ڤین دیزڵ ستایشی دوێن جۆنسن دەکات و لە (Fast X: Part 2) دەردەکەونەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای ساڵانێک لە گرژی، شەڕە قسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رەتکردنەوەی کارکردن بەیەکەوە، دواجار دوو ئەستێرە دیارەکەی فیلمە ئاکشنەکان، ڤین دیزڵ و دوێن جۆنسن (زە رۆک)، کۆتاییان بە ناکۆکییەکانیان هێنا و بڕیارە لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی (Fast & Furious) رۆڵبگێڕن. 
 
سەرەتای دروستبوونی درز لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو ئەستێرەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، بە دیاریکراوی لە کاتی وێنەگرتنی بەشی هەشتەمی زنجیرەکە (The Fate of the Furious).
 
لەو کاتەدا دوێن جۆنسن پۆستێکی مشتومڕهێنی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە دواتر سرییەوە، تێیدا بە تووندی هێرشی کردە سەر هەندێک لە هاوپیشە پیاوەکانی لە فیلمەکەدا. جۆنسن ئەوانی بە "ناپیشەیی" و "ترسنۆک" تۆمەتبار کرد. هەرچەندە ناوی کەسی نەهێنابوو، بەڵام زوو دەرکەوت کە مەبەستەکەی ڤین دیزڵ بووە.
 
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەو کاتە، هۆکاری سەرەکی کێشەکە بریتی بوو لە جیاوازی بیرکردنەوە لە شێوازی کارکردن، دواکەوتنی دیزڵ بۆ سێتی وێنەگرتن و هەوڵی هەر یەکێکیان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر فیلمەکەدا، وایکرد بۆ ماوەی چەند ساڵێک پەیوەندییان بپچڕێت و جۆنسن رەتی کردەوە لە بەشی نۆیەمدا بەشدار بێت.
 

ڤین دیزڵ وێنەیەکی خۆی و جۆنسنی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "یەکێک لە گەورەترین دیارییەکانی ژیان ئەو پەیوەندییانەیە کە لە رێگەکەدا دروستیان دەکەین، نەک ئەو شتانەی دەیکڕین". 
 
هەروەها ستایشی کەسایەتی جۆنسنی کردووە و بە "کەسێکی میهرەبان" ناساندووەیەتی. ئاماژەی بەوەش داوە، رۆڵی لۆک هۆبسی بە دڵسۆزییەکی بێوێنەوە گێڕاوە.
 

ئەم ئاشتەواییە تەنیا بۆ وێنەگرتن نییە، بەڵکو زەمینەخۆشکردنە بۆ پڕۆژەیەکی گەورە. بە فەرمی راگەیەندراوە، دوێن جۆنسن بە رۆڵی لۆک هۆبس دەگەڕێتەوە بۆ بەشی داهاتووی زنجیرەکە کە بەناوی (Fast X: Part 2)ـە و بڕیارە لە 2027 نمایش بکرێت.