زاهیر جەلال تووشی جەڵتەی مێشک بوو

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندی ناوداری کورد زاهیر جەلال، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە.
 
هونەرمەند زانای ساز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، هونەرمەند زاهیر جەلال تووشی جەڵتەی مێشک بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، ئێستا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
 
زاهیر جەلال ساڵی 1961 لە سلێمانی لە دایكبووە. تاوەكو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە و ئێستا لە خوێندنگەی پێشكەوتن لە هەوارە بەرزە، نووسەری خوێندنگەیە.
 
جگە لە گۆرانیگوتن، ئەکتەرێکی دیاری کۆمێدیایە و بە نوکتە و قسەخۆشی ناوبانگی دەرکردووە. 
 
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رووداو گوتبووی "هەر لەمنداڵییەوە شەیدای هونەری نواندن بووە، زۆر حەزیشی لە نوكتەیە ئەگەر بتوانی چۆن ترش و خوێی نوكتە بكەیت، ئەوا پێت ناگوترێت قەرەباڵخ، لەوانەیە بگوترێت لێزانە".