بەشی چوارەمی 'The Conjuring' بەرهەمدێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمی ترسناکی 'The Conjuring' سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەشی چوارەمن و پێشبینی دەکرێت دوایین بەشی چیرۆکەکە بێت.
 
جێمس وان لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی ئەم بەرهەمە رایگەیاند، ئەوان کە کارێک ئەنجام دەدەن، دەبێت دڵنیا ببنەوە کە بە شێوەیەکی دروست ئەنجامیان داوە و ئەگەری هەیە کۆتایی پێبێنین. 
 
کاتێک پرسیاری ئەوەشی لێکرا کە بەشی چوارەم دوایین بەش دەبێت، گوتی "هەرگیز نازانین، هەرگیز نازانن، دەیبینینەوە". ئەم لێدوانە وایکردووە پێشبینی ئەوە بکرێت، بەشی چوارەم دوا بەشی زنجیرە فیلمەکە بێت.
 
بەشی سێیەم ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی جێمس وان بەناوی 'The Conjuring: The Devil Made Me Do It' پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و بە کۆکردنەوەی 319 ملیۆن دۆلار، لە ریزبەندی یەکەمی لیستی هەفتانەی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا هات.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە لە 2012 کاری لەسەر کرا و سەرەتا ناوی 'The Warren Files' بوو و دواتر بۆ 'The Conjuring' گۆڕا و بودجەی بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن دۆلارە.