فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی تۆرێنتۆ دەستنیشانکرا

رووداو - ئاژانسەکان

لە رۆژانی 8 تاوەکو 18 ئەیلوولی ئەمساڵ، 41مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆرینتۆ لە کەنەدا بەڕێوەدەچێت و رێکخەرانی فێستیڤاڵ ناوی فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵیان ئاشکراکرد.


یەکێک لە شانازییەکان لە بواری فیلمسازیدا، هەر فیلمێک بۆ بەرهەمهێنەران و ستافەکەی تۆماری بکات، نمایشکردنییەتی لە دەستپیکی فێستیڤاڵێکی سینەمایی ئاستبەرزدا. 

"The Magnificent Seven" یەکێک لە فیلمە سینەماییە هۆلیوودییەکانە و بڕیارە لە دەستپێکی فێستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆدا نمایشبکرێت.

چیرۆکی ئەم فیلمە سینەماییە باس لە حەوت کەس دەکات کە لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی پارە و زەوی، هەروەها بەرگری لە خەڵکی گوندێک لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان، بەشێکی دیکەی چیرۆکەکەیە.

لەم فیلمە سینەماییەدا دێنزل واشنتۆن، هێلی بێنێت و کریس پارت رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و ئانتوان فۆکوا کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

ئانتوان فۆکوا، لەبارەی نمایشکردنی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی تۆرێنتۆدا، رایگەیاند، ئەو هیچ شوێنێکی دیکە باشتر لە فێستیڤاڵی تۆرێنتۆ شک نابات بۆ ئەوەی فیلمەکەی لە دەستپێکدا بۆ هۆگرانی سینەما نمایشبکات.

بڕیارە کۆپی نوێی ئەم فیلمە سینەماییە کە لە جۆری فیلمە ئەکشن و سەرکێشییەکاندایە، لە 23 ئەیلولی ئەمساڵدا لە هۆڵ سینەماییەکانی ئەمریکا و جیهاندا نمایشبکرێت.

کۆپی یەکەمی ئەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی 1960 بەرهەمهاتووە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێوە کراوە و داهاتی زۆری بەدەستهێناوە.

لە کۆپیی یەکەمی ئەم فیلمەدا، جۆن ستۆرگێس کاری دەرهێنانی کردووە و یال برینەر و ستیڤ مەکوین رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.