هەژار زەهاوی بە دەفی کوردی لە کۆنسێرتێکی ماڵی ئۆپێرای دوبەی بەشداربوو
رووداو دیجیتاڵ
هەژار زەهاوی، هونەرمەندی کورد بە ئامێری دەف، شانبەشانی کۆمەڵێک لە موزیکژەنە دیارەکانی جیهان، کۆنسێرتێکی گەورەی لە هۆڵی ئۆپێرای دوبەی سازکرد.
کۆنسێرتەکە رۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2025 لە ماڵی ئۆپێرای دوبەی لە ئیمارات، بە سەرپەرشتیی نەسیر شەممە، هونەرمەندی ناسراوی عێراقی بە رەچەڵەک کورد بەڕێوەچوو.
هەژار زەهاوی، بە رووداوی راگەیاند، جگە لە خۆی کە وەک هونەرمەندێک لە کوردستانەوە بەشداربوو، ژەنیارانی وڵاتانی عێراق، ئیسپانیا، ئێران، تونس، ئۆکراینا، سوریا، میسر، پاکستان و لوبنان بەشداربوون.
گوتیشی، بەشداربووان پێکەوە چەندین بەرهەمی موزیکیی ناوازەیان پێشکێش کرد کە تێکەڵەیەک بوون لە کولتوور و هونەری نەتەوە جیاوازەکان بە ئاوازدانەریی شەممە.
ئەم گرووپە هونەرییە پێشتریش لە چەندین وڵاتی دیکە ئەزموونی هاوشێوەیان هەبووە و کۆنسێرتیان سازکردووە.
هەژار زەهاوی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ ئامێری دەفی کوردی بەڕێوەبرد کە ماوەی دوو رۆژی خایاند و لە 24 و 25ـی ئەم مانگە، لە ماڵی عودی عەرەبی لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەچوو.
تەوەرەی سەرەکیی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە ناساندنی زیاتری ئامێری دەف و بە ناونیشانی (ئامێری دەف و کاریگەریی لەسەر ئەقڵ) پێشکێش کرا، تێیدا زەهاوی ئەزموونی خۆی و کاریگەرییە دەروونی و رۆحییەکانی ئەم ئامێرەی بۆ بەشداربووان روون کردەوە.