆنیی پەنجاکاندایە و رووداوەکان بە خێرایی لەبەرچاوی دەگۆڕێن. ماوەی نمایشەکە 90 خولەک و بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت.
 
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی شانۆگەرییەکە، دیالۆگە مێژووییەکانیەتی کە بەرگریکردنن لە ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەڤانیی سەربەخۆ.
 

شانۆگەرییەکە تەنیا چیرۆکێکی مێژوویی ناگێڕێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە دۆخی ئێستای ئەمریکای دەبەستێتەوە. لە دیمەنی کۆتاییدا، گرتە ڤیدیۆیی مێژوویی نمایش دەکرێن کە رووداوە گرنگەکانی وەک جەنگی ڤێتنام، جەنگی عێراق و هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لەدوای دۆڕاندنی دۆناڵد ترەمپ لەخۆدەگرێت.
 

دوا دیمەن کە لەسەر شانۆکە دەبینرێت، وێنەی ئاهەنگگێڕانی ئیلۆن مەسکە بۆ گەڕانەوەی ترەمپ، بە سڵاوێکی کە بە "سڵاوی نازییەکان" دەشوبهێندرێت.