بیۆنسێ چووە نێو لیستی ملیاردێرەکانی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
بیۆنسێ، ئەستێرەی ناسراوی پۆپ، بە فەرمی بووە پێنجەمین گۆرانیبێژ لە مێژوودا کە ماوی بچێتە لیستی ملیاردێرەکانی جیهان.
بەگوێرەی راپۆرتی گۆڤاری (فۆربس)، بیۆنسێی 44 ساڵ، ئێستا لەپاڵ جەی زی کە هاوژینییەتی، تایلۆر سویفت، ریانا و بروس سپرینگستین، وەک هونەرمەندە ملیاردێرەکانی جیهان پۆلێن دەناسرێت.
سەرکەوتنی دارایی بیۆنسێ بۆ کۆمپانیاکەی (Parkwood Entertainment) دەگەڕێتەوە کە لە 2008 دایمەزراندووە. کۆمپانیاکە تەنیا بەڕێوەبردنی کارەکانی نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی گشت گۆرانی، بەڵگەفیلم و کۆنسێرتەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، ئەمەش وایکردووە قازانجێکی زیاتر بۆ خودی هونەرمەندەکە بمێنێتەوە.
تەنیا لە 2025ـدا بیۆنسێ بڕی 148 ملیۆن دۆلاری پێش باج کۆکردووەتەوە، کە بەشێکی زۆری لە گەشتە هونەرییەکەی (Cowboy Carter) بووە. داهاتی فرۆشتنی بلیتی کۆنسێرتەکانی ئەم گەشتەی؛ زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار و داهاتی فرۆشتنی کەلوپەلەکان زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار بووە.