"پێش بەفر بارین"بە ئەوروپادا دەگەڕێت

 رووداو– نۆروێژ

دوا ئەوەی لە نیویۆرك بە چەند خەڵاتێكەوە گەڕایەوە، ئێستا فیلمی پێش بەفر بارین (Before Snowfall) لەسەر پەردەی سپی وڵاتانی ئەوروپایە. دوای نمایشكردنی لە سینەماكانی نەروێژ، رەنگە لە سینەماكانی ئەڵمانیاش نمایش بكرێ.

بەهار ئۆزەن لە فیلمەكەدا رۆڵی كچێك دەبینێ بە ناوی نەرمین. دەڵێت لە فیلمەكەدا بۆ ئەوروپییەكان كوردستانێكی جیاواز و بۆ كوردیش ئەوروپایەكی جیاواز پێشان دەدات. گوتیشی "فیلمەكە بە گۆشەنیگایەكی نێونەتەوەیی تۆماركراوە و باسی كاروانێك دەكات كە لە كوردستانەوە روودەكاتە ئەوروپا".

فیلمی پێش بەفربارین (Before Snowfall)، كە لە دەرهێنانی هیشام زەمانە، لە ماوەی سێ مانگدا تەواوكراوە و لە چوار وڵات وێنەی گیراوە. سەرەتای فیلمەكە لە باشووری كوردستانەوە دەستپێدەكات، پاشان دەچێتە ئیستەنبوڵ، دواتر بەرلین و دوا وێستگەشی لە نەرویجە. ناوەڕۆكی فیلمەكە باسی هەڵاتنی كچێكی كورد دەكات لە باشووری كوردستانەوە بۆ نەرویج.

بەهار ئۆزەن، كچێكی كوردی تەمەن 20 ساڵە و لە ڤارتۆ لەدایكبووە، رۆڵی كچێكی گەنج بەناوی نەرمین دەگێڕێ. بەهار ئۆزەن ئاشكرای كرد كە ئەو لە قوتابخانە لەگەڵ چەندین گرووپی شانۆدا رۆڵی بینیوە. بەڵام گوتی "یەكەمین جارە لە فیلمی سینەماییدا رۆڵ بنوێنم". ئۆزەن گوتیشی كە لەبواری نواندندا زۆر شت لە هیشام زەمان فێربووە.

لە بارەی هەڵبژاردنی ئەو بۆ رۆڵی نەرمین گوتی "لەپایزی ساڵی 2010دا ناسیاوێكی خێزانەكەمان پێیگوتم كە لە بەرلین لە كچێكی گەنج دەگەڕێن بۆ فیلمێكی كوردی و كاستینگ دەكرێت. من چووم و لە كاستینگەكەدا منیان بەدڵ بوو. دوای ئەوەی هیشام سەیری دیمەن و قسەكانمی كرد، گوتی ئەوەی من بەدوایدا دەگەڕێم تۆی".

سیار دەیەوێ نەرمین بكوژێ

وێنەگرتنی فیلمی "پێش بەفربارین" لە تشرینی دووەمی 2012دا لە باشووری كوردستان دەستیپێكرد و لە سەرەتای 2013 لە نەروێژ كۆتایی هات. نەرمین كچێكی 16 ساڵانە و خێزانەكەی بە زۆر دەیانەوێ بەشووی بدەن، بەڵام ئەو رازی نابێت، بۆیە لە ماڵ هەڵدێت. دواتر براكەی كە ناوی سیارە شوێن هەنگاوەكانی دەكەوێت بۆ ئەوەی بیدۆزێتەوەو بیكوژێت. چونكە سیار پێیوایە بە هەڵاتنی نەرمین ئابڕووی خێزانەكەیان چووە، بۆیە دەیەوێ بە كوشتنی نەرمین شەرەفی بنەماڵەكەی بكڕێتەوە.

سیار خوشكەكەی لە ئیستەنبوڵ دەبینێ، بەڵام هیچی لێناكات، دواتر جارێكی دیكە لە نەرویج یەكدی دەبیننەوە. بەڵام بەهار ئۆزەن نایەوێ كۆتایی فیلمەكە ئاشكرا بكات و دەڵێت "هەر ئەكتەرێك و هەر دەرهێنەرێك دەیەوێ فیلمەكەی لە سینەماكاندا نمایش بكرێن. بۆیە من دەمەوێ فیلمەكەمان سەیربكرێت و بینەران خۆیان تێبینیەكانیان بخەنە روو".

ئۆزەن ئاماژە بە گۆشەنیگایەكی فیلمەكە دەدات و دەڵێ "فیلمەكە لە چوار وڵات، واتە لە كوردستان، توركیا، ئەڵمانیا و نەروێژ وێنەی گیراوە. ئێمە كوردستان بە گۆشەنیگایەكی بێلایەن پیشانی ئەوروپا دەدەین و ئەوروپاش بە چاوێكی بێلایەن پیشانی كورد دەدەین، رەنگێكی نێونەتەوەیی لە فیلمەكەدا هەیە".

دایكی لەگەڵی چووە كوردستان

لە وێنەگرتنی فیلمەكەدا خێزانی ئۆزەن یارمەتی كچەكەیان داوە و دایكی لەسەرەتای وێنەگرتنی فلیمەكەدا لەگەڵی چووەتە كوردستان. هەروەها قوتابخانەكەشی هیچ بەربەستێكی بۆ دروستنەكردووە و یارمەتییان داوە و پشتیوانییان كردووە. بەهار ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە تاوەكو بچێتە زانكۆ، یەكێك لەو بوارانەی بیری لێدەكاتەوە سینەمایە. ئەو ئامادەیە جارێكی دیكە لە فیلمێكدا رۆڵ بنوێنێ و دەڵێت "ئەگەر بابەتی فیلمەكە بەدڵی من بێت ئەوە ئامادەم رۆڵی تێدا ببینم".