یانی سەردانی هەرەمەکانی میسر دەکات

رووداو- هەولێر

چەند رۆژێکە میدیا جیهانییەکان بەگشتی و میدیا عەرەبییەکان بەتایبەتی، سەرقاڵی جموجووڵ و چالاکییەکانی هونەرمەندی جیهانی (یانی)-ن لە وڵاتی میسر، ناوبراو خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ ئەو کۆنسێرتە گەورەیەی کە لە 30 و31-ی ئۆکتۆبەری 2015 لەو وڵاتە سازی دەکات.


یانی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کە خەون بەوە دەبینێت سەردانی میسر بکات و لەوێ کۆنسێرت ساز بکات، ئێستا خەونەکانی ئەم ئەستێرە جیهانییە هاتووەتە دی و ئێستا لەگەڵ هەوادارانی لە نێو هەرەمەکانی میسر وێنە دەگرێت.

یانی، هونەرمەندی بەناوبانگی جیهان سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ میسر دەڵێت "من زۆر دڵخۆشم کە ئێستا لە میسرم، خۆشترین هەستم هەیە کە لە هەڕەمی خۆفۆ دەچمە ژوورەوەو تەرمی پاشاکان دەبینم، ئەمە ئەزموونێکە کە ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینم، دەمەوێت پێتان بڵێم سوپاس بۆ میسر، سوپاس بۆ ئەو هەستە خۆشەی کە لە گەلی میسری پێمگەیشتووە، زۆر دڵخۆشم کە لێرەم و دڵنیام جارێکی دیکەو جارێکی دیکەو جارێکی دیکەش، دێمەوە ئەم وڵاتە".

لە دوایی سەردانەکەشیدا، یانی تابلۆیەکی دێرینی میسرییەکانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کولتوور و شوێنەواری میسرییەوە بە دیاریی پێبەخشرا.

میدیاکانی جیهان دەڵێن، ئەم کۆنسێرتەی یانی، دەبێتە گەورەترین رووداوی هونەری کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە میسر روویدابێت، حکومەت و دەستەڵاتدارانی میسر زیاتر لە 3 هەزار پاسەوانی بۆ پاراستن و بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە دابینکردووە.

یانی، موزیسیانی جیهانی، لە ساڵی1954 لەدایکبووە، بەرهەمهێنەر و میوزیکژەنی یۆنانی-ئەمەریکییە، بەپێی خەڵاتە جیهانییەکان بە یەکێک لە داهێنەرەکانی هونەری میوزیک دادەنرێت لە جیهاندا.