سیلین دیۆن لە فیلمێکدا رۆڵدەگێڕێت

رووداو دیجیتاڵ

سیلین دیۆن، گۆرانیبێژی کەنەدی، لە فیلمێکی سینەماییدا رۆڵدەگڕێت کە رۆڵی راستەقینەی خۆیەتی، وەک یەکێک لە دیارترین گۆرانیبێژانی جیهان.
 
سیلین دیۆن رایگەیاند، 'Love Again' فیلمێکی کۆمێدی و رۆمانسییە و رۆڵی راستەقینەی خۆی تێیدا دەگێڕێت و بڕیارە لە 12 ئایاری 2023 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
ئەو هونەرمەندە لە پۆستێکدا لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، نووسیویەتی "لە سینەما دەتانبینم"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە فیلمەکەدا لەگەڵ پریانکا چۆپرا، ئەکتەری هیندی و سام هیون، ئەکتەری سکۆتلەندی رۆڵدەگێرێت.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە فیلمەکەدا چەند گۆرانییەکی نوێ پێشکێش دەکات کە لەلایەن کۆمپانیای سۆنییەوە بەرهەمهاتوون.
 
دیۆن، لە نیسانی ئەمساڵ، گەشتە هونەرییەکەی لە ئەوروپا بۆ 2023 دواخست، هۆکارەکەیشی بۆ کێشەی تەندروستیی خۆی گەڕاندەوە.
 
سیلین دیۆن، لە 30 ئازاری 1968 لە کەنەدا لەدایکبووە، 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون، سەرەتا بە فەرەنسی گۆرانی گوتووە و لە 1982 لە دوای خەڵاتکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی یاماها بۆ گۆرانی میللی و پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن لە 1988 ناوبانگی پەیداکرد. 
 
لە 1990 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Inison' بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی بەدەستهێنا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی زمانی فەرمییان ئینگلیزییە.   
 
لەرێگەی گۆرانی 'My Heart Will Go On' ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و لە فیلمی سینەمایی 'Titanic' بڵاوکرایەوە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە پێنج خەڵاتی گرامی.
 
جگە لە فەرەنسی و ئینگلیزی، بە زمانی ئیسپانی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، ژاپۆنی و چینی گۆرانی گوتووە، لە 2009 داهاتی ئەلبووم و کۆنسێرتەکانی 747 ملیۆن دۆلار بووە.