جان دۆست كۆبانی دەكاتە رۆمان
خۆی كوڕی كۆبانێیە، ئەو شارەی ئێستا بووەتە وێرانە، بەڵام بەچۆكدا نەهات. منداڵیی خۆی لە گەڕەكی (سەیدا) بەڕێكرد، ئێستا لە تەمەنی 50 ساڵیدا دەیەوێ شارەكەی بكاتە رۆمانێك.. ئەو رۆماننووسی ناوداری كوردی رۆژئاوای كوردستان (جان دۆست)ـە.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە ئەبوزەبی كرایەوە و جان دۆست وەك نووسەرێكی كورد بەشداریی تێدا كرد و سەردانی تونسیشی كرد. وەك خۆی دەڵێ، ئەویان وەك باڵیۆزی ئەدەبی كوردی ناوزەد كردووە لەوێ. لەبارەی ئاستی ناسینی ئەدەبی كوردی لەلایەن خوێنەر و وێژەوانانی عەرەبی، جان دۆست گوتی: "منیان وەك باڵیۆزی ئەدەبی كوردی دەبینی و دەرد و ئێش و ئازاری كوردم بردە ئەو وڵاتانە، هەروەها باسی رەوشی زمان و ئەدەبی كوردیم كرد و كوردم وەك میللەتێكی ئەدەبدۆست بەوان ناساند، بەڵام بەداخەوە ئاگایی كەمیان لەبارەی ئەدەبی كوردی هەیە، لە چەند شاعیرێكی وەك شێركۆ بێكەس بەولاوە ئاشنای ئەدەبی كوردی نین. دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپشت ئەو كارەوە بێت و ئەدەبی كوردی بە دونیای دەرەوە بناسێنێ".
رووداو: بەشێك لەو رۆمانانەی تۆ كە تاوەكو ئێستا پێیان ئاشنا بووین، پشت بە رایەڵەیەكی مێژوویی كوردی چ لەسەر ئاستی تاك چ لەسەر ئاستی نەتەوە دەبەستن، دەكرێ لەم سۆنگەیەوە تۆ وەك رۆماننووسێكی مێژوویی بناسین؟
جان دۆست: ئێمە پەندمان لە مێژوو وەرنەگرتووە، هەر لەبەر ئەوەیە دەكەوینەوە ناو هەمان ئەو هەڵانەی باپیرانمان كردوویانە. شۆڕشەكانمان تێكدەچن وەك چۆن شۆڕشەكانمان بە هەمان هۆ پێش سەت- دووسەت ساڵ تێكچوون. لەبەر ئەوە بۆ من مێژوو شتێكی زۆر گرینگە، من دەچمەوە ئەو دەڤەرانەی كە تاریكن، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو پنتە مێژووییانە دەكەم كە دەستی كەسیان پێنەگەیشتووە و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكەم. كەسایەتییە مێژووییەكانمان زیندوو دەكەمەوە، وەك جەنابی ئەحمەدی خانی، قازی محەممەد و شێخ سەعید، بەڵام حەز ناكەم من وەك "رۆماننووسی مێژوو" بناسن. نووسین لەسەر مێژوو تەنیا لایەنێكە، لە رۆمانەكانی مندا فیكر و فەلسەفە و بیروباوەڕ هەن.
رووداو: هێندە نابێ رۆمانی "عەشیقی وەرگێڕ" بە سۆرانی دەرچووە، رەنگە بۆ خوێنەرانی سۆرانی سەرنجڕاكێش بێ لە زاری تۆوە شتێك لەبارەی دونیای رۆمانەكەوە ببیستن.
جان دۆست: من ئەو رۆمانەم لەماوەی كەمتر لە ساڵێك نووسی، تێمای سەرەكی رۆمانەكە یەكتر قەبوڵكردنی نێوان ئاینەكانە. باسم لە ناكۆكیی ئاینەكان و مەزهەب و نەتەوەكان كردووە. چیرۆكەكە ئەوەیە كە ژمارەیەك گەنجی رۆژهەڵات روو لە رۆما دەكەن بۆ ئەوەی فێرە زمانی ئیتاڵی و لاتینی ببن. لەو سەردەمەدا كە كۆتایی سەدەی 17 و سەرەتای سەدەی 18یە، دانوستاندن لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەبوون و وەرگێڕ دەچوون و دەهاتن.
دەهاتنە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و فێرە عەرەبی دەبوون و لەوێشەوە دەچوونە رۆما و فێرە زمانەكانی رۆژئاوا دەبوون. زیاتر پانتاییم بۆ لێبووردەیی فەراهەم كردووە، واتە یەكدی قەبوڵكردنی نێوان نەتەوەكان، لەنێوان دین و مەزهەبەكان. لە "مارتینی بەختەوەر" كە هێشتا نەبووەتە سۆرانی و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی، زیاتر گرنگیم بە هزر و بیر داوە، ناكۆكی لەنێوان گەلان.
