سبەی فیلمێکی 'راجو' لە 1300 سینەمای جیهان پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

سووریاڤانشی، ناوی فلیمێکی نوێی ئەکشەی کومار، ئەکتەری بەنێوبانگی بۆڵیودە کە بڕیارە رۆژی هەینی 5-11-2021 لە سینەماکانی جیهان پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە بڕیاربوو لە 24ی ئاداری رابردوو لە سینەماکانی جیهان پێشانبدرێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێشاندانی بۆ 30ی نیسانی ئەمساڵ دواخرا؛ بەڵام جارێکی دیکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا دواخرا و لە کۆتاییدا بڕیاردرا لە 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کە دەکاتە رۆژی هەینی پێشانبدرێت. 
 
نێوەڕۆکی فیلمەکە باس لە تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵی 1993ی شاری مۆمبای دەکات؛ ئەو کاتە 12 تەقینەوەی یەک لە دوای یەک مۆمبای "دڵی هیندستانی" کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 257 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 400 کەسیش برینداربوون. لە فیلمەکەدا وا پیشاندەدرێت کە ئەگەری "تەقینەوەیەکی تیرۆریستی"ی گەورەتر هەیە و ئەرکی رووبەڕووبوونەوە و شکستهێنان بە هێرشەکەش بە دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سپێردراوە کە ئەکشەی کومار بە رۆڵی ڤیر سووریاڤانشی سەرکردایەتیی تیمەکە داکات.
 
لە فیلمەکەدا وا باسدەکرێت کە لە ساڵی 1993دا یەک تۆن تەقینەوە گەیشتوەتە نێو مۆمبای و تەنیا 400 کیلۆگرامی لە 12 تەقینەوەکەدا بەکارهێندراوە و 600 کیلۆکەی دیکە لە شوێنێک شاردراوەتەوە و "گرووپە تیرۆریستییەکان بەتەمان بۆ تەقینەوەی گەورە بەکاری بهێنن". 
 
هەر بۆیە ڤیر سووریاڤانشی و تیمەکەی هەوڵی دۆزینەوە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و تەقەمەنیەکە دەدەن، چەندین رووداوی ئەکشن دێنە پێشیان کە وەکو زۆربەی فیلمەکانی ئەکشەی کومار بۆ بینەر "چێژی زیاتر" بە فیلمەکە دەبەخشن.
 
ئەم فیلمەی ئەکشەی کومار چاوەڕێدەکرێت ریکۆردی تەماشاکردنی فیلمی بۆڵیوود بشکێنێت و بڕیارە لە هەزار و 300 شاشەی سینەمای 66 وڵاتی جیهان و لەنێویدا عێراقیش پیشانبدرێت.
 
لەم ژمارەیەش ئەمریکای باکوور پشکی شێری بەردەکەوێت کە لە 520 هۆڵی سینەما پیشاندەدرێت. هاوکات لە ئیمارات بڕیارە لە 137 هۆڵی سینەما لە ئوسترالیاش 107 شاشەی سینەمایی پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە، کە هاوشانی ئەکشەی کومار، ئەکتەرە بەناوبانگەکانی هۆڵیوودی وەکو کاتریتا کێف، رانڤیر سینگ و ئاجەی دێڤگن رۆڵی تێدا دەگێڕن بڕیارە لە 158 شوێنی جیاوازی ئەوروپاش پیشانبدرێت. 
 
ئەم فیلمە دوایین بەرهەمی کۆمپانیای کۆپ یونیڤێرسی هیندییە.