شەیما قاسم: پەشیمانم لە وەرگرتنی نازناوی شاجوانی عێراق
رووداو- سلێمانی
یەكەمین كچە لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە تاجی شاجوانی عێراقی خرایە سەر، بەڵام پەشیمانە لە وەرگرتنی ئەو ناسناوە و دەڵێت نە حكومەتی عێراق و نە هیچ لایەنێك هاوكارییان نەكردووە، بۆیە خانوویەكی خۆی لە كەركووك بۆ پڕۆژە خێرخوازییەكانی فرۆشتووە.
شەیما قاسم، 20 ساڵ، كچە كوردێكی لەدایكبووی شاری كەركووكە، مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە شاری بەغدا وەكو شاجوانی عێراق تاجی لەسەرنرا، دوای ساڵێك و لەم هەڤپەیڤینەدا، دەردەدڵی خۆی بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكات.
رووداو: نزیكەی ساڵێكە بوویت بە شاجوان، تائێستا چیت كردووە؟
شەیما قاسم: كاتێك بوومە شاجوان، ویستم كاری خێرخوازی بۆ ئاوارەكان و منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە بكەم. لەسەر حیسابی خۆم هەر مانگێك پێداویستی منداڵان و خواردەمەنی بۆ ئاوارە و پەنابەران رەوانە دەكەم و چارەسەری كیمیاییشم بۆ هەندێ منداڵی تووشبووی شێرپەنجە دابین كرد، هاوكاریی خانەی بەساڵاچووانیشم كردووە.
رووداو: ئەی حكومەت و بەرپرسان و كۆمپانیا عێراقییەكان هاوكارییان نەكردووی؟
شەیما قاسم: نەخێر، بەڵام لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتیم لەسەرشان بوو، ناچار خانوویەكم لە كەركووك كە بەنێوی خۆمەوە بوو بە 120 هەزار دۆلار فرۆشت. بەو پارەیە بایی نزیكەی 40 هەزار دۆلار پڕۆژەم كردووە، خانووەكەم بە قوربانی خەڵك كرد، چونكە پێش ئەوەی ببمە شاجوان، چالاكڤانی مەدەنی بووم و دەمزانی ئەو خەڵكە چۆن دەژین.
رووداو: خێزانەكەت رازی بوون خانووەكەت بفرۆشی؟ باری داراییتان باشە؟
شەیما قاسم: باری داراییمان مامناوەندە، بەڵام باوكم حەزی كرد خانووەكە بفرۆشین و پڕۆژە بكەم، چونكە لەبەر خەڵك بوومە شاجوان.
رووداو: بەرپرسان زانییان خانووەكەت فرۆشتووە؟
شەیما قاسم: نەخێر.
رووداو: لە كاتێكدا ئەو خانووەت فرۆشتووە و مانگانەش هاوكاری ئاوارە و منداڵانی نەخۆشت كردووە، بۆچی وەكو چالاكی لە میدیا و سۆشیاڵ میدیادا بڵاوت نەبوونەوە؟
شەیما قاسم: ئەو پڕۆژانەم لەبەر خوا كردووە، نەك لەبەر خەڵك و سۆشیاڵ میدیا، ناشبێت لە بەرامبەر ریكلام بۆ خۆم، ئازاری خەڵك بدەم و بەو پڕۆژانە بەنێوبانگ بم. ئەگینا دەمتوانی بە پارەی خانووەكەی كەركووك، لە بەغدا خانوو بكڕم، بەڵام ئێستا لە بەغدا كرێچیم، لەبەر هەڕەشە شاری كەركووكیشم جێهێشت و نەمتوانی بگەڕێمەوە.
رووداو: حكومەتی عێراق مووچەی بۆ دابین نەكردووی؟
شەیما قاسم: نەخێر، تەنیا وەزیری رۆشنبیری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو شاجوانی عێراق ناساندوومی.
رووداو: بۆ هاوكاریكردن، سەردانی كوردستانت نەكرد؟
شەیما قاسم: تەنیا سەردانی سلێمانیم كرد. سەرمایەدارێك بڕە پارەیەكی بۆ دابین كردین بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی شاجوانی گەردووندا بكەم. هەندێك كۆمپانیاش بەڵێنی هاوكارییان پێدام، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر.
رووداو: وەك بزانیت شاجوانی عێراق هەڵدەبژێرنەوە؟
شەیما قاسم: بەڵێ بڕیار وایە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو هەڵیبژێرنەوە.
رووداو: داواكاریت بۆ شاجوانی داهاتوو چییە؟
شەیما قاسم: پێمخۆشە شاجوانی نوێ هەڵبژێردرێت لەبەرئەوەی ئیشەكە زۆر زەحمەتە و هیوادارم ئەو گرفتانەی هاتنە پێش من، رووبەڕووی ئەو نەبنەوە. داواكاریشم لە حكومەت گرنگی بە شاجوانی داهاتوو بدات، چونكە خزمەتی وڵاتی خۆی دەكات، خۆیشم ئامادەم هاوكاریی بكەم.
رووداو: پێت باشە شاجوانی داهاتوو گرنگی بە چی بدات؟
شەیما قاسم: منداڵان، بەتایبەتیش منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە.
رووداو: بەنیازیت خۆت بۆ شاجوانی جیهان كاندید بكەیت؟
شەیما قاسم: لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی گەردوون وەرگیراوم و دەبێت مانگی كانوونی دووەمی 2017 بچمە فلیپین، بەڵام ئەگەر هاوكاری دارایی نەكرێم، ناتوانم بەشداری بكەم.
رووداو: دوای دانانی تاجەكە لە كوێ نیشتەجێ دەبیت؟
شەیما قاسم: هەر لە بەغدا دەمێنمەوە، چونكە پێشكەشكاری بەرنامەم لە كەناڵی مەدا.
رووداو: بوون بە شاجوان كێشەی بۆ پیشەكەت دروست نەكردووە؟
شەیما قاسم: لەگەڵ بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق تووشی كێشە بووم و دەیویست لە میدیادا ونم بكات، بەڵام من بە گوێم نەكردن و پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە.
رووداو: بەپێی قسەكانت بێت، پەشیمانی لەوەی بە شاجوان هەڵبژێردرای؟
شەیما قاسم: بەڵێ، لەبەرئەوەی كەس هاوكاریی نەكردم، هەست ناكەم شاجوانم.
رووداو: دەخوێنیت؟
شەیما قاسم: بەڵێ لە بەشی ئابووریی كۆلێژی ئیسرا دەخوێنم كە كۆلێژێكی كەرتی تایبەتە.
رووداو: هەماهەنگیت لەگەڵ شاجوانی كوردستان هەیە؟
شەیما قاسم: نەخێر.
رووداو: لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نێوانت چۆنە؟
شەیما قاسم: باشم لە فەیسبووك و ئینستاگرام و سناپچات پەیج و ئەكاونتم هەیە.