رووداو: دەكرێ ئەم پرسیارە و كردنەوەی ئەم باسە وەك موژدەیەكیش بێت بۆ خوێنەرانی كورد، ئەوەندەی ئاگامان لێ هەیە، بە نیازی كۆبانێ بكەیتە رۆمان، بیرۆكەی ئەم رۆمانە چۆن سەریهەڵدا و ئەگەر كەمێكیش بێت ئاشنای دونیای ئەو رۆمانەمان بكە؟
جان دۆست: وەك خۆتان دەزانن كۆبانێ هەم سیمبولی بەرخودانە هەم سیمبولی وێرانبوون، ئاوارەبوون و كۆچ و دەربەدەری، كۆبانێ ئازاری خودی خۆمە كە خۆشم خەڵكی كۆبانێم و ماڵباتەكەم هاوشێوەی خەڵكی كۆبانێ ئاوارەبوون. ئەوێ جێگای منداڵی و یادەوەری و گەرەبوونی منە، بۆ من ئێشێكی گەورەیە و پێموایە بە رۆمانێك و دووان ناتوانم ئازاری خۆم دەرببڕم، وەلێ من ناچارم بنووسم، ئەگەر من وەفاداربم بە ئاو و ئاخ و بای كۆبانێ، دەبێ شتێك لەسەر كۆبانێ بنووسم، چ لەسەر بەرخودانی كچ و كوڕانی بێت، چ لەسەر ژان و ئێش و ئاوارەبوون و بێچارەبوونی خەڵكەكەی.
ئێستا من سەرقاڵی نووسینی رۆمانەكەم، دۆكیۆمێنت و وێنە و رێكەوتەكانم كۆكردوونەتەوە و هەموو رۆمانەكە لەسەرمدا گەڵاڵە بووە، رەنگە تا كۆتایی ساڵ رۆمانەكە ئامادە بێت.
رووداو: رووداوەكانی ئەو رۆمانە لەكوێ روودەدەن، كام بەشی مێژووی كۆبانێ دەكەیتە رۆمان؟
جان دۆست: ئەم رۆمانە باسكردنە لە رووداوەكانی دوای ئەیلولی ساڵی رابردوو. هاوكات باسكردنە لە كۆبانێی پێش ئەو كاتە، باسكردنە لە منداڵیی من، چۆن ژیام، دواتر چۆن بوومە پەنابەر، هەروەها دوای هاتنی داعش و شكان و گەڕانەوەی خەڵكەكەی بۆ سەر جێوار و ماڵە كاولبووەكانیان، ناتوانم بە كورتی بڵێم، بەڵام زۆر لایەنی تێدا دەبێت.
رووداو: تۆ بۆ نووسینی رۆمانی "مژاباد" سەردانی مەهابادت كرد، بۆ نووسینی رۆمانی "میرنامە" سەردانی باكووری كوردستان و بایەزیدت كرد، بەڵام بۆچی بۆ نووسینی رۆمانێك لەسەر كۆبانێ نەگەڕایتەوە و سەردانت نەكرد؟
جان دۆست: بۆ من خەونە بچمە كۆبانێ و هەوڵیش دەدەم بچم. دەمەوێ ئەو وێرانە مەزنە بە چاوی خۆم ببینم. گوێ لە بەرگریكارەكانی بگرم، گوێ لە پەنابەرەكان بگرم، بچمە ژێر خێوەتەكان و بچمەوە گەڕەكی خۆم (سەیدا). بچمەوە مزگەوتی باوكی خۆم، بچمەوە ئەو گۆڕستانەی كە دایك و باوكمی تێدا نێژراون. ئەگەر بچم ئەو شوێنانە ببینم نووسینی رۆمانەكە ئاسانتر دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی من خەڵكی كۆبانێمە و كونج بە كونج ئاشنای ئەو شارەم، سەردانی مەیدانی هێندە پێویست نییە.
رووداو: ئێستا یەكەم رۆمانیشت، رۆمانی "مژاباد" دەكرێتە سۆرانی. لەبارەی ئەم وەرگێڕانە و وەرگێڕانی رۆمانەكانی دیكەت بۆ سەر زاراوەی سۆرانی چی دەڵێن؟
جان دۆست: "مژاباد" نۆبەرە رۆمانی منە، زۆر لەلام شیرینە و بە ئێش و سووتان و عەشقەوە نووسیومە. ساڵی 1996 بەو هەموو ترسەوە كە هەبوو چوومە مەهاباد، چووم لەگەڵ كوڕی قازی محەممەد قسەم كرد، چوومە سەر گۆڕی قازی محەممەدیش. شانازی دەكەم كە مژابادیش ببێتە سۆرانی.
جان دۆست، رۆماننووسی كوردی رۆژئاوای كوردستان و خەڵكی كۆبانێ-یە.
ساڵی 1956 لە كۆبانێ لەدایكبووە، بەشی بایۆلۆژی خوێندووە، بەڵام تەواوی نەكردووە. یەكەم چیرۆكی خۆی "خەونی سووتاو" لە ساڵی 1993 بڵاوكردووەتەوە. دواتر چیرۆكی "مشتێك خۆڵ" و"روویەكی شیرین و چەند چیرۆكێكی دیكە..
- جان دۆست یەكەم رۆمانی خۆی "مژاباد" لە ساڵی 2003 نووسیوە.
- سێ هەنگاو و سێدارە- لە ساڵی 2007 بڵاوبووەتەوە.
- میرنامە- لەساڵی 2008 بڵاوبووەتەوە.
- عەشیقی وەرگێڕ- 2014 بڵاوبووەتەوە.
- خوێنی سەر منارە- 2014 بڵاوبووەتەوە.
سەرباری شیعر و چەند كارێكی دیكەی وەرگێڕان.