گرووپی رۆلینگ ستۆنز بە لۆگۆکەی نیویۆرک و لۆس ئەنجلس رووناک دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی رۆلینگ ستۆنز، دیزاینی لۆگۆ نوێیەکەی بڵاوکردوە و بە قەبارەی گەورە لەسەر باڵەخانەکانی هەردوو شاری نیویۆرک و لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دانرابوو و بە شەو ئەو دوو شارەی رووناک کردووە.
لۆگۆی ئەو گرووپە بریتییە لە دەم و لێوی کچێک و بە یەکێک لە لۆگۆ بەناوبانگەکان دەناسرێت و ئەندامانی گرووپەکە و هەوادارانی بەردەوام بەکاری دێنن و لە 1970 دیزاینکراوە.
لۆگۆکە پێشتر رەنگی سوور بوو، بەڵام لە دیزاینە نوێیەکەدا رەنگاورەنگکراوە.
رۆڵینگ ستۆنز گرووپێکی رۆکی ئینگلیزییە و لە 1962 لە لەندەن دامەزراوە، زیاتر لە شەش دەییە چالاکیان هەیە، یەکێکە لە بەناوبانگترین گرووپەکانی رۆک کە تاوەکو ئێستا چالاکی بەردەوامە.
سەرەتا کاری گرووپەکە کەڤەرکردنی بەرهەمی هونەرمەندانی دیکە بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەمی تایبەت بە خۆیان بڵاوکردەوە ناوبانگییەکی زۆریان بەدەستهێنا لەوانەش گۆرانی 'I Can't Get No' و 'Get Off of My Cloud' لە 1965 و گۆرانی ' Paint It Black' لە 1966.
ئەو گرووپە بە یەکێک لە پڕفرۆشترین گرووپە میوزیکییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، تاوەکو ئێستا 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون، هەروەها براوەی سێ خەڵاتی گرامییە و خەڵاتێکی دیکەی گرامی وەک رێزێک لە تەمەنێک چالاکی بە ئەندامانی بەخشراوە.