هەردی سەڵاح لەبارەی وازهێنانی لە گۆرانی بۆ رووداو دەدوێت
رووداو- هەولێر
گۆرانیبێژی گەنج هەردی سەڵاح، پاش بڵاوکردنەوەی چەند ئەلبوومێک گۆرانی لە مەیدانی گۆرانی و هونەری دوورکەوتەوە، بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک و هۆکارێک بۆ هۆگران و دۆستانی بخاتەڕوو.
هاوکات لەگەڵ هاتنی سەری ساڵ لە راگەیاندنەکانی کوردستان بڵاوکرایەوە کە هەردی سەڵاح بەشداری ئاهەنگی سەری ساڵی هەولێر دەکات و چەند گۆرانییەک پێشکەش دەکات، لە کاتی پرۆڤەکردن بۆ ئەم کۆنسێرتە، تۆڕی میدیایی رووداو بە دەرفەتی زانی چەند پرسیارێک لە بارەی وازهێنان و گەڕانەوەی بۆ نێو کاری هونەری رووبەڕووی هەردی بکاتەوە.
هەردی سەڵاح بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "راستە من وازم لەکاری هونەری، چ گۆرانی گوتن و چ ئاوازدانان و هەرکارێکی دیکەی هونەری هێناوە، لێرەشەوە لە رێگای رووداو دوپاتی دەکەمەوە لە دوای کۆتایی هاتنی ئەم کۆنسێرتە کە وەک ئەرکێکی نیشتمانیی بەشداریم کردووە، هیچ کارێکی دیکە ناکەم".
لەبارەی هۆکاری وازهێنانیشی، هەردی دەڵێت "ئەو رۆژە دێت هۆکاری سەرەکی وازهێنانم بۆ رای گشتی بخەمەڕوو، کە لەبەر چی من وازم لە کاری هونەری هێناوە و چی وایکردووە دووربکەومەوە."
هەروەها لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەردی ئاسوودەیە بە وازهێنان لە گۆرانی گوتن، چونکە هوگرێکی زۆری لە کوردستان هەبووە، لەمبارەیەوە گوتی "ئەوەش راستە، حەقی خۆشیان هەتا ئەگەر قسەشم پێ بڵێن، بەڵام کاتێك من هۆکارەکەم بۆ ئەوان ئاشکرا کرد، ئەوانیش دەگەنە ئەو بڕوایەی کە من هەڵە نەبوومە".