مایکڵ دۆگلاس رۆڵی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا دەگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکی لە نوێترین فیلمیدا رۆڵی بێنجمن فرەنکلێن، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا دەگێڕێت کە بەرهەمێکی بایۆگرافییە لەبارەی ئەو کەسایەتییە.
بەم دواییە وێنەیەکی ئەو ئەکتەرە بە قژیکی درێژەوە بڵاوکرایەوە کە لە شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە وێنەگیراوە و بە ستایلێکی تەواو جیاواز دەرکەوتووە.
دۆگلاس، شێوە و ستایلی بە جۆرێک گونجاندووە کە بتوانێت ئەو رۆڵە بە سەرکەوتوویی بگێڕێت، چونکە فرەنکلێن لەلایەن ئەمریکییەکان کەسایەتییەکی خۆشەویستە.
لەلایەکی دیکەوە مایکڵ دۆگلاس، بەم دواییە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ کاسرین زیتا جۆنز، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردەوە و یادی 22 ساڵەی ژیانی هاوژینییانی کردەوە و نووسیبووی "زۆرم خۆشدەوێی، ساڵیادێکی خۆشە بۆ ئێمە کاسرین".
مایکڵ دۆگلاس، لە 25ـی ئەیلوولی 1944 لە ئەمریکا لە دایکبووە و بە رەچەڵەک رووسییە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، خەڵاتی یەکەمی لە 1987 لە رێگەی فیلمی 'Wall Street' بەدەستهێنا، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بۆ هەمان رۆڵ وەرگرتووە و براوەی چوار خەڵاتی دیکەی گۆڵدن گڵۆبە.
'Black Rain'، 'The War of the Roses'، 'Solitary Man' و 'Traffic and Wonder Boys' لە فیلمەکانی ئەو ئەکتەرەن، هەروەها لە زنجیرەی ' The Kominsky Method' رۆڵی گێڕاوە کە لە 2018 لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.