راپه‌رێکی كوردی رۆژئاوای كوردستان: زمانى كوردى بۆ راپ زۆر گونجاوه
رووداو - هه‌ولێر
خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانه، له گوندی مه‌تینى سنووری عه‌فرین له ساڵی 1977 له‌دایكبووه و له ته‌مه‌نى 17 ساڵی خووی داوه‌ته كارى هونه‌رى.
رێناس نۆیز، راپه‌رى كوردى رۆژئاواى كوردستان سه‌ره‌تا كه ده‌ستی به كارى هونه‌رى كرد گۆرانییه كۆنه‌كانى محه‌ممه‌د شێخۆ و جوان حاجۆى ده‌گوتنه‌وه، دواتر ده‌ستی به نووسینی شیعر كرد، ئیدی به‌وجۆره خۆى گۆرانییه‌كانى خۆى ده‌نووسى و ئاوازی بۆ داده‌نا، به‌ڵام له‌سه‌ر شێوازی كلاسیك گۆرانییه‌كانى ده‌گوتن.
ساڵی 2001 یه‌كه‌م ئه‌لبوومی گۆرانی خۆى به‌ناوی لێ حه‌مۆ بڵاوكرده‌وه، ئه‌و ئه‌لبوومه له هه‌شت گۆرانی پێكهاتبوو، یه‌كێك له تراكی ئه‌لبوومه‌كه‌ى راپ بوو. به‌ڵام چۆن بوو راپى گوت؟ رێناس ده‌ڵێت: "هه‌ستم كرد له نێو كورد راپ نه‌بوو، منیش حه‌زم ده‌كرد راپ به كوردی بڵێم و گه‌شه‌ی پێ بده‌م".
رێناس ترسى هه‌بووه له‌وه‌ی خه‌ڵكى پێشوازی له هونه‌ره‌كه‌ى نه‌كه‌ن، چونكه پێشتر هیچ كه‌س راپی نه‌گوتبوو، به‌ڵام ده‌ڵێت "خۆشبه‌ختانه خه‌ڵك پێشوازییه‌كی باشیان لێ كرد، به‌تایبه‌ت گه‌نجان "ئه‌وه‌ش دڵخۆشی كردم، ئه‌مه بوو به ده‌ستپێكی كاره‌كانم".
به‌وپێیه‌ى له كوردستان راپ هونه‌رێكى نوێیه، بۆیه ده‌گمه‌نن ئه‌و شاعیرانه‌ى تێكست بۆ گۆرانیی راپ ده‌نووسن، به‌ڵام رێناس ئه‌مه به گرفت نازانێ، چونكه ده‌ڵێت زمانى كوردى بۆ راپ گونجاوه.
رێناس ده‌ڵێت "تێكستنووسی راپ له نێو كورد زۆر كه‌مه، به‌ڵام راپ له‌سه‌ر زمانی كوردی زۆر ئاسان جێگیر ده‌بێت و خۆش به‌رگوێ ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین، راپ له‌سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی زۆر ناخۆش و سه‌خت و دژواره، جێگای خۆی ناكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه له زمانی كوردیدا نییه و راپ به ئاسانی تێكه‌ڵی زمانی كوردی ده‌بێت".
ساڵى 2003 دووه‌م ئه‌لبوومى خۆى بڵاوكرده‌وه كه چه‌ند راپێكى تێدابوو، ئه‌و ئه‌لبوومه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت پێشوازییه‌كى باشى لێكراوه، دواتر روویكرده یۆنان و ماوه‌ی 8 ساڵ له‌وێ مایه‌وه، له یۆنانیش ئه‌لبوومێكی راپى بڵاوكرده‌وه "ئیدی زیاتر كاری راپم ده‌كرد و كردمه ستایلی خۆم" رێناس وایگوت.
ئه‌و راپه‌ره كورده له ساڵى 2011 رووده‌كاته فه‌ره‌نسا و ده‌ڵێت له‌وێ سوودى زۆرى بینیوه "چونكه له پاریس گرووپی میوزیكی باش هه‌یه، له پاریس زیاتر ئاشنایه‌تم له‌گه‌ڵ راپ په‌یدا كرد، فه‌ره‌نسا وێستگه‌یه‌كی گرنگی ژیانی هونه‌ریی من بووه، ئێستا له‌م وڵاته به‌رهه‌می جوان له ئه‌لبووم و كلیپ پێشكه‌ش ده‌كه‌م، هیوادارم بتوانم له‌م رێگایه‌وه په‌ره به هونه‌ری كوردیش بده‌م".
راپ له نێو هونه‌ری كوردیدا نوێیه، گه‌لۆ خه‌ڵكی كوردستان چۆن پێشوازی له راپ ده‌كات؟ رێناس ده‌ڵێت: "راسته راپ له نێو كورد كارێكی نوێیه، به‌ڵام خه‌ڵك زۆر به‌باشی پێشوازی لێ ده‌كات و لایان خۆشه، به مه‌رجێك راپهكه له هه‌موو روویه‌كه‌وه به‌باشی به‌رهه‌م هاتبێ".
رێناس نموونه به میوزیكی پۆپ و رۆك و جازیش دێنێته‌وه كه پێشتر له نێو كورد نه‌بووه، به‌ڵام كه هاته نێو هونه‌رى كوردى هێدی هێدی پێشوازی لێكراو چووه نێو خه‌ڵكی، پێیوایه راپیش به‌شێكه له میوزیك و له ئاینده‌دا زۆر به باشى جێگه‌ى خۆى له نێو گوێگرانى گۆرانیدا ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و هونه‌ره زۆرتر له نێو گه‌نجان پێشوازى لێكراوه و گوێگرى له هه‌موو ته‌مه‌نێكدا نییه. رێناس ده‌ڵێت "جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان كولتوور و فه‌رهه‌نگی گه‌لان هه‌یه، ره‌نگه بۆ هه‌ندێ له به‌ته‌مه‌نه‌كانی كوردستان سه‌خت بێت گوێ له راپ بگرن" به‌ڵام ئه‌و پێیوایه له ده‌نگبێژیدا راپ هه‌یه "ئه‌گه‌ر گوێ له شاكرۆ و دهنگبێژهكانى دیكه رابگری، راپ ده‌ڵێن، به‌ڵام به شێواز و تایبه‌تمه‌ندیی كوردی، ئه‌وكاته‌ی به‌بێ میوزیك گوێ له لاوك و ده‌نگبێژه‌كان ده‌گری، ده‌بینی راپ هه‌یه، وه‌كو راپ ده‌ڵێن لۆلۆ حهكیمۆ غهزالۆ مال خرابۆ، چه‌ندین شێوازی دیكه هه‌یه، كه وه‌كو راپه، ئه‌گه‌ر میوزیكی راپی له‌گه‌ڵ دابنێی وه‌كو راپ دێته به‌ر گوێ". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت :"ئه‌م ستایله له‌گه‌ڵ میوزیكی كوردی نامۆ نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ میوزیكی كوردی هه‌یه".