مەسیح و ئارش کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

مەسیح و ئارش، هەردوو هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و خۆیان بۆ ئەنجامدانی دوو کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ئامادە دەکەن. ئەمەش دەبێتە سێیەمین جارە کە ئەو دوو برایە سەردانی کوردستان دەکەن و کۆنسێرت ساز دەکەن.
 
توانا فارووق، رێکخەری کۆنسێرتەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە کۆنسێرتەکانی پێشووی ئەو دوو برا هونەرمەندە لە کوردستان کرا، بڕیارماندا ئەمجارەش بانگهێشتیان بکەینەوە بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرت، چونکە پێگەیەکی جەماوەریی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنسێرتی یەکەم لە 8ـی ئابی 2025 لە شاری سلێمانی ساز دەکرێت و کۆنسێرتی دووەمیش لە 9ـی هەمان مانگ لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێیدا هەردوو هونەرمەند گوڵبژێرێک لە بەرهەمە دیارەکانیان پێشکەش دەکەن.
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە تایبەت بۆ هەوادارانی بڵاوی کردووەتەوە و بۆ رووداو نێردراوە، تێیدا مەسیح دەڵێت: "سڵاو لە رووی مانگ ئاساتان، بڕیارە بۆ جاری سێیەم ئێوە لە کوردستان ببینینەوە، لە ٨/٨ لە سلێمانی و ٨/٩ لە هەولێر. خۆشمان دەوێن."
 
پەیوەندیی مەسیح و ئارش لەگەڵ هەوادارانیان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزە. بەپێی قسەکانی رێکخەری کۆنسێرتەکان، لە ساڵی 2022 و 2024، ئەو دوو برایە هەشت کۆنسێرتی سەرکەوتوویان لە کوردستان ئەنجام داوە، کە چواریان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانی بوون و لە هەر یەکێک لەو کۆنسێرتانەدا زیاتر لە هەزار کەس ئامادەبوون.
 
ئارش و مەسیح عەدلپەروەر، دوو برای هونەرمەندی خەڵکی تارانن و لە دیارترین ناوەکانی میوزیکی پۆپی ئێرانین. ئارش، کە برای گەورەیە، زیاتر وەک ئاوازدانەر، رێکخەری میوزیک و ژەنیار کار دەکات، مەسیح وەک گۆرانیبێژی سەرەکیی گرووپە دووانەکەیان ناسراوە.
 
ئەوان کاروانی هونەرییان بە شێوەی نافەرمی و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێکرد، بەڵام بەهۆی ستایلی تایبەتیان لە میوزیکی پۆپ وئاڕ ئاند بی و تێکستە رۆمانسییەکانیانەوە، توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی گەورە پەیدا بکەن و ببنە یەکێک لە خۆشەویستترین هونەرمەندانی گەنج لە ئێران و دەرەوەی ئێران.
 
مەسیح و ئارش خاوەنی چەندین بەرهەمی بەناوبانگن کە ملیۆنان بینەریان لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکاندا هەبووە، دیارترینیان: "دەریا - دریا" و "شای بەیت- شاه بیت".