نووسەر، هونەرمەند و هەڵبەستڤانانی کورد لە رێگەی رووداوەوە پەیامی خۆیان بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، رادیۆی رووداو ژمارەیەک نووسەر، هونەرمەند، هەڵبەستڤانی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرا بەسەرکردوونەتەوە و لەبارەی کارەکانیان لە ساڵی 2022 و بەرنامە و بەرهەمەکانیان بۆ ساڵی 2023 پرسیاری لێکردوون.
محەممەد دیجلە، چیرۆکنووس دەڵێت، "ساڵی 2022 بۆمن ساڵێکی باشبوو، هەم وەک نووسینی کتێب و هەمیش وەک چاپکردنی گۆڤاری کورتە چیرۆک، کە توانیمان چەند ژمارەیەکی باشی لێ چاپ بکەین، سەرباری سەختیی ژیان و قەیرانی ئابووری، بەڵام ئێمە بەردەوام بووین."
ئەو چیرۆکنووسە دەشڵێت، "من وەک نووسەر تائێستا سێ پەرتووکی چیرۆکم چاپکردوون، هەر یەکێکیان سێجار چاپکراونەتەوە، رۆمانێکیشم ئامادەیە بۆ چاپ، لە سەرەتای ساڵی نوێ چاپ دەبێت و یەکەم رۆمانمە، ناوەڕۆکەکەی باسی کوردستان دەکات لە ساڵانی 1990."
محەممەد دیجلە باس لەوەش دەکات، لە ساڵی داهاتوودا گۆڤارەکەیان بەردەوام دەبێت و لە سەرەتای ساڵی نوێ ژمارەیەکی دیکەی لێ چاپ دەکرێت، پلانیشـان هەیە وەشانخانەیەکی کوردی دروست بکەن بۆ ئەوەی کتێبی زیاتر بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوببنەوە.
چیرۆکنووسە کوردەکە دەشڵێت، "بەداخەوە لە بواری خوێندنەوە و نووسین دۆخی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان باش نییە، هەموو شتێک بووەتە سیاسی و هەموو شتێک بە تورکییە و رێگری لە زمانی کوردی دەکرێت، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا خراپترین ساڵەکانی زمانی کوردین لە باکووری کوردستان، دەخوازم لە ساڵی داهاتوودا ئەو رەوشە باشتر بێت."
د. عەلی میرانی، لێکۆڵینڤان بەمشێوەیە چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە:
ساڵی 2022 بۆمن ساڵێکی باشبوو، ژمارەیەک توێژینەوەم بڵاوکردنەوە، سێ لێکۆڵینەوەم لە زانکۆ بەناوبانگەکان بڵاوکردنەوە، یەکێک لە زانکۆی مەلیک خالید لە سعودیە و یەکێکیش لە زانکۆی وان و ئەوەی دیکەش لە زانکۆی کوێت لە کوێت، هەروەها نزیکەی 20 لێکۆڵینەوەی دیکەم لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بڵاوبوونەوە، لێکۆڵینەوەکانم بەشێکیان لەسەر ئەو بنەماڵە کوردانەبوون کە لەدیمەشق دەژین.
بۆ ساڵی 2023 ژمارەیەک لێکۆڵینەوەم ئامادەن، سێ لێکۆلێنەوە لەسەر ئەمریکا و فراوانخوازییەکەی، هەروەها لەسەر کەنەدا و رۆمانیا و وڵاتانی دیکەش توێژینەوەم کردوون، من پێموایە لێکۆڵینەوە لە نووسینی کتێب باشترە، چونکە زیاتر بڵاودەبنەوە و لە گۆڤاری زانستی بەناوبانگی دونیاش بڵاودەبنەوە.
ئەو لێکۆڵینەوە نوێیانەمان لە ساڵی داهاتوودا بڵاودەبنەوە، لەبەر ئەوەی گۆڤارە زانستییەکان زۆربەیان وەرزین و رێوشوێنی بڵاوکردنەوەیان زۆر تووندە، بۆیە دیار نییە کەی ئەو توێژینەوانەم بڵاودەبنەوە. بەداخەوە ئێمە وەک کورد لە دۆخێکی باش نین، هەرچەندە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دۆخەکە تا راددەیەک باشترە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێموایە دۆخی کورد باش نییە، هیوادارم ساڵی داهاتوو بۆ کورد ساڵێکی باش بێت.
کەریم دەشتی، هۆزانڤان
ئەم هۆزانڤانە پێیوایە لە رووی سیاسییەوە 2022 پڕ گرفتی سیاسیی بوو بۆ خەڵکی کوردستان، خەڵک لە نائارامییەکی زۆردا دەژیت، دۆخی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە، بەڵام ساڵی 2022 دا بزاوتێکی گەورەی چالاکی ئەدەبی و رۆشنبیری روویدا، کۆڕ و کۆبوونەوە و فێستڤاڵی ئەدەبی باش ئەنجامدران و ژمارەیەک کتێبی باش چاپکراون و خراونەتە کتێبخانەی کوردییەوە.
ئەو بەردەوامە لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی و دەشڵێت، لە 2022، سێ بەرگی کۆدیوانی شیعرەکانی لەلایەن دەزگای موکریانەوە چاپکراون، کۆی بەرهەمی شعرییەکەی لە 1980ـەوە تاوەکو 2020 کە بریتیی بوو لە 16 دیوانی شیعری و کۆبەرهەمەکانی بە ناوی "کازیوەی سپی شیعر".
لە 2022دا کۆڕ و کۆبوونەوەی باش لە هەولێر هەبوون، لەلایەن یەکێتیی نوسەرانی کورد لقی هەولێر، رۆژانی سێشەممە و چوار شەممە و پێنج شەممان بەردەوام کۆڕی ئەدەبی هەبوون و خەڵکێکی زۆر بەشدار دەبوون.
ساڵی رابردوو فێستیڤاڵی رۆشبنیریی و هونەری زۆرباش لە هەولێر کراون بەتایبەت شانۆ. بۆ ساڵی 2023 چەند کتێبێکم ئامادەیە بۆ چاپ (کۆمەڵێک دیوانی شیعری و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراو و بابەتێکی ئەدەبی). کتێبەکان بە زمانی کوردیین و هەندێک کتێبیشی هەیە وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی.
دۆزی کورد، پەیوەستە بەخۆمانەوە، ئەگەر یەکگرتووبین پێشدەکەوێت، ئەگەریش پەرتەوازەبین، دوژمنانیش دەیقۆزنەوە، هیودارم تەبایی و یەکڕیزی بەهێزبێت.
دڵشاد عەبدوڵڵا، هۆزانڤان
ساڵەکان بۆ نووسەران و شاعیران زۆر شت ناگۆڕن، بەڵام لە 2022دا دوو کتێبم وەرگێڕدرابوون بۆ فارسی و عەرەبی. کتێبێکم بە ناوی (باسەی ئیشراق) بۆ زمانی فارسی کە مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕابوو، کتێبێکم بە ناوی (بحيرة البط الأزرق) بۆ زمانی عەرەبی، موکەڕەم رەشید تاڵەبانی وەریگێڕاوە. هەروەها کتێبێکی شیعریم بە ناوی "دیوار کەمێک لاسارە" کە دەزگای باڵندە لە سلیمانی لەچاپیداوە. کتێبێکیشم ئامادەیە و لەژێر چاپدایە بە ناوی "بێدەنگی گەورە" کە پێدەچێت تاوەکو بەهار لەچاپ بدرێت.
کار لەسەر بەرهەمی دوو شاعیری جیهانیش دەکەم کە براوەی خەڵاتی نۆبڵن، (ديريك والكوت) و شاعیرێکی پۆڵەندی. تووشی نائومێدی بووم لە دۆخی چاپەمەنی و ئەدەبی کوردی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە کە نووسەر، خۆی کتێبەکەی تایپ بکات، هەڵەچنی بکات، چاپی بکات و بڵاویشی بکاتەوە
ئەگەر تەماشای هەموو کەناڵەکان بکەیت بەرنامەیەکی ئەدەبی ئاست بەرزی باشیان نییە، لەکاتێکدا لە هەموو بوارەکاندا بەرنامەیان هەیە. لەکاتێکدا نەتەوە لەسەر بنەمای ئەدەبییات دروست دەبێت، گرنگە رووداو بەرنامەیەکی ئەدەبی باشی هەبێت، پرۆسەی بونیادی نەتەوە، بە شەقام و باڵەخانە نییە. زۆر وەزارەت هەیە زیادەیە، بۆ نموونە، وەزارەتی رۆشنبیریی چ زیادەیەکی بۆ کایەیی رۆشنبیریی هەیە؟
شاعیر جاران، زمانحاڵی هۆز و نەتەوە و شار بوو، ئێستا پەیامی شیعری جیهانی گۆڕاوە و پەیامێکی جیهانییە، من زۆر باجی هەڵوێستەکانی خۆمم داوە، لە شەڕی ناوخۆ یەکەم کەسبووم لە دژی شەڕی ناوخۆ نووسینم بڵاوکردووەتەوە. بۆ ساڵی 2023 کۆمەڵێک نووسینم لەبەردەستدایە لەسەر شاعیرانی دەرەوە، پرۆژەیەکم لەبەردەستدایە، بۆ ئەوەی درێژە بە کتێبی رەش بدەم کە ساڵی 2021دا لەلایەن دەزگای سەردەمەوە بڵاوکرایەوە.
عەبدۆ شێخۆ، نووسەر و وەرگێڕ
تاوەکو ئێستا 11 کتێبم چاکردوون، 10 وەرگێڕانن، یەک کتیبیش نووسینی خۆمە، بەشی زۆری وەرگێڕانەکانم لە عەرەبییەوە بۆ کوردیە، هەروەها لە کوردیشەوە بۆ عەرەبی کتێبم وەرگێڕاون، لە ساڵی 2022 دوو کتێبم وەرگێڕاون و لە ساڵی داهاتوودا چاپ دەکرێن.
لە وەشانخانەکەمان ئەمساڵ نزیکەی 13 کتێبمان چاپکردوون، کتێبەکانمان کتێبی باشبوون، بەشێکیان رۆمانن و هەندێکیش لێکۆڵینەوەن و کتێبی مێژوویی و جوگرافیش لەسەر رۆژئاوای کوردستانن.
رەوشی فرۆش و چاپی کتێب لە رۆژئاوای کوردستان ساڵی 2022 هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتبوو، لەڕاستیدا لە رۆژئاوای کوردستان ستراتیژێک بۆ جاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب نییە، پێویست بوو گرنگیدان و ستراتیژێکی باشتر بۆ چاپی کتیب و خوێندنەوە هەبووایە.
لەبارەی دۆخی کورد لە ساڵی داهاتوودا من گەشبینم، چونکە پێماوایە کێشەی کورد زیاتر ناسراوە و رۆژ بە رۆژیش باشتر دەبێت.
عەلی جزیری، لێکۆڵینڤان
لە ساڵی 2022 پەرتووکێکم لە ئەکادیمیای کوردی بڵاوکرایەوە بە ناوی (کوردێن هاتنە خاپاندن)، هەروەها پێداچوونەوەمان بۆ چەندین کتێبی دیکە کردووە، ئێستا پەرتووکێکیشم لەژێر چاپە کە 500 لاپەڕەیە بە ناوی ( کوردستانی سووریا لەژێر هێرشی شۆڤینی عەرەبدا)، ئەو کتێبەم لە چەند رۆژی داهاتوودا چاپدەکرێت.
لە ساڵی 2023 کتێبێکی دیکەشم لەبەردەستە کە پێشتر بە عەرەبی نووسیومە بە ناوی ( ئەدەبی زارەکی کوردی) دەیکەمە کورمانجی و بڵاوی دەکەمەوە، تاوەکو ئێستا 12 کتێبم نووسیون و بەرهەمەکانم بە زمانی عەرەبی بڵاوکراونەتەوە. هیوادارم دۆخی کورد لە ساڵی 2023 باشتر ببێت، لە راستیدا کورد دوژمنی زۆرن، بەڵام ئومێدمان هەیە کێشەی کورد لە ساڵانی داهاتوودا چارەسەر ببێت و دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورد بێت.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەند
ساڵی 2022 ساڵێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام بۆمن ساڵێکی پڕ بەرهەم بوو، من لەو ساڵەدا توانیم نزیکەی 20 بەرهەم تۆمار بکەم، بەهۆی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردنەوەی کلیپەکانیانم دواخستووە، ئەوانەی بڵاوبوونەوەی (نامەکانت) لەگەڵ (کیژی کورد)، ئەوەی دووەمیم بۆ ژینا ئەمینی گوتووە.
هونەر رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا، بەتایبەت بۆ ئێمەی کوردیش بایەخ و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، دەبێت هونەرمەندانیش لە ژان و خەمی نەتەوەکەی خۆیان بن. ئەمساڵ بەهۆی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی خۆمان نەمتوانی بەشداری هیچ ئاهەنگێک بکەم، بەڵام هیوادارم لەس اڵی داهاتوودا بەرهەماکانم بڵاوبکەمەوە و کلیپیان بۆ بکەم.
میکائیل، هونەرمەند
ئەو ساڵانەی دوایی هەر لە 2013 تاوەکو 2022 ساڵانێکی ناخۆش بوون بۆ ئێمەی کورد، ئەو رووداوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر من هەبوو، هەر لە هێرشی داعش بۆسەر باشوور و هێرشەکانی تورکیا و دوایینجاریش هێرشەکانی ئێران و ئەو رووداوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوشتاری خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەموومانی پرسەدار کردووە.
بۆ پرسی بەرهەمی نوێ لە راستیدا من هەرچی لە توانامدابووە کردوومە، هەموو ئەو بەرهەمەکانیشم لەسەر گیرفانی خۆم بووە و هەرگیز هاوکارییەکم لە هیچ لایەنێک و وەزارەتی رۆشنبیریش وەرنەگرتووە. ئێستاش تەمەنم گەورەبووە، بەڕاستی چیتر ئامادەنیم لە منداڵەکانم بگێڕمەوە و بیدەم بە سیدی و کاسێت، چونکە کاتی ئەوەی هاتووە لە خەمی ژیانی خۆم بم، "من جەستەشم لەسەر نەتەوەکەم داناوە، هونەرەکەشم لە خزمەتی نەتەوەکەم بوو، بەڵام ئەویش بۆمن هیچ سوودی نەبوو"، لەمەودوا ناتوانم بەرهەمی نوێ بکەم، چونکە هیچ هاوکارییەکم نییە، مەگەر خۆم شتێکم بۆخۆم زۆر بەدڵ بێت و بیکەم لە ئینتەرنێت بڵاوی بکەمەوە.
ئەگەر مافی هونەرمەندان پارێزراوبووایە، نەدەبوو بەو شێوەیە بێت، من ئێستا کە لە سوێدم و کە پێشتریش لە باشووری کوردستان بووم کەسێک نەهات بڵێت سپۆنسەری کارەکانت دەکەم، لە راستیدا من پێموایە دەبێت هونەر رەنگدانەوەی کۆمەڵگەبێت، من لەوەدا درێخیم نەکردووە، هونەری رەسەن ئەوەیە بە تێپەڕبوونی کات وننەبێت و بمێنێتەوە، ئەگەر هونەرێکیش لە ناخی کۆمەڵگە و خەم و ئازارەکانییەوە هەڵنەقوڵابێت زوو بەسەر دەچێت.
لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەڵیت،" رۆژهەڵات خوێنی لێدەچۆڕێت و دەبوو خەڵکی ئێمە لە باشوور پشتگیری زیاتری خۆپێشاندانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بکردایە، چونکە ئەو خەڵکە کە رژاونەتە سەر شەقام، بە دەستی بەتاڵ رژاونەتە سەرشەقام زۆر لە ئێمەی پێشمەرگە بەتوانا و زیرەکترن، چونکە ئەوەی رژاونەتە سەر شەقام بۆ ئەو ماف و ئازادییەیە کە 40 ساڵە لێیان زەوتکراوە، چونکە ئێستا لە رۆژهەڵات خەڵک نیگەرانن لە هەڵوێستی باشوور، وەک بڵێی ئەو برینە هی کورد نەبێت."
هیوادارم ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خێروخۆشی بێت، من بۆ سەری ساڵ وەک هاوخەمی بۆ خەڵکی خۆم لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک ناکەم.
حەسەن سلێڤانەیی، نووسەر
ساڵی 2022 لە رووی بزاڤی رۆشنبیرییەوە بۆ دهۆک ساڵێکی باش بوو، بەوەی کە توانیومانە لە رێگەی پێنجەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و رووناکبیران و هونەرمەندانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و زێدەتر لە 20 نووسەری عێراقی بانگهێشتیی فێستیڤاڵ بکەین.
پەرتووکێکم بە ناوی "هەر سپێدە" کە وەرگێڕانی بەرهەمی هۆنراوەی 26 شاعیری عەرەبە (ژن و پیاو)، بە شێوەزاری کورمانجی بە رێنووسی لاتینی لە چاپخانەی ئاڤێستا لە ئیستەنبووڵ لە ئەیلوولی 2022دا چاپکراو بڵاوبووەتەوە. لەبارەی بەرنامە و کارەکانمان بۆ ساڵی 2023 لە 21ی شوبات، یەکێتیی نووسەران بۆ رۆژی زمانی دایک چالاکیمان دەبێت و لە مانگی ئادار، (دیداری نەورۆز بۆ هەڵبەست) ئەنجامدەدەین.
ئێستا لەگەڵ چاپخانەی (خطوط وظلال) لە عەممانی پایتەختی ئوردن بۆ مانگی ئادار، کتێبێکم چاپدەکرێت بە ناوی (قصائد من کوردستان) کە بەرهەمی 36 هۆزانڤانی کوردە، لە زمانی کوردییەوە وەرمگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی. تاوەکو ئێستا نزیکەی 16 کتێبی چاپکراوم هەن کە بریتن لە (رۆمان، چیرۆک، وەرگێڕان).
لەبارەی دۆخی کورد لە ساڵی داهاتوودا دەبێت ئێمە یەکڕیزیمان بپارێزین، خاکی کوردستان و دەستکەوتەکان بپارێزین. واز لە بەرژەوەندییە کەسییەکانمان بهێنین، چونکە دەوروبەرمان هەمووی دەیانەوێت ئەزموونی ئێمە لەنێوبچێت، ئێمە برای یەکین، بوون و مانەوەمان بەندە بە یەکگرتوو و یەکڕیزییەوە. دەبێت نووسەران و رۆشنبیران، کاتێک ناکۆکییەک هەیە ئاگری شەڕ خۆش نەکەن، بەڵکو دۆخەکە هێور بکەنەوە و رۆڵی یەکڕیزی بگێڕن.
عادل نادری، هونەرمەند و گۆرانیبێژ
ساڵی 2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان روونە کە بارودۆخەکە چۆنە و هونەرمەندان هیچیان بۆ نەکراوە، بەرهەمی نوێم ئامادەن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نەمتوانیوە بڵاویان بکەمەوە. ئەو بەرهەمانەی ئامادەن لە شێوەی ئەلبووم و تراکی جوداشن، پێشتر ئامادەکراون، هیوادارم لە ساڵی داهاتوودا بتوانم ئەو بەرهەمانەم بڵاوبکەمەوە. ئەلبوومەکەم بە شێوەزارەکانی (سۆرانی، کەڵهوڕی، کرمانجی)یە.
من وەک هونەرمەند تاوەکو ئێستا سێ ئەلبوومم هەن و کۆی گشتیی بەرهەمەکانم نزیکەی 80 گۆرانییە. لەبارەی دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تێڕوانینم بۆ ساڵی 2023 پێموایە هەمووی بەرەو ئاسۆیەکی روون هەوڵدەدات، بەڵام کەی بەدی دێت، ئەوە شتێکی دیکەیە و دەبێت کورد بۆخۆی هەوڵبدات.
محەممەد حەمۆ، نووسەر
بۆمن ساڵی 2022 لە 2021 باشتر بوو، ساڵی 2022 دوو کتێبی تازەم چاپبوون و بڵاوکرانەوە یەکێکیان لە چاپخانەی ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردی لە سلێمانی و یەکێکیشیان لە ئەنقەرە، نووسینەکانم بە شێوەزاری کرمانجی و بە رێنووسی لاتینییە، هەندێک لە بەرهەمەکانیشم بە زمانی عەرەبییە.
بۆ ساڵی 2023 کتێبێکی تازەم لەبەردەستدایە لەبارەی عەفرین، کاردەکەم بۆ ئەوەی لە بەهاری 2023 چاپبکرێت، کتێبە بەزمانی کوردییە. تائێستا 10 کتێبی چاپکراوم هەن کە یەکێکیان چاپی دووەمیشی هەیە، کتێبێکیشم لەبارەی شانۆ لە فەرەنسا بە زمانی فەرەنسی چاپکراوە.
هیوایەک دەبینم بەوەی کە لە داهاتوودا کورد سەرکەوتنی باش بەدەست دەهێنێت، ئێستا لە قۆناخێکی هەستیارداین و دەبێت یەکگرتووبین لە ساڵی داهاتوودا رەوشی کورد و کوردستان باشتر دەبێت.
جەلال بەرزنجی، هۆزانڤان
من لە دوو زەمەندا دەژیم، زەمەنی خودی "کە زەمەنێکی بێ کۆتاییە و من زیاتر لەگەڵ ئەو زەمەنە دەژیم"، بەڵام زەمەنی مانگەکان و ساڵەکان، ئەوەش بەشێکی دیکەیە لە ژیانم. ساڵی 2022 بە ساڵێکی باشی دەبینم بە تایبەت لاوازبوونی پەتای کۆرۆنا، هەروەک ساڵێکی پڕ بەرهەم بوو بۆ من.
دوو کتیبم لە ساڵی 2022 جاپکران، پیاوە بێجامە شینەکە، کە لە ساڵی 2011 بە ئینگلیزی لە کەنەدا بڵاوبووبووەوە، ئەمساڵ دەزگای پام وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. هەروەها سەرجەم بەرهەمە شیعرەکانی لە 1971ـەوە تاوەکو 2019 هەمووی پێکەوە چاپکراون. هەروەها لە مانگی 11 لەلایەن زانکۆی ئەلبێرتای کەنەداوە، بڕوانامەی دکتۆرای فەخریم لە ئەدەب پێبەخشرا. نووسین بۆمن پرۆسەیەکی بەردەوامە، راستە رووداوەکان کاریگەری دەبێت، بەڵام بەردەوام دەبم و رەنگە ئەو رووداوانە ببنە کەرەستەی رۆمان، باوەڕ ناکەم 2023 لە 2022 بۆ من پڕ بەرهەمتر بێت.
ساڵی داهاتوو کار لەسەر رۆمانێک دەکەم کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و دەرەوەوە هەیە، هیوادارم لە 2023 تەواوی بکەم.
لەبارەی دۆخی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەت نیین، هەمیشە لەژێر هەڕەشەین، دەبێت ناوماڵی خۆمان یەکبخەین، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی ئەوەی هەیە.
بورهان ئەحمەدی، سینەماکار
ساڵی 2022 دۆخێکی سەخت بوو بۆ سینەماکاران، دۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری لەسەر کاری سینەماکاران هەبوو.
ئێمە لە نائومێدی، ئومێد دروست دەکەین، هەمیشە لە خۆشی و شادی لەگەڵ یەکبووین. لەگەڵ هونەرمەندانی کورد لە باشوور و ناوچەکانی دیکە، پێکەوە کار دەکەین، رەنگە بە خێراییەکی کەمتربێت، بەڵام کارەکانمان بەردەوامی پێدەدەین. ساڵی رابردوو دۆخەکە بۆ هەموو گەلانی ئێران قورس بوو، بەڵام بۆ کورد قوستر بوو.
لە ساڵی 2022 بەڵگەفیلمێکم لەسەر کوردانی فەیلی، جینۆسایدی کوردانی فەیلی ئامادەکرد، ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژکردندایە.
فیلمێکی دیکەم بەدەستەوەبوو، فیلمی ژان، ماهیر حەسەن رۆڵی تێدا دەگێڕێت "لە رۆڵێکی جیدیدا"، فیلمەکە خۆم و ماهیر حەسەن بەرهەممان هێناوە، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی یەک لە سلێمانی نمایشبکرێت.
سینەماکاران و فلمسازان، بەردەوام کێشەی نەبوونی بەرهەمهێنەر و سپۆنسەرمان هەیە. ئێمە پیشەییبوون و کارەکەمان نافرۆشین. زۆرجار بەرهەم و بەڵگە فیلمەکانم لەگەڵ رووداو بووە. بۆ فلیمی ژان، دوو ساڵ بەدوای بەرهەمهێنەر و پاڵپشتیی داراییدا دەگەڕام. هاوکارییەکانی حکومەتی ئێران زۆر سنوردارە، بەڵام ئەوەندە رێگەدەدات کە "هێڵە سوورەکان" نەبەزێندرێت.
دۆخی هونەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان باشە، سینەمای باش هەیە، گەورەترین سینەمای رۆژئاوای ئێران لە شاری سنەیە، بەڵام وەکو باشوور نییە، لە باشوور زیاتر گرنگی بە هونەر و چوون بۆ تەماشاکردنی فیلم دەدرێت. ئێمە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر تیشکمان لەسەر تارانە بۆ نمایشەکانمان. لە باشوور دەیان کەناڵ و ناوەندی میدیایی هەیە بۆ رێکلام و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان، لە رۆژهەڵات ئەوە نییە، ئەوەش کاریگەری دەبێت.
بۆ ساڵی 2023 لەگەڵ هاوژینەکەم و خاتوونێکی دیکە لەهەوڵداین بۆ نووسینەوەی سیناریۆی درامایەک بۆ ئەوەی لەگەڵ کەناڵێک لە باشووری کوردستان بەرهەمی بهێنن کە بەزمانی کوردی دەبێت. دەمانەوێت کاری هاوبەش لەنێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرە پێبدەین.
ئازاد زاڵ، نڤیسکار و خاوەنی وەشانخانەی "ژی ژی" لە باکووری کوردستان
ساڵی 2022 تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی قەیرانی ئابووری لە دۆخێکی خراپدا بوون، ئەو قەیرانە کاریگەری لەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەش هەبوو، لەو ساڵەدا خوێنەریش کەمتربوون، بەتایبەت ئەو کەسانەی بە زمانی کوردی دەخوێننەوە، سەختی ژیان وایکردووە خەڵک نەتوانن کتێب بکڕن، چونکە بەهای کتێب زۆر زیاتربووە لە جاران، ئەمەش کاریگەری لەسەر فرۆش هەبووە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە ساڵی 2022 چاپکردنی کتێب بووەتە نیوە، ئێمە لە وەشانخانەی خۆمان ساڵی رابردوو لەسەر شێوەزاری زازاکی و زمانی کوردی بە شێوەیەکی گشتی کارمان کردووە، لەوانەش فەرهەنگێکی زازاکیمان چاپکرد، هەروەها بەرهەمێکی دیکەش وەک رێبەری قسەکردن بە زمانی کوردی بۆ چاپ ئامادەیە و لە ساڵی داهاتوو چاپی دەکەین.
ئامانجمان بوو لەو رێبەرە پێنج هەزار پەرتووک چاپ بکەین، بە تایبەت بۆ نزیکردنەوەی هەردوو زاراوەی زازاکی و کورمانجی لەیەکتر. لەبارەی بەرهەمەکانی خۆشم لە ساڵی داهاتوودا رۆمانێک چاپ دەکەم بە ناوی "زارۆکێن وندا" کە باس لە مێژووی گەلی کورد دەکات لە کۆماری کوردستانەوە تاوەکو شۆڕشەکانی دیکە، رۆمانەکە گێڕانەوەی مێژووە بە شێوەیەکی ئەدەبی، هەروەها دوو کتێبی دیکەشم ئامادەن بۆ چاپ و پێش نەورۆز بە زمانی کوردی چاپ دەبن.
بۆ ساڵی ئاییندە دۆخی کورد و کوردستان خراپ نابینم و پێموایە ئەو 100 ساڵەی داهاتوو 100 ساڵی کوردانە، ئەگەر کورد بتوانن یەکێتیی نەتەوەیی دروست بکەن، دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین، چونکە دەبێت لەگەڵ سیاسەتی جیهانبینیی نوێ خۆمان بگونجێنین، ئەگەر ئەو دەرفەتانە لەدەست نەدەین لە 10 ساڵی داهاتوودا کورد دەستکەوتی زۆر بەدەست دەهێنێت.
فەخریە ئادسای، نووسەر و وەرگێڕ
ساڵی 2022 بۆمن ساڵێکی بەرهەمداربوو، دوو کتێبی وەرگێڕانم چاپکران، ساڵی داهاتووش کتێبێکی دیکەم ئامادەیە بۆ چاپ و بڵاودەبێتەوە. بۆ ساڵی 2023 پلانم هەیە چەند کتێبێکی دیکەش وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی، من لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگیڕان بۆ زمانی کوردی دەکەم، تاوەکو ئێستا 25 کتێبم وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی.
ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان خوێنەری کتێبی کوردی کەمبوو کە جێگەی دڵخۆشی نەبوو، یەکێک لە هۆکارەکانیش نەبوونی پەروەردەی زمانی کوردییە، نەوەی نوێ هەمووی بە تورکی دەخوێنن لە سەرەتایی تاوەکو زانکۆ، راستییەکەی هەموو کایەکانی ژیان لە باکووری کوردستان بوونەتە تورکی، هۆکاری دیکەش ئەوەیە خەڵک ئەگەر کوردیش نەزانێت هیچ کێشەی بۆ دروست نابێت و دەتوانێت کاربکات و بخوێنێت، ئەمەش وادەکات کورد ناچارنەبن خۆیان فێری کوردی بکەن، ئەمەش بەشێکی زۆری هۆکاری سیاسیی وایان کردووە، ئەو هەستە لای خەڵکی باکووری کوردستان دروست ببێت. دەخوازم ساڵی 2023 جیاوازبێت و ساڵی هاتنەدیی ئاواتەکانمان بێت.
عەتا نەهایی، رۆماننووس
ژیانی نووسەرانیش لەژیر کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەکەیدایە، 2022 ساڵێکی سەخت بوو بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. بەهۆی باری تەندروستییەوە، لە 2021 و 2022دا هیچ بەرهەمێکم نەبووە، بەڵام زیاتر پێداچوونەوە بووە بۆ ئەو بەرهەمانەی تەواو نەکراون و بڵاونەکراونەتەوە.
لەم دوو ساڵەدا سەرقاڵی تەواوکردنی ئەو بەرهەمانەم کە تەواو نەکراون، بریتین لە رۆمانێک و دوو چیرۆک. پێداچوونەوەکان بۆ ئەو بەرهەمانەیە کە بڵاونەکراونەتەوە، چونکە هەموو نووسەرێک کۆمەڵێک کار و بەرهەمی هەیە لەکاتی خۆیدا بڵاونەکراونەتەوە. بە درێژایی ئەو ساڵانەی کارمکردووە، گەلێک کاری تەواونەکراوم هەیە. ئەدیب و نووسەر وەکو هەر پیشەیەک نییە کاتێکی دیاریکراوی هەبێت، نووسین و بەرهەمی ئەدەبی مەرجەکەی ئەوەیە ئاستی ئەدەبی دانەبەزێت و لە ئاستی خوێنەردا بێت. زۆر نیگەران نیم کە بەرهەمم نەبووە ئەم دوو ساڵە، جۆرێتی نووسینم لا گرنگە نەک چەندێتی.
دوو رۆمانی بڵاونەکراوەم هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک چێرۆک و گوتار و رەخنەی ئەدەبی. دۆخەکە هێور ببێتەوە، کاردەکەم بۆ ئەوەی کۆبەرهەمی نزیکەی 40 ساڵی تەمەنی ئەدەبی خۆم بڵاوبکەمەوە. لە ژیانی ئەدەبیمدا هەمیشە بە زمانی کوردی نووسیومە و رەنگە بەرهەمەکانم تاک و تەرا بە زمانی فارسی یان زمانەکانی دیکە بڵاوکرابێتەوە.
سێ کۆمەڵە چیرۆک و سێ رۆمانم بڵاوکردوونەتەوە لەگەڵ وەرگێڕانی 11 رۆمانی جیهانی و بڵاوکردنەوەیان، لەگەڵ کتێبێکی لێکۆڵینەوەیی بۆ داستانی بەیتەکانی کوردی. رۆمانی "گرەوی بەختی هەڵاڵە"، وەرگێڕداوەتەوە سەر زمانی عەرەبی و لە کوێت بڵاوکراوەتەوە.
لەبارەی دۆخی کورد لە ساڵی داهاتوودا، پێموایە رەوڕەوەی مێژوو بەرەوپێش دەڕوات، ئەگەر چی 60 ساڵی رابردوو پڕ لە خوێن و کارەسات بووە، بەڵام بەرەوپێش دەچێت و باجی قورسی هەیە کە کورد لە هەر چوار پارچە باجەکەی دەدات. کۆمەڵێک کێشە و گرفت لە ئەقڵیەتی کوردییدا هەیە بەربەستە لە پێشکەوتنی کورد. ئەرکی نووسەر و ئەدیبان ئەوەیە پڕ هیوا و ئومێدبن. ئاواتم، دوارۆژێکی باشترە بۆ کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران، بە تایبەت ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.
کۆنێ رەش، نووسەر
ساڵی 2022 بۆمن ساڵێکی بەرهەمداربوو، دوو پەرتووکم چاپکران، یەکێک بە ناوی "ئەزوجگەرخوێن" ئەوەی دیکەش "ژیانی رۆشنبیری لەنێو کوردانی سووریا" بە زمانی عەرەبی چاپکرا، ئەم کتێبە بە زمانی کوردیش لە ساڵی نوێ چاپ دەبێت. هەروەها چەند کتێبی دیکەم لەبەردەستن بۆ 2023 یەکێک لەوانە رۆمانە بە ناوی "ژ ئەڤینا رۆژێن کەون" هەروەها "ژ تورکێ کۆنێ رەش" کتێبێکی دیکەیە، دیوانی چوارەمی هەڵبەستی منداڵان و دوایین کتێبیش بە ناوی "ناودارێن وەڵاتێ من" ئەو کتێبانەم هەموویان بە زمانی کوردی بڵاودەبنەوە.
بە بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبانەم بەرهەمەکانم دەبنە 34 کتیب کە بەشی زۆریان بە زمانی کوردین و بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی دیکە. هیوام بۆ کوردستانی باشتر و زۆر گەورەن، من باشوور وەک دەوڵەتێکی کوردی دەبینم، بەڵام بەداخەوە لە باکووری کوردستان زمانی کوردی بە قۆناخێکی خراپدا دەڕوات، لە رۆژئاوای کوردستانیش ئێستا زمانی کوردی باشترە و بەرەوپێشچوون هەیە. هیوادارم ساڵانی داهاتوو ساڵی باشبن بۆ کوردان.
ئەڤین بەرازی، سینەماکار و دەرهێنەر
ساڵی 2022 بۆ من ساڵێکی سەرکەوتووبوو، یەکێک لەو سەرکەوتنانە بەشداریم لە چەند فێستیڤاڵێکی سینەمایی کرد، بوومە بەرپرسی میدیای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی، هەروەها دکتۆرای شانازیم لە ئەکادیمیای سەلام لە ئەڵمانیا وەرگرت. هەروەها بەڵگە فیلمێکم ئامادەکردووە و سیناریۆکەی ئامادەیە. لە ساڵی 2023 دەست بە بەرهەمهێنانی دەکرێت کە ناوەڕۆکەکەی باسی چاندنی بۆمب دەکات لە شارێکی کوردستان و ئەو مەینەتیانەی بەهۆی ئەو بۆمبانەوە رووبەڕووی کورد بوونەتەوە. فیلمەکە بە کوردی دەبێت و ژێرنووسی عەرەبی و ئینگلیزی دەبێت، هەروەها فیلمێکی ئەنیمەیشن بە ناوی "گرینلاین" لە ساڵی 2023 ئامادە دەبێت و بڵاودەبێتەوە، ئەو فیلەمەش لە شام کارەکانی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەکرێت.
هەروەها ساڵی داهاتوو بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیم دەبێت، وەک پیشکێشکار من دەردەکەوم کە بەرنامەکە تایبەتە بە سینەما و فێستیڤاڵە سینەماییەکان. لە بواری سینەمادا کاری زۆرم کردووە، لە سووریا و لە بەیرووت لە فیلم و زنجیرەفیلمەکاندا کارم کردووە، دواتریش لە ئەوروپاش کارم کردووە، یەکێک لە فیلمەکانم بە ناوی "ستارتینگ ئۆڤەر" سێ خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتوون.
ئیدریس عومەر، نووسەر
ساڵی 2022 لەسەر ئاستی کەسی بۆمن باشبوو، لەو ساڵەدا لەسەر پەرتووکی خۆم ( کوردوتیرۆر) ژمارەیەک سەمینارم سازکرد و کاردانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، پێشتریش لە هەولێر کتێبەکەم بڵاوکردبووەوە، لە ساڵی 2022 لە میسڕ چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە و لە پێشانگای بەنغازی لە لیبیا نمیاشکراو لە بەغدا و هەولیریش ساڵی داهاتوو لە پێشانگەکان بڵاودەبێتەوە. بۆ ساڵی 2023 پرۆژەی کتێبێکم هەیە کە تایبەتە بە پرسی کورد و مژار و پلانم داناوە و هیوادارم لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 چاپ و بڵاوبکرێتەوە، پەرتووکەکەم بە زمانی عەرەبی دەبێت، دوو کتێبی دیکەشم هەر بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
من زۆر گەشبینم بە رەوشی کورد و کوردستان، ئەگەرچی ئێستا دۆخەکە باش نییە، ناکۆکی و ململانێی زۆر لەسەر ناوچەکە هەن، رۆژهەڵاتی ناوین ئارامی تێدا نییە و سووریا و عێراق دوو وڵاتی "فاشلن"، بەڵام کورد دەتوانن ببنە هۆکاری ئارامی بۆ ناوچەکە، ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوخۆیی و کێشەی حیزبایەتی تێپەڕێنن و لەسەر پرسە نەتەوەییەکان یەکڕیزبن. هیوامان بە کوردستانی باشوور زۆرە، بە هیواین ساڵی داهاتوو لە بەرژەوەندیی گەلی کوردبێت.
زەینەب ئاتەل، نووسەر و خاوەنی پڕۆژەی پەرتووکی دەنگی لە باکووری کوردستان
ساڵی 2022 بۆ ئێمە ساڵێکی پڕ بەرهەم بوو، ژمارەیەکی زۆری کتێبمان کردنە دەنگ و بڵاومانکردنەوە، هەروەها چەند کتێبێکی دیکەمان لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی کردوونەتە کوردی، ئەو پەرتووکانەی کردوومانەتە دەنگ، رۆمان و چیرۆک و چاند و ئەدەبیاتن. کاری دیجتاڵکردنی کتێبی کوردی و کتێبی دەنگی بۆ ئاییندەی کتێبی کوردی سوودی زۆری دەبێت، ئەمە وایکردووە نووسەران هاوکارمان بن بۆ ئەوەی کتێبەکان بکەینە دەنگی و دواتر بە شێوەی دیجیتاڵ بڵاویان بکەینەوە.
ئێمە لە ساڵی 2022 دەستمان بەو کارەمان کردووە و 9 مانگە دەستمان پێکردووە، لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا 65 بەرهەممان کردوونەتە دەنگ، ئامانجمان هەیە لە ساڵی 2023 بە زاراوەی دیکەش سۆرانی و زازاکی بکەینە دەنگی، هەروەها ئەدەبی منداڵان و ئەو چیرۆکانەی تایبەت بە منداڵان نووسراون.
رەوشی ئابووریی تورکیا و باکووری کوردستان کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی، کە هیوادارم لە ساڵی 2023 ئەو کێشانە نەمێنن و بەرهەمی زیاتر چاپ و بڵاوببنەوە.
شەمس عەنتەر، نووسەر
ساڵی 2022 بۆمن وەک نووسەر لە رۆژئاوای کوردستان ساڵێکی باش نەبوو، چونکە دۆخی ئەمنی و هەڕەشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان وایکردووە پرۆژەکانت وەک خۆی جێبەجێ نەکرێن، ئەو دۆخەی هەیە کاریگەری زۆری لەسەر نووسین و ئەدەبیاتیش هەبووە. بێگومان لەو دۆخەی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە بووەتە بەشێک لە بەرهەمەکانمان، من وەک چیرۆکنووس بەشی زۆری نێوەڕۆکی بەرهەمەکانم ئەو دۆخە کارەساتبارەیە کە هەیە.
تائێستا چوار کتێبم چاپکراون کە هەموویان چیرۆکن، ئێستاش یەکێک لە کتێبەکانم بە ناوی "ل بەندەواریا ناندا" لەژێر چاپدایە و لە ساڵی 2023 بڵاودەکرێتەوە. کتێبێکی نوێشم لەبەردەستە بە ناوی "هەڤۆکێن سەردیواران" هیوادارم بتوانم لە ساڵی داهاتوودا چاپی بکەم.
نازێ عەزیزی، هونەرمەند
بۆ ئێمە وەک هونەرمەند لە ساڵی 2022 بەداخەوە بەهۆی ئەو رووداوانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمەکانمان راگرتوون، ئەمساڵ بەرهەمم زۆربوو پیش رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاربوو سێ بەرهەمم کلیپیان بۆ بکەم، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو رووداوانە کارەکانم وەستاندووە.
من وەک نازێ عەزیزی لە ناخەوە بریندارم، بۆ دۆخی رۆژهەڵات و ئەو کارەساتانەش کە بەسەر باشوور هاتن لە ساڵی رابردوو. من بەرهەمەکانم بە زمانی کوردی، فارسی و فەرەنسی گوتوون، بەردەوامیشم لە کارکردن، بەڵام بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردنەوەی کارەکانم وەستاندووە. بە بۆنەی سەری ساڵ لە هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەک بەشداری ناکەم، هیواداریشم ساڵی داهاتوو ساڵی دڵخۆشی کورد بێت لەهەر کوێیەکی ئەم دونیایە بن.
دانا رەئووف، شانۆکار
ساڵی 2022 بۆمن ساڵێکی پڕ بەرهەم بوو، لەو ساڵەدا دوو شانۆنامەی درێژ و چوار شانۆنامەی کورتم نووسیوە، هەر ئەمساڵ لەگەڵ ناوەندی کەپر خەڵاتی دانا رەئووفمان دروست کرد کە ساڵانە دەدرێتە کەسێک. ئەمە جگە لەوەی چەندین کاری پراکتیکیم بۆ شانۆی منداڵان کردووە، هەروەها چوار کتێبیشم ئەمساڵ بڵاوبوونەتەوە.
بۆ ساڵی 2023 لەگەڵ ناوەندی کەپر خەریکی ئامادەکارین بۆ خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆ، هەروەها سێ کتێبی نوێم بڵاودەبنەوە، جیا لەوەش کاردەکەم بۆ پێشکێشکردنی یەکێک لەو بەرهەمە شانۆییانەی خۆم نووسیومە، هیواخوازم بتوانم لە مانگی ئابی داهاتوودا پێشکێشی بکەم.
عەزیز وەیسی، هونەرمەند
لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2022 کاری باشیان کرد، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کارەکانمان وەستاند، بۆیە 2022 ساڵێکی رەش بوو بۆمن وەک هونەرمەند. سەرەتای ساڵی رابردوو ژمارەیەک بەرهەمی نوێم بڵاوبووەوە، بەڵام رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وایان کرد، کارەکانم رابگرم.
ئەمساڵ هەموو ئاهەنگەکانی ئەوروپا و باشووری کوردستانم راگرتوون، هەمووشیان گرێبەستم لەگەڵیان هەبوو، هەندێک لە کۆمپانیاکان هەڕەشەی ئەوەیان کرد پارەشم لێبسەنن، بەڵام من بەڵێنم پێدان ئەگەر دۆخەکە باشتربوو، من قەرەبووی ئەوەیان بۆ بکەمەوە.
ئێمە هونەرمەندانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانین وەک هونەرمەندانی دەرەوە هەڵوێستی تووندمان هەبێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە من هاوسۆزنیم، بەڵام دۆخەکە جیاوازە، من یەک دوو بەرهەمیشم بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. ئەگەر دۆخەکە باشتربێت، لە ساڵی 2023 چەندین کاری هونەریم هەیە بڵاونەبوونەتەوە، پێنج کلیپم هەن بەهیوام لە ساڵی نوێدا بتوانم بڵاویان بکەمەوە و ساڵی داهاتوو ساڵێکی خۆشبێت بۆ گەلی کورد.
قادر ئەلیاسی، هونەرمەند
ساڵی 2022 ساڵێکی پڕ لە رووداوی باڵکێش بوو لە هەموو جیهاندا، ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، راپەڕینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و هەموو ئێرانی تەنییەوە. رووداوەکان دیاری دەکات ساڵەکە چۆنە بۆ کاری هونەری، هەروەک کەسێک کە لە گیرفانی خۆی کارەکانی دەکات لەسەر توانای ماددی دەوەستێت کە چەند بەرهەمی دەبێت، چونکە تێچووی بەرهەمەکانمان زۆرە و داهاتەکانی هیچ نییە.
لەماوەی ساڵانی 2021 و 2022دا سەرەڕای ئاستەنگەکان نزیکەی 30 گۆرانیم تۆمار و ئامادەکردووە، بەڵام بەهۆی ئەو کوشتوبڕەی رووبەڕووی گەلەکەمان بووەوە، 10 گۆرانیان بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەشێکیانم راگرتووە و بەهۆی دۆخی کوردستانەوە و تەنیا بەرهەمە نیشتمانییەکانم بڵاوکردووەتەوە.
دوو بەرهەمم بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، ئەوانیش یەکەم، بەرهەمی (بۆ شۆڕشی ژینا) ئاواز و هۆنراوەی خۆمە بە تێکەڵەیەک لە فۆلکلۆر، دووەمیش بەرهەمی (بۆ ژینای نیشتمان) هۆنراوەی نەکەرۆز و ئاوازی خۆمە و لەلایەن نزار زێوێی کاری میوزیکی بۆ کراوە.
لە کۆی 30 بەرهەمی هونەری، 10 گۆرانییان بڵاوبوونەوەتەوە و ئەگەر دەرفەت هەبێت هەوڵدەدەم ئەو 20 بەرهەمەکەی [گۆرانی] دیکە بڵاوبکەمەوە. بەداخەوە نەتەوەکەمان خاوەن خاکێکی دابەشکراوە، بەڵام خۆشمان بەهۆی بارودۆخەکانەوە دابەشکراوین، چونکە رووداوەکان کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت. دەبێت پێش ئەوەی بۆ گەلانی دنیا هاوسۆزبین، دەبێت دڵ و هەڵوێستمان لەگەڵ یەک بێت.
تەڵعەت تاهیر، هۆزانڤان
ساڵی 2022 ساڵی خوێندنەوە و نووسین بووە و تێیدا کتێبێکم چاپکرد بە ناوی (ئەو گوڵە گەنمانەی بوونە گسک)، لەسەر ئاستی کەسی وەکو ساڵەکانی دیکە ساڵێکی ئاسایی بوو. بۆ ساڵی 2023 کتێبێکم لەبەردەستدایە، لەگەڵ دەزگای چاپ و پەخشی فام رێککەوتووم بۆ ئەوەی لە مانگی ئادار بڵاوببێتەوە، کتێبەکە زیاتر لە 65 تێکستی شیعری، پەخشانە شیعر و چیرۆک لەخۆدەگرێت.
گرنگە کە هەموو بابەتێک ناونیشان و کۆتایی هەبێت، بۆ ئەوەی خوێنەر لەکوێوە حەزی لێبوو، لەو تێکستەوە بیخوێنێتەوە و خۆی تێدا ببینێتەوە. تاوەکو ئێستا پێنج کتێبم چاپکردوون، دوو کتێبی شیعریم هەن؛ ( لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانی) کە لە کتێبخانەکاندا نەماوە و دەبێت دووبارە چاپی بکەمەوە، ئەوەی دیکەیان ناوی (تۆ ئیمزای منە) و کۆتا کتێبیشم لە 2022 لەچاپدراوە بە ناوی (ئەو گوڵە گەنمانەی بوونە گسک)، لەگەڵ دوو کتێبی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی شاعیری گەورەی عەرەب ئەدۆنیس.
لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، هەمیشە کەسانی دەوڵەمەند، دادوەر و پزیشکان دەکرێنە ئەستێرەی نووسین و داستانەکان، بەڵام لای من گرنگە ئەوانەی لە خوارەوەن و نەناسراون ببنە ئەستێرە، چەن کەسانی دڵپاک و بەوەفابوون. هەر کۆمەڵگەیەک تێچووی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکەکەی هەرزانتر بکەوێت، ئەوا تێچووی چاککردنی ئەستەمتر دەبێت، چونکە ئەم هەڵخەڵەتاندنە پەڕیوەتەوە بۆ سیاسییەکان کە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن؛ زانکۆکان، خوێندکارەکانیان هەڵدەخەڵەتێنن؛ ئەدیبان، خوێنەرەکانیان هەڵدەخەڵەتێنن؛ مامۆستایانی ئایینی، نوێژخوێنان هەڵدەخەڵەتێنن.
تاوەکو ئامرازی هەڵخەڵەتاندن لەدەست ئەدیب و دادوەر و سیاسییەکان نەسەنرێتەوە، دۆخەکە ئاوادەبێت کە ئەمەش بە پەروەردەیەکی دروست دەکرێت، دەبێت هەموومان لە ئاست سووکایەتی بە مرۆڤ، دراوسێ و هاوپیشەکانمان هەڵوێستمان هەبێت